لە سلێمانی هێزێك هەڵدەكوتێتە سەر مەكتەبی سیاسی سۆسیالیست

:: PM:10:54:28/01/2020 ‌

ئەندامێكی سەركردایەتی حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان ڕای گەیاند كە لیژنەیەكی ئاگەداركردنەوەی بەناوی دادگاوە، چوونەتە سەر مەكتەبی سیاسیان لە شاری سلێمانی و داوایان كردووە بارەگاكە چۆڵ بكەن.
چەندینجار هەڵیانكوتاتەوە سەر بارەگاكە و داوای چۆڵكردنیان كردووە
بەپێی زانیارییەكانی "وشە"، ئەمڕۆ سێشەم هێزێك هەڵی كوتاوەتە سەر بارەگای مەكتەبی سیاسی حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان و داوای كردووە شوێنەكە چۆڵ بكەن، ئەندامێكی سەركردایەتی ئەو حزبەش پشتڕاستی زانیارییەكانی دەكاتەوە.

بارەگای مەكتەبی سیاسی حزبی سۆسیالیست دەكەوێتە گەڕەكی چوارچرای شاری سلێمانی و پێشتریش چەندینجار هێز هەڵیكوتاوەتە سەر ماڵی سكرتێری گشتیی ئەو حزبە لە گەڕەكی ڕزگاری و داوایان كردووە شوێنەكە چۆڵ بكەن، وەك ئەندامێكی سەركردایەتی حزبەكە دووپاتی دەكاتەوە كە بابەتەكە زیاتر سیاسییە وەك لەوەی یاسایی بێت.

ئەمڕۆ سێشەم، 28ی كانوونی دووەم، رەسووڵ رەئووف، ئەندامی سەركردایەتی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، لیژنەیەكی ئاگەداركردنەوەی بەناو دادگا، چوونەتە مەكتەبی سیاسی حزبمان لە شاری سلێمانی و داوایان كردووە بارەگاكە چۆڵ بكەین، گوایە ئەو بارەگایەی ئێمە حكومییە، بەڵام لە ڕاستیدا لیژنەكە زیاتر حزبی بووە نەك حكوومی.

زیاتر گوتی، لیژنەكە پۆلیسیان لەگەڵدا بووە و بە چەكەوە رۆیشتوون، لە كاتێكدا لە سلێمانی چەندین بارەگای تری حزبی، بە تایبەت یەكێتی و گۆڕان حكوومین، بەڵام تەنیا سۆسیالیست كراوە بە ئامانج و بێدەنگیی بەرانبەر ئەو دوو حزبە كراوە، روونی كردەوە، پێمان وایە ئەو كارەی بەرانبەر بە ئێمە كراوە، زیاتر كارێكی سیاسییە نەك یاسایی، پێشتریش چەندینجار بەو شێوەیە هەڵیان كوتاتەوە سەر بارەگاكەمان و داوای چۆڵكردنیان كردووە.

"ئەو كارەی دژی ئێمە بێزاركردنە لە شارەكە، چەندین بینای ئێمە تاپۆیە و دوو بینامان حكوومییە، فەرموون یەكێتی كە چەندین بینای حكوومی داگیر كردووە، ئەوان دەستپێشخەری بكەن ئێمە هیچ لاریمان نییە و ئێمەش دەیدەینەوە"، رەئووف وای گوت.

"وشە"، چەندینجار پێوەندی بە نەقیب سەركەوت ئەحمەد، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پێوەندییەكانی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی كرد لەسەر ئەو بابەتە و روونكردنەوەی رووداوەكە، بەڵام وەڵامی پێوەندییەكانی نەدایەوە.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل