سوپای سووریا باشووری ئیدلیبی گرت و توركیاش هەڕەشە دەكات

:: PM:06:33:28/01/2020 ‌
تا دێت سوپای سووریا نزیك دەبێتەوە لە كۆنتڕۆڵكردنی دوا مۆڵگە هێزی ئۆپۆزسیۆنی چەكداری وڵاتەكەی كە توركیا پشتگیرییان دەكات. مەعرە نەعمان شارۆكەیەكی باشووری ئیدلبە و كەوتە دەست سووریا و توركیاش هەڕەشە دەكات.

ئەمڕۆ سێشەم 28ی كانوونی دووەم، روانگەی سووری بۆ مافەكانی مرۆڤ رای گەیاند، سوپای سووریا گەیشتە ناو شارۆكەی مەعرەی نەعمان لە باشووری پارێزگای ئیدلب كە پێشتر لەژێر دەستی چەكدارانی ئۆپۆزسیۆن بوو.

رۆژنامەی /وەتەن/ـی سەر بە حكوومەتی سووریا لەسەر كەناڵی تەلیگرامی خۆی ئاماژەی بەوەدا كە سوپای سووریا چوونەتە ناو شارۆكەكە، هاوكات روانگەی سووری بۆ مافەكانی مرۆڤیش دەڵێ، شەڕ و پێكدادان لەنێوان چەكدارانی ئۆپۆزسیۆن و هێزەكانی سووریا روویانداوە، بەڵام هێزەكانی سەر بە رژێمی ئەسەد بەهۆی پشتگیری ئاسمانی فڕۆكە جەنگیەكانەوە توانیویانە بچنە ناو شارۆكەكە. 

شارۆكەی مەعرەی نەعمان بە لانكەی بەهاری عەرەبی لە سووریا ناسراوە كاتێك ساڵی 2011 دژ بە دەسەڵاتی رژێمی بەشار ئەسەد خەڵكی سووریا شۆڕشیان بەرپا كرد.

سوپای رژێمی ئەسەد دەچێتە ئیدلب و توركیا هەڕەشەی توند دەكات


ئێستە پارێزگای ئیدلب لە سووریا، وەك دوا مۆڵگەی گروپە چەكدارەكانی ئۆپۆزسیۆنی سووری ناسراوە و زۆرینەی هێزی چەكداری گروپە چەكدارەكان لەوێن، رێككەوتنی ئاگربەستیش لەنێوان توركیا و رووسیا هەیە بۆ راگرتنی شەڕ لەنێوان ئەو گروپە چەكدارانە و سوپای سووریا.

لەسەر گرتنی شارۆكەی مەعرەی نەعمان، وەزیری بەرگری توركیا هەڕەشەی وەڵامدانەوەیەكی توند لە حكوومەتی سووریا دەكات. خەڵووسی ئاكار وەزیری بەرگری توركیا رای گەیاند، بە بەهێزترین هۆكار و بێ سڵەمینەوە وەڵامی هەر هێرشێك دەدەینەوە بكرێتە سەر ناوچەكانی چاودێری لە ئیدلب. 



وشە - فه‌رمان سادق