هێزە سیاسییەكانی شیعە: بەرهەم ساڵح راسپاردنی كاندیدی سەرۆك وەزیرانی دواخستووە

:: PM:06:04:28/01/2020 ‌

هێزە سیاسییەكانی شیعە دەیانەوێ پرسی كاندیدی سەرۆك وەزیران و راسپاردنی كۆتایی پێ بێنن و ئەوان ئاماژە دەكەن كە لەنێوان خۆیاندا لەسەر كاندیدێك رێككەوتوون، بەڵام لەبەر هۆكاری نادیار بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆمار پرسەكە دوا دەخات.
پێنجشەمی داهاتوو كاندیدی سەرۆك وەزیران دێتە راسپاردن
بەدر زیادی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی "سائیروون"، سەر بە موقتەدا سەدر دەڵێت، سازانی سیاسی لەسەر كەسایەتییەكی دیاریكراو بۆ كاندیدكردنی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران هەیە، بەڵام سەرۆك كۆماری عێراقە بەهۆكاری نادیارە راگەیاندنی راسپاردنی دوا دەخات، لەوكاتەی وای دەبینین كە ئەو كەسایەتییەكی قبووڵكراوە لەلایەن شەقام و دۆخەكە بەرەو چارەسەری دەبات. 

زیاتر گوتی، دەبوایە ئەو پرسە شەوی رابردوو یەكلا بكرایەتەوە، بەڵام لەلایەن سەرۆك كۆمارەوە دوا خرا و هیوادارین لە ماوەیەكی كورتدا یەكلای بكاتەوە.

لای خۆیەوە محەمەد ساڵح عێراقی كەسایەتی نزیك لە سەدڕ لە لاپەڕی خۆی لە فەیسبووك وێنەی لافیتەیەكی بڵاو كردووەتەوە كە لە گۆڕەپانی تەحریردا هەڵدراوە و سێ داواكاری لەخۆ دەگرێت و ئەوانیش بریتین لە یەكلاكردنەوەی یاسای نوێی هەڵبژاردن و كاندیدكردنی كەسایەتییەكی بێ مشتومڕ و دیاریكردنی وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختە. 

محەمەد كەریم پەرلەمانتاری هاوپەیمانی "فەتح"، روونی كردەوە، سەرۆك كۆمار بە دواخستنی ئەو پرسە هێزە سیاسییەكانی خستووەتە ناو كێشەی نوێ پێوەست بە چۆنیەتی جێبەجێكردنی دەستوور و مەترسی هەیە كەسایەتییەكی نوێ پێشكەیشی بكرێت و ئەویش رەتی بكاتەوە.

لەوكاتەی شێروان دووبەردانی پەرلەمانتاری كورد لە بەغدا لەبارەی وادەی راسپاردنی كاندیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق گوتی، بەپێی زانیارییەكان بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق پێنجشەمی داهاتوو كەسایەتییەكی نوێ بۆ پۆستەكە رادەسپێرێت.




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل