پاشماوه‌كانى خانوو و باڵه‌خانه تێكدراو و تازه دروستكراوه‌كان، یه‌كێكه له كێشه گه‌وره‌كانی به‌رده‌م شاره‌وانی. به‌پێی زانیارییه‌كان له‌ناو هه‌موو پاشماوه ره‌قه‌كاندا، كه‌ره‌سته‌ی خانوو و باڵه‌خانه 40% پێك دێنێت و هیچیشیان دووباره به‌كار ناهێنرێنه‌وه وا ریسایكل ناكرێن. بۆیه وه‌ك پاشماوه‌ی مه‌ترسیدار بۆ ژینگه، تا هه‌تا ده‌مێننه‌وه.
نه‌وزاد گه‌نجێكی خوێنده‌واره و ماڵى له گه‌ڕه‌كى ڕۆشنبیریى هه‌ولێره، به‌رانبه‌ر ماڵه‌كه‌ى ڕووبه‌رێكى فراوان زه‌وی به‌تاڵ بۆ سه‌وزایى، به‌ڵام به‌هۆى كۆبوونه‌وه‌ى پاشماوه‌كانى باڵه‌خانه و خانووبه‌ره‌ی ناوچه‌كه، ئێسته ئه‌و زه‌ویه‌ی بڕیاربوو بۆ باخچه بێت، سیماى زبڵدانی گرتووه، بۆیه نه‌وزاد "بێزاریى خۆى له‌و دۆخه ده‌رده‌بڕێت".
ئه‌و بۆ "وشه" گوتى، شه‌وان دواى سه‌عات 10 چه‌ندان ئۆتۆمبێلى زبڵى خانووى تێكدراو، لێره فڕێ ده‌درێن، ئه‌وه بێزارى كردووین، بۆیه به ناچاری چه‌ندان جار شاره‌وانیمان ئاگه‌دار كردووه‌ته‌وه و ژماره‌ى ئۆتۆمبێله‌كانیشمان پێ داون.
به‌گوته‌ى نه‌وزاد، "چه‌ند جارێك ئۆتۆمبێل دوای هه‌ڵڕشتنی پاشماوه، له نزیك ماڵه‌كه‌ى له‌لایه‌ن تیمه‌كانى شاره‌وانییه‌وه گیراون، به‌ڵام ئه‌وه كۆتایی به دیاره‌كه نه‌هێناوه".
ئه‌م دۆخه هه‌ر ته‌نیا نه‌وزادی بێزار نه‌كردووه، بگره له زۆر شوێنی هه‌ولێر پاشماوه‌ی خانوو كۆبووه‌ته‌وه، یان له گه‌ڕه‌كه‌كاندا ئه‌و زه‌وییانه‌ی مانه‌ته‌وه دراوسێكانی كاتێك خانوو دروست ده‌كه‌ن، زبڵی خۆیان ده‌كه‌نه ناوی. بێ له‌وه‌ی زۆربه‌ی كۆڵانه‌كانی پایته‌خت به پارچه چیمه‌نتۆی جێماو له‌سه‌ر قیر بووه به به‌رزی و نزمی، به‌هۆی كه‌مته‌رخه‌می تیمه‌كانی شاره‌وانی.
ڕێبوار قادر وه‌یسى سه‌رۆكى ڕێكخراوى ژینگه بۆ هه‌مووان، له به‌دواداچوونه‌كانی بۆی ده‌ركه‌وتووه كه پاشماوه‌ى باڵه‌خانه گه‌وره‌ترین كێشه‌ی بۆ ژینگه دروست كردووه. وه‌ك ئه‌و به "وشه" ده‌ڵێ، "ئه‌وه له كوردستان له كێشه‌ى نایلۆن و پلاستیك كاره‌ساتتره، به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌م جۆره پاشماوه‌یه هیچ لایه‌نێك نییه به‌رپرس بێت له له‌ناوبردنی یا دووباره به‌كارهێنانه‌وه و ریسایكلینی".
سه‌رۆكى ڕێكخراوى ژینكه بۆ هه‌مووان زیاتر گوتی، "ئه‌گه‌ر پاشماوه‌ى پلاستیك پێویستى به 100 ساڵ بێت بۆ شیبوونه‌وه‌ى له خاكدا، ئه‌وا بلۆك پێویستى به 480 ساڵه بۆ شیبوونه‌وه‌ى و ئه‌وه به زانست سه‌لمێنراوه، مه‌ترسییه‌كه‌یش له‌وه‌دایه كه 40%ی پاشماوه‌كان كوردستان پاشماوه ره‌قه‌كانن كه تا ئێسته دووباره به‌كارهێانه‌وه‌ی چاره‌سه‌ر نه‌كراوه".
"زۆربه‌ی پاشماوه‌كانی باڵه‌خانه و خانوو له‌ناو دۆڵ و چه‌مه‌كانی نزیك شوێنی دانیشتوان و زه‌وی كشتوكاڵیی فڕێ ده‌درێن، به‌ڵام هه‌ندێك جار به‌مه‌به‌ستی تایبه‌ت له‌ناو زه‌وییه كشتوكاڵییه‌كاندا فڕێ ده‌درێن بۆ ئه‌وه‌ی ڕه‌گه‌زی زه‌وییه كشتوكاڵییه‌كه بگۆڕێت بۆ ناكشتوكاڵی (بێ كه‌ڵك)، دواتر جێیه‌كی بازرگانیی له‌سه‌ر دروست ده‌كرێت" ڕێبوار واى گوت.
