ره‌وشا جوقی میرزا /٣٠ ساڵ/ خه‌ڵكی شارۆكه‌ی باعه‌درێ سه‌ربه پارێزگای دهۆك، سه‌نته‌رێكی وه‌رزشیی بۆ پیاو و ژنان ده‌كاته‌وه و خۆی به‌ڕێوه‌ی ده‌بات و سه‌نته‌ره‌كه به ناوی كچه‌كه‌ی "جولینار" كردووه.
ره‌وشا له پاڵ ئه‌و كاره‌ی، ماموستای وانه‌ی زانسته و له قوتابخانه‌یه‌كی بنه‌ڕه‌تی باعه‌درێ وانه ده‌ڵێته‌وه، له‌م دیمانه‌یه‌ی ”وشه”دا ده‌ڵێت به‌ربه‌ست زۆرن، به‌ڵام مرۆڤ ده‌بێ بوێر بێن و به‌سه‌ریاندا زاڵ بێت.
له داهاتوودا ئه‌گه‌ر بۆم ره‌خسا له به‌شی وه‌رزشی ده‌خوێنم
بیرۆكه‌ی كردنه‌وه‌ی سه‌نته‌ره‌كه له چییه‌وه هات؟
له منداڵییه‌وه خولیای وه‌رزش بووم و حه‌زم ده‌كرد له به‌شی وه‌رزش بخوێنم، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی به‌شی تایبه‌ت به وه‌رزش له په‌یمانگه‌ی شێخان نه‌بوو و لانی كه‌م ده‌بوو پێنچ كچ ئاماده‌یی خۆیان بۆ به‌شه‌كه ده‌ربڕیایه بكرێته‌وه, له‌به‌رئه‌وه ناچار بووم به‌شی زانست بخوێنم و دواتر بوومه مامۆستای زانست.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هیچ كاتێك ده‌ستم له وه‌رزش هه‌ڵنه‌گرت و به‌رده‌وام له‌ناو قوتابخانه‌دا له‌گه‌ڵ قوتابیان وه‌رزشم ده‌كرد. دواتر بیرم كرده‌وه شارۆكه‌ی باعه‌درێ هیچ جێیه‌كی تایبه‌ت به وه‌رزشیی نییه، ئه‌گه‌ر ئه‌م كاره بكه‌م، ده‌رفه‌ت بۆ ژنانیش ده‌ڕه‌خسێ زیاتر بۆ وه‌رزشه‌وه خه‌ریك بن و كه‌مێك له كه‌شوهه‌وای ماڵ ده‌ربچن.
كێ پاڵپشتیی كردیت تا سه‌نته‌رێكی به‌م جۆره بكه‌یته‌وه؟
زۆر كه‌س هاوكارم بوون، له سه‌رووی هه‌موویانه‌وه هاوسه‌ره‌كه‌م و كۆمه‌ڵێك هاوڕێم، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌بێ ژن خۆی پێش هه‌موو كه‌سێك هاوكار و پاڵپشتی خۆی بێت و گوێ به‌وه نه‌دات هه‌موو كه‌سێك رازی بكات تا بتوانێ كارێك بكات، چونكه له سه‌ره‌تای هه‌ر كارێكدا به‌تایبه‌تی له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه، هه‌ر شتێك ژن بیكات، دژایه‌تی ده‌كرێ و به‌ربه‌ستی بۆ دروست ده‌كرێت.
سه‌نته‌ری جولینار له چی پێك دێت؟
جگه له هۆڵێكی گه‌وره بۆ یارییه وه‌رزشییه‌كان بۆ هه‌ردوو ره‌گه‌زی نێر و مێ, له‌گه‌ڵیدا كتێبخانه‌یه‌ك هه‌یه بۆ ئه‌وانه‌ی حه‌ز ده‌كه‌ن رۆشنبیر بن.
بۆ ئه‌و ژنانه‌ی منداڵیان هه‌یه و كه‌س نییه هاوكارییان بكات، جێی تایبه‌ت به یاریی منداڵانمان هه‌یه تا دایكان بتوانن به ئاسووده‌یی وه‌رزش بكه‌ن.
باسی به‌ربه‌ستت كرد، بۆ كردنه‌وه‌ی ئه‌م سه‌نته‌ره به‌ربه‌ستت بۆ دروست بوو؟
بێگومان له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی و رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، ژن هه‌ر كارێك بكات قه‌ده‌غه‌یه و به چاوی كه‌مه‌وه سه‌یری ده‌كه‌ن، به‌ڵام من دڵم خۆشه, چونكه خێزانه‌كه‌م له‌گه‌ڵم هاوكار بوون. ده‌بێ ژن نه‌ترسێت و گوێ به قسه‌ی خه‌ڵك نه‌دات.
پلانی داهاتووت چییه؟
زیاتر كار له‌سه‌ر فراوانكردن و پێشخستنی سه‌نته‌ره‌كه ده‌كه‌م، هانی ژنانی شارۆكه‌كه ده‌ده‌م گرنگی به وه‌رزش بده‌ن و بیكه‌نه به‌شێكی پێویست له ژیانیان. مه‌رج نییه ئه‌وان له سهنتهرهكهم وه‌رزش بكه‌ن، گرنگ ئه‌وه‌یه به‌و كاره هه‌ڵسن, له داهاتوودا ئه‌گه‌ر بۆم ره‌خسا له به‌شی وه‌رزشی ده‌خوێنم.
وشه/ باعه‌درێ- دێژین سدقی