لەگەڵ ئەوەی دوای بڕیارەكەی پەرلەمانی عێراق، هەوڵەكان چڕ كراونەتەوە بۆ كردنەدەرەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق، شارەزایانی ئیسڕائیلی دەڵێن، چوونەدەرەوەی ئەمەریكا لە عێراق رێگە بۆ رووسیا چۆڵ دەكات بە هێزێكی زۆرەوە بگەڕێتەوە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەمەش هۆكارە لەوەی ئەمەریكا پلان بۆ دامەزراندنی سێ سەربازگە لەسەر سنووری ئێران دابڕێژێت.
ئەمڕۆ سێشەم 28ی كانوونی دووەم، شارەزایانی سەربازی ئیسڕائیلی بە گۆڤاری بێركینگ دیفینس /
Breaking Defense/ـی ئەمەریكیان راگەیاندووە، بە پێچەوانەی لێدوانەكانی دۆناڵد ترەمپ، سوپای ئەمەریكا لە عێراق ناكشێتەوە و بە پێچەوانەوە كار بۆ دامەزراندنی سێ بنكەی سەربازی نوێی نیمچە هەمیشەیی دەكات كە زۆر نزیكن لە سنووری ئێران.
شارەزایەكی ئیسڕائیلی: ئەمەریكا بنكە سەربازییەكانی دەهێنێتە كوردستان
شارەزایانی ئیسڕائیلی باس لەوە دەكەن پاش بڕیارەكەی ترەمپ، ئیدارەی كۆشكی سپی بۆ دەركەوت كە جێبەجێكردنی بڕیاری كشانەوەی سوپای ئەمەریكا لە عێراق وایكردووە بڕیار بە دەستانی سیاسی و سوپایەكی گەورە لە ناوچەكە لە جولەدان، دەركەوتووە كە رووسیا زۆر بە خێرایی لە ناوچەكەدا دەستی بە جموجۆڵ كردووە.
دوای كوژرانی قاسم سلێمانی فەرماندەی سوپای پاسداران، حكوومەتی عێراق نیگەرانی بەرانبەر بە هێرشەكەی ئەمەریكا راگەیاند بەوەی یاسای نێودەوڵەتی پێشێل كردووە و لە پەرلەمانیش بڕیاری دەركردنی هێزەكانی ئەمەریكایان لە عێراق پەسند كرد. لەو كاتەوە تا ئێستە هێزەكانی ئەمەریكا نەكشاونەتەوە، بە پێچەوانەوە ئەمەریكا كار لەسەر زیاتر كردنی هێزەكانی دەكات بە دروستكردنی سەربازگەیەك لە نزیك پارێزگای سلێمانی لە هەرێمی كوردستان، هەروەها بنكەیەكی تری سەربازی گەورە لە هەڵەبجە كە تەنیا 14 كیلۆمەتر لە ئێران دوورە، جگە لەمەش بنكەیەكی تری سەربازی لە هەولێر دروست دەكات.
پڕۆفیسۆر عوزی رابی بەڕێوەبەری ناوەندی موشیە دیان بۆ توێژینەوە لەسەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقیا دەڵێ، ئەمەریكا بۆی دەركەوتووە كشانەوە لە عێراق زیانێكی زۆر بە بڕیارەكانی سەپاندنی سزا بەسەر ئێران دەگات، ئەمەش وایكردووە بیر لە دروستكردنی بنكەی سەربازی لە هەرێمی كردستان بكەنەوە.