راوێژكارێكی ترەمپ: تاوتوێی وەڵامدانەوەی هێرشی سەر باڵوێزخانە دەكەین

:: PM:08:14:28/01/2020 ‌
هێرشی مووشەكی بۆ سەر باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە ناوچەی سەوز، خەریكە دەبێتە دیاردەیەكی هەفتانە و لە دوا هێرشدا كارمەندێكی باڵوێزخانە بریندار بوو. راوێژكارێكی دۆناڵد ترەمپ دەڵێ، هەموو بژاردەیەك بۆ وەڵام دانەوە كراوەیە.

ئەمڕۆ سێشەم 28ی كانوونی دووەم، گابریال سوما ئەندامی ئەنجوومەنی راوێژكاری دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا رای گەیاند، هەموو بژاردەكان لەبەردەم ترەمپ هەن بۆ وەڵامدانەوەی ئێران و میلیشیاكانی لە عێراق تا دەگات بە وەڵامدانەوەی سەربازی یان گەمارۆی ئابووری لەسەر عێراق و ئێران. 


زیاتر روونی كردەوە، پێشتریش دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا دووپاتی لەوە كردووەتەوە كە هەر هێرشێكی ئێران یان میلیشیاكانی لە عێراق بۆ سەر بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا بێ وەڵامدانەوە تێپەڕ نابێت، بۆیە رەنگە ئەمشەو ئەو وەڵامدانەوەیە زیاتر روون ببێتەوە.

ئەمەریكا تاوتوێی وەڵامدانەوەی هێرشەكانی سەر باڵوێزخانەكەی لە عێراق دەكات و دەڵێ كات گرنگ نییە


گابرێل ئەوەی ئاشكرا كرد كە ئیدارەی كۆشكی سپی تاوتوێی وەڵام دانەوە دەكەن و پاشان ئەو بژاردەیەی دەستنیشان دەكرێت و بڕیاری كۆتایی لەسەر دەدرێت، جێبەجێ دەكرێت، گوتی "بۆیە پێویست ناكات وەڵامەكە خێرا بێت، بەڵام واشنتن وەڵامی دەبێت و كاتیش زۆر گرنگ نییە". 


قسەكانی گابرێل ئەندامی تیمی راوێژكاری سەرۆكی ئەمەریكا لە كاتێكدایە یەكشەمی رابردوو 26ـی ئەم مانگە لە دوا هێرشی مووشەكی بۆ سەر ناوچەی سەوز، پێنج مووشەك ئاراستە كران، یەكێكیان باڵەخانەی باڵوێزخانەی ئەمەریكای پێكا و بەهۆیەوە لە چێشتخانەی باڵوێزخانەكە كارمەندێك بریندار بوو.

 هێرشەكەی یەكشەمی رابردوو بەپێی راپۆرتێكی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا، 14ـەمین هێرش بووە بۆ سەر بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا لە عێراق، ئەمەش لە كاتێكدایە دوای بڕیارەكەی پەرلەمانی عێراق بە دەركردنی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق، رۆژ دوای رۆژ هێزە سیاسییە شیعەكان گوشاری زیاتر دروست دەكەن بۆ دەركردنی سوپای ئەمەریكا لە عێراق.



وشە - فه‌رمان سادق