كۆڕۆنا نرخی نەوت زیاتر دادەبەزێنێ‌

:: PM:06:27:28/01/2020 ‌
ڤایرۆسی كۆڕۆنا كاریگەری لەسەر گەشەی ئابووری چین كردووە، ئەمەش بە ناڕاستەوخۆ كاریگەری لەسەر نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهانی كردووە كە سەرچاوەیەكی سەرەكی پیشەسازییە. بانكی باركلیز دەڵێ، نرخی هەر بەمیلێكی نەوت بەهۆی ڤایرۆسی كۆڕۆنا دوو دلار دابەزیوە.

ئەمڕۆ سێشەم 28ی كانوونی دووەم، بانكی باركلیز رای گەیاند، بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆڕۆنا لە چین كاریگەری لەسەر سێكتەری ئابووری ئەو وڵاتە دروست كردووە، بەمەیش نرخی هەر بەمیلێك نەوت دوو دۆلار دابەزیوە. 

تا ئێستە بەهۆی ڤایرۆسی كۆڕۆنا زیاتر لە 160 كەس لە چین گیانیان لە دەست داوە و نزیكەی پێنج هەزار تووشبووش هەیە.

بانكی باركلیز كە بانكێكی راوێژكارییە لە بازاڕی نەوت، پێشبینی دەكات هێشتا نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهانی داببەزێت، لە تێكڕای ئەمساڵ دوو دۆلار لە نرخی هەر بەرمیلێك دابەزێت و نرخەكەشی لە نێوان 62 دۆلار بۆ 57 دۆلار بێت. 

ئەمڕۆ سێشەم، نرخی هەر بەرمیلێك نەوت لە بۆرسەی برێنت بە 59 دۆلار بووە، هاوكات لە بۆرسەی تكساكس نرخەكەی 53 دۆلار بووە بۆ هەر بەرمیلێك نەوت. 

بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا گەشەی ئابووری چین پاشەكشەی كردووە و كاریگەری لەسەر نرخی نەوت داناوە


جێی باسە بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا، زۆرێك لە كارگە پیشەسازییە بەرهەمهێنەكانی چین، ئاستی بەرهەمهێنانیان دابەزیوە، بەمەش ئەو وڵاتە لە بازاڕەكانی جیهانی خواستی لەسەر كڕینی نەوت كەم كردووەتەوە كە پێشتر رۆژانە زیاتر لە 11 ملیۆن بەرمیل نەوت، چین كڕیاری بوو.



وشە - فه‌رمان سادق