به‌گوته‌ى خۆی، ئه‌و پاشماوانه كاریگه‌ریی خراپیان له‌سه‌ر ته‌ندروستی مرۆڤیش هه‌یه، هۆكارن بۆ پیسبوونی خاك و ئاوی ژێرزه‌وی و تێكدانی سیمای سروشتی ناوچه‌كان.
راسته ئه‌و دیارده‌یه سیمایه‌كی ناشیرینی به زۆر شوێنی كوردستان به‌خشیوه، به‌ڵام شاره‌وانیش شوێنی دیاری نه‌كردووه خه‌ڵك پاشماوه‌ی بۆ بگوازێته‌وه یان كارگه‌یه‌ك هه‌بێت سوودی لێوه‌ربگرێت بۆ جیاكردنه‌وه و به‌كارهێنانه‌وه.
گوته‌بێژى ده‌سته‌ى ژینگه ئه‌وه ده‌خاته ڕوو كه چه‌ندان جار هۆشدارییان داوه له پاشماوه‌ى باڵه‌خانه كه سیمایه‌كى ناشیرین به گه‌ڕه‌كه‌كانى به تایبه‌ت ده‌روازه‌ى شاره‌كان به‌خشیوه.
هه‌ندرێن شێخ ڕاغب، بۆ "وشه" دووپاتی ده‌كاته‌وه، "پاشماوه‌ى خانوو و باڵه‌خانه‌كان كێشه‌یه‌كى گه‌وره‌ى ژینگه‌ن، چه‌ندان جار نووسراومان كردووه و به‌رپرسانیش ئاگه‌دارن كه ئه‌و پاشماوانه به‌شێكى زۆریان له قه‌راخ شه‌قام له‌لایه‌ن كه‌سانى نابه‌رپرس فڕێ ده‌درێن و نابرێنه زبڵدان، به‌تایبه‌تی پاشماوه‌ى باڵه‌خانه‌كان".
"داواكارین ڕێوشوێنى یاسایى بگیرێنه به‌ر و سزاكان توندتر بكرێن، هه‌رچه‌نده ڕێنوێنیى پێویست هه‌یه، به‌ڵام ده‌بێ سزا توند بكرێت بۆ رێگری له‌و دیارده‌یه" گوته‌بێژه‌كه‌ی ژینگه وای گوت.
چه‌ندان ئۆتۆمبێل ده‌ستیان به‌سه‌ردا گیراوه و سزاى دارایی قورس دراون
لای خۆیانه‌وه شاره‌وانی نایشارنه‌وه كه فڕێدانى پاشماوه‌ى خانوو و باڵه‌خانه به ته‌واویى بێزارى كردوون. ئه‌وه‌ش راده‌گه‌یه‌نن كه سیماى چه‌ندان گه‌ڕه‌كیان تێكداوه و چه‌ندان كه‌سیش له‌سه‌ر ئه‌و دیارده‌یه گیراون.
شۆڕش عه‌لى به‌ڕێوه‌به‌رى شاره‌وانیى شه‌ش له هه‌ولێر كه سنووره‌كه‌ى ده‌كه‌وێته باشوورى پایته‌خت، بۆ "وشه" گوتی، "به‌رده‌وام تابلۆى ڕێنوێنیمان هه‌ڵواسیوه تا كه‌س سه‌رپێچى نه‌كات و پاشماوه‌كانى خانوو له‌ناو گه‌ڕه‌ك فڕێ نه‌ده‌ن، به‌ڵام سه‌رپێچییه‌كان به‌رده‌وامن".
ئاماژه‌ی دا، "له‌لایه‌ن تیمه‌كانى شاره‌وانییه‌وه ده‌ستبه‌سه‌ر چه‌ندان ئۆتۆمبێلدا گیراوه و ئاراسته‌ى پۆلیسى تایبه‌تمه‌ند كراون، به‌هۆی ئه‌وه‌ی زبڵی ناو پاشماوه‌ى خانووه‌كانیان فڕێ داوه‌ته شوێنی نه‌شیاو".
"وه‌سڵى داراییمان هه‌یه و چه‌ندان ئۆتۆمبێل به بڕى یه‌ك ملیۆن دینار سزا دراون، چه‌ندان ئۆتۆمبێلیش دواى سه‌رپێچییه‌كه بۆ قایمقامییه‌ت ره‌وانه كراون تا ڕێكارى یاساییان به‌رانبه‌ر ئه‌نجام بدرێت، چونكه شوێنى تایبه‌ت به پاشماوه هه‌یه، به‌ڵام به‌هۆكارى نادیار شوفێر له گه‌ڕه‌كه‌كان فڕێى ده‌ده‌ن" به‌ڕێوه‌به‌رى شاره‌وانیى شه‌ش وا ده‌اڵێ.
ره‌نگه شۆفێری ئۆتۆمبێلی پاشماوه فڕێدان بۆ قازانجی خۆی نزیكترین بۆشایی به هه‌ل بزانێ بۆ هه‌ڵڕشتنی پاشماوه، یاخۆ له‌لایه‌ن خاوه‌ن خانوو و باڵه‌خانه‌وه كرێی كه‌می پێ بدرێت له به‌رانبه‌ر فڕێدانی زبڵه‌كه‌ی.