سیاسه‌تكارێكی عێراقی دووپات له‌وه ده‌كاته‌وه، كه به‌هۆی گرژی و ئاڵۆزیییه‌كانی نێوان خۆپێشانده‌ران و هێزه‌كانی ته‌ناهی له شاره‌كانی باشووری عێراق، هاووڵاتییان به‌لێشاو شاره‌كانی خۆیان جێ ده‌هێڵن، به‌ره‌و ده‌ره‌وه ده‌ڕۆن و ئاماده نین چیتر له‌و دۆخه ئاڵۆزه ژیان به‌سه‌ر ببه‌ن.
غالب
شابه‌نده‌ر سیاسه‌تكاری عێراقی له تویتێكدا نووسیویه‌تی، ناچارین ئه‌وه بڵێین، كه خه‌ڵكی باشوور ئاواره ده‌بن، دۆخه‌كه به‌م ئاسته گه‌یشتووه، به‌ڵێ به دڵنیاییه‌وه، دیارده‌ی كۆچكردن و ئاواره‌بوون به فره‌وانی له شاره‌كانی باشوور ده‌ستی پێكردووه.
ئاڵۆزییه‌كان ژیانی تێكداون و له نیشتمانی خۆیان بوونه‌ته بێگانه
ئاماژه‌ی داوه، ئایا ئه‌م میله‌ته ده‌ست به كۆچكردن ده‌كات، دوای ئه‌وه‌ی له نیشتمانی خۆی له‌سه‌ر دڵسۆزی بۆ نیشتمان سزا ده‌درێ، ئه‌وان ناحه‌ق نین و چاره‌یه‌كی ئه‌وتۆیان نه‌ماوه و هه‌رچی بۆیان كرا، ئه‌نجامیان دا، بۆ ئه‌وه‌ی دزی و فه‌رهوودی و به‌كرێگیراوان له ده‌سه‌ڵات نه‌بن، كه‌چی هه‌رچه‌ند ده‌كه‌ن هێزێكی گه‌وره ڕێگری له گۆڕانكاری ده‌كه‌ن، بۆیه كه چاره‌یان پێ نه‌كرێ و ئاماده‌نین له‌و دۆخه و له نێو ئه‌و ئاڵۆزییه بمێننه‌وه، كه هه‌ر له نیشتمان و شاری خۆیان ببه‌ن به بێگانه و غه‌ریب، به‌لایانه‌وه باشتره كۆچ بكه‌ن.
قسه‌كانی ئه‌و سیاسه‌تكاره‌ی عێراق له كاتێكدایه تا ئێسته به فه‌رمی هیچ ئامارێك ڕانه‌گه‌یه‌نراوه كه باس له كۆچكردنی خه‌ڵكی باشوور بكات، به‌ڵام به گشتی به گوێره‌ی توێژینه‌وه زانستییه‌كان هه‌ر شوێنێك ئارامی لێ نه‌مێنێت، ئه‌وا خه‌ڵكی به‌جێی ده‌هێڵن، پێشبینی ده‌كرێ ئه‌م ئاوارانه‌یش زۆربه‌یان ڕوو له شاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان و ناوچه داگیركراوه‌كان بكه‌ن، به‌شێكیشیان ڕوو له ده‌ره‌وه‌ی عێراق ده‌كه‌ن.