دوای ئەوەی میدیاكانی عێراق بڵاویان كردەوە كە هێزە سیاسییەكانی عێراق رێككەوتنیان لەسەر كاندیدێكی دیاریكراو بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران كردووە و پێشكەیشی بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆمار كراوە و ماوەتەوە ئەو رایبسپێرێت، سەرچاوەیەكی نزیك لە سەرۆكایەتی كۆمار ئەو هەواڵەی رەت كردەوە.
رێككەوتن لەسەر عەلی شوكری نەكراوە
سەرچاوەكە لەو بارەوە گوتی، ئەو هەواڵانەی باس لە سازان و رێككەوتنی هێزە سیاسیەكان و سەرۆكایەتی كۆمار دەكەن دوورە لە راستییەوە، هاوكات دووپاتی كردەوە كە ئەو زانیاریانەیش راست نین كە باسی كاندیدكردنی عەلی شوكری دەكەن لە شوێنی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی دەستلەكاركێشاوە.
ئەمڕۆ سێشەم بەدر زیادی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی "سائیروون"، سەر بە موقتەدا سەدر گوتی، سازانی سیاسی لەسەر كەسایەتییەكی دیاریكراو بۆ كاندیدكردنی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران هەیە، بەڵام سەرۆك كۆماری عێراقە بەهۆكاری نادیارە راگەیاندنی راسپاردنی دوا دەخات، لەوكاتەی وای دەبینین كە ئەو كەسایەتییەكی قبووڵكراوە لەلایەن شەقام و دۆخەكە بەرەو چارەسەری دەبات و دەبوایە ئەو پرسە شەوی رابردوو یەكلا بكرایەتەوە، بەڵام لەلایەن سەرۆك كۆمارەوە دوا خرا.
لای خۆیەوە محەمەد كەریم پەرلەمانتاری هاوپەیمانی "فەتح"، روونی كردەوە، سەرۆك كۆمار بە دواخستنی ئەو پرسە هێزە سیاسییەكانی خستووەتە ناو كێشەی نوێ پێوەست بە چۆنیەتی جێبەجێكردنی دەستوور و مەترسی هەیە كەسایەتییەكی نوێ پێشكەیشی بكرێت و ئەویش رەتی بكاتەوە.
لەوكاتەی شێروان دووبەردانی پەرلەمانتاری كورد لە بەغدا لەبارەی وادەی راسپاردنی كاندیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق گوتی، بەپێی زانیارییەكان بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق پێنجشەمی داهاتوو كەسایەتییەكی نوێ بۆ پۆستەكە رادەسپێرێت.