خۆپێشاندەرانی نەجەف وادەیەك بۆ حكوومەت دیاری دەكەن

:: PM:05:15:28/01/2020 ‌

خۆپێشاندانەكانی عێراق لە بەغدا و زۆرینەی گۆڕەپانەكانی ناڕەزایەتی لە شارەكانی شیعەنشین بەردەوامە، لەبەرانبەردا هێزە سیاسییەكان لەهەوڵی بەردەوامدان بۆ كۆتاهێنان بەو بزاوە ناڕەزایەتییە و دەستی دەستی بە جێبەجێكردنی داواكارییەكانیان دەكەن، دوای كۆتاهاتنی وادەی ناسڕییە لە هەفتەی رابردوو، خۆپێشاندەرانی نەجەف وادەیەكی نوێیان راگەیاند.
دوای ناسڕییە نەجەفیش هەڕەشەی پەرەسەندن دەكات
ئەمڕۆ سێشەم لە بەیاننامەیەكی چالاكانی خۆپێشاندانەكانی نەجەفدا هاتووە، لە حاڵەتی بەردەوامبوونی خۆدزینەوە و دەستی دەستیكردن لەلایەن حكوومەت بۆ داواكارییەكانیان، ئەوان هەنگاوەكانی دەربڕینی ناڕەزایەتیان فرەوانتر دەكەن.

وەك لە بەیاننامەكەدا هاتووە ئەوان ئێستە دوو داوای سەرەكیان هەیە، دیاریكردنی سەرۆك وەزیرانێكی بێ مشتومڕ و یەكلاكردنەوەی یاسای نوێی هەڵبژاردن و پەسندكردنی لە پەرلەمان و دیاریكردنی وادەی هەڵبژاردنی پێشوەختە كە نابێت لە ماوەی شەشە مانگ تێپەڕ بكات. 

بۆیە ئەوان دووپاتیان كردەوە كە ئەو وادەیە لە سێشەمی داهاتوو دەست پێ دەكات و لە شەموو كۆتایی دێت، ئەگینا دەست بە هەنگاوەكانیان بۆ پەرەسەندنی دۆخەكە دەكەن كە بریتی دەبێت لە داخستنی رێگەكانی دەرەكیی ئەو پارێزگایە و هەموو فەرمانگەكانی حكوومەتی جگە لە خزمەتگوزاری و تەناهییەكان.

لەلایەكی تر لە شاری كوت بەهۆی رووبەڕووبوونەوەی نێوان خۆپێشاندەران و هێزە تەناهییەكانەوە، 25 كەس لە هەردوولا بریندار بوونە و گەیشتوونەتە بەشی فریاگوزاریی نەخۆشخانەی زەهرا لەو شارەدا كە دۆخی سێیانیان مەترسیدارە و بەپێی هەواڵەكان یەكێكیان گیانی لەدەست داوە. 




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل