داعش هێرشی كردە سەر مەخموور

:: AM:09:09:29/01/2020 ‌
ئێوارەی دوێنێ‌ و شەوی ڕابردوو لە چوار هێرشی جیاوازدا، چەكدارانی داعش هێرشیان كردە سەر كەمپی پەنابەرانی جودی كە تایبەتە بە كەسوكاری چەكدارانی پەكەكە.

ئەمڕۆ چوارشەم 29ـی كانوونی دووەم، سەرچاوەیەكی تایبەت لە مەخموور بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ئێوارەی دوێنێ‌ و شەوی ڕابردوو چوار پەلاماری چەكدارانی داعش بۆ سەر گوندەكانی مەخموور و كەمپی شەهید ڕۆستەم جودی هەبوو.

داعش لە دوو گوندی نزیك مەخموور ئۆتۆمبێل و خۆراكی گوندەكەیان تاڵان كردووە 
ئەو سەرچاوەیە ڕوونی كردەوە، چەكدارانی داعش لە دوو گوندی نزیك مەخموور ئۆتۆمبێل و خۆراكی گوندەكەیان تاڵان كردووە، هاوكات ویستیان هێرش بكەنە سەر كەمپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی- مەخموور، بەڵام لەلایەن هێزەكانی پاراستنی كەمپەكەوە هەستیان پێ كرا و ئەوانیش كشاونەتەوە.

ئەو سەرچاوەیە كە نەیویست ناوی بهێنرێت گوتی، هێرشی چەكدارانی داعش لە باشووری كەمپی مەخموور بوو كە هەوڵیان دا خۆیان بگەیەننە ناو كەمپەكە، بەڵام لەلایەن هاووڵاتییانی كەمپەكەوە هەستیان پێ كرا و ڕووبەڕوویان بوونەتەوە، بۆیە ناچار بوون پاشەكشە بكەن.

ئاشكرای كرد، سەعات دووی شەوی ڕابردوو جارێكی تر ئەو چەكدارانە هەوڵیان دا هێرش بكەنەوە سەر كەمپەكە، بەڵام بەهۆی بوونی چەند فڕۆكەیەك لە ئاسمان، كشانەوە.

كەمپی شەهید ڕۆستەم- جودی بۆ ئاوارەكانی باكوری كوردستان لە شارۆكەی مەخموور لە ساڵی 1994 دامەزراوە و خۆیان ئیدارەی خۆیان دەكەن.



وشە - رامیار جەواد