لە میحوەری خازر مەسعوود بارزانی فەرماندەی گشتی هیزەکانی پێشمەرگەی کوردستان سەرکەوتنی قۆناغی یەکەمی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی مووسڵی راگەیاند.
ئەو بۆ رۆژنامەنووسان گوتی پێشتر چەندان کۆبوونەوەیان لەگەڵ حکوومەتی عێراق کردووە تا بە ئەنجامێک بگەن بۆ دەستپێکردنی هێرشەکە و دوای ئەوەی لەگەڵ حەیدەر عەبادی کۆبوونەوە ئەمڕۆ دەستیان بە هێرشەکە کردووە.
مەسعود بارزانی روونی کردەوە کە لە هێرشەکەی ئەمڕۆدا سەرووی ٢٠٠ کیلۆمەتری چوارگۆشە رزگار کراوە کە قۆناغی یەکەمی ئۆپەراسیۆنەکەیە و لە رۆژهەڵات و باشووری مووسