شارەزایەك: دۆخی عێراق بەهەنگاو بەرەو راسپاردەیی بەندی حەوتەم دەچێت

:: PM:07:20:28/01/2020 ‌

دوای پاشەكشەی لایەنگرانی سەدر لە خۆپێشاندانەكانی عێراق، هێرشی هێزە تەناهییەكان بۆ سەر گۆڕەپانەكانی خۆپێشاندان زیاتر بووە و ژمارەی قوربانیان تادێت زیاتر دەبێت، هاوكات دیمەنەكانی توندوتیژی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاو دەبنەوە، شارەزایەكی عێراقی ئاماژە دەكات دۆخەكە بەهەنگاو بەرەوەی چوونە ژێر راسپاردەیی بەندی حەوتەم دەچێت.
میلیشیاكان بێ گوێدانە پێوەندییەكانی عێراق خۆپێشاندەران دەكەنە ئامانج
ئەمڕۆ لە پارێزگای واست و گۆڕەپانی وەسبە لە بەغدا رووبەڕووبوونەوە لەنێوان خۆپێشاندەران و هێزە تەناهییەكان رووی دا و بریندار هەیە، هاوكات بەم دواییە چەندان دیمەنی بەكارهێنانی لەڕادەبەدەری هێز لەدژی خۆپێشاندەران لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاو كرایەوە و یاڵوێزخانەی چەندان وڵات داوایان لە حكوومەتی عێراق كرد توندوتیژی لەدژی خۆپێشاندەران كەم بكاتەوە. 

لای خۆیەوە عەلی تمیمی، شارەزای یاسایی عێراق ئاماژەی كرد، بەرزكردنەوەی ئاڵای نەتەوە یەكگرتووەكان لەسەر چێشتخانەی توركی لە بەغدا لەلایەن خۆپێشاندەرانەوە، هانی رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان دەدات بۆ وەرگرتن و كۆكردنەوەی بەڵگە و تۆمار و ڤیدیۆ و وێنەكانی دووپات لە كوشتن و ئازاردانی خۆپێشاندەران دەكەنەوە كە بە تاوان لەدژی مرۆڤایەتی و كۆمەڵكوژی دەناسرێت بۆ ئەوەی بیدەن بە نەتەوە یەكگرتووەكان.

زیاتر گوتی، ئەوانە وا دەكەن ئەنجوومەنی ئاسایش بەهەنگاو بڕیارەكانی دەربكات سەبارەت بە دۆخی عێراقەوە، لەوانە سەرەتا ئاگەداركردنەوە و وریاكردنەوە و رەوانەكردنی لیژنەكان و چوون بۆ ژێر راسپاردەكانی بەندی حەوتەم و نێودەوڵەتی. 

تمیمی روونی كردەوە كە ئەو رەفتارەی خۆپێشاندەران ئاشتیانەیە و بانگەشەیەكە بۆ دەستوەردانی نێودەوڵەتی لە دۆخی عێراق لەدژی ئەو پێشێلكارییانەی خۆپێشاندانەكان دەكەنە ئامانج، بۆیە لەگەڵ بڕیار و رێككەوتنەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان بانگەشەكانی رێكخراوی مافی مرۆڤ و لێبوردنی نێودەوڵەتی دەگونجێت. 

لای خۆیەوە محەمەد نووری، پەرلەمانتاری عێراق رای گەیاند كە بەهۆی دەستگیر نەكردنی تاوانباران بەو پێشێلكارییەی لەدژی خۆپێشاندەران دەكرێت كە هێزە سیاسییەكان بۆیان دادەپۆشن، هەڵوێستی حكوومەتی عێراق لاوازە و تا ئێستە لێكۆڵینەوەی رژدی لە كوشتن و رفاندنی خۆپێشاندەران نەكردووە، هاوكات ئەو لایەنانە لە پێشێلكارییەكانیان بەردەوامن.

زیاتر گوتی، بەیاننامەكەی 16 باڵوێزخانە و نێردەی دیپلۆماسی كە داوای لێكۆڵینەوە لەو توندوتیژییە لەدژی خۆپێشاندەرانی عێراق دەكەن، سەرەتایەكە بۆ هەنگاوی پەرەسەندوو كە رەنگە دۆخەكە بە سزا و دابڕینی سیاسی و تەناهی بگەیەنن، بۆیە میلیشیاكان بێ گوێدانە پێوەندییەكانی عێراق بە دنیا خۆپێشاندەران دەكەنە ئامانج كە دەیانەوێ كۆنترۆڵی گۆڕەپانی تەناهی و ئابووری عێراق بكە، بەڵام پێوەندییەكانی عێراق بەدەرەوە لاواز دەكەن.  




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل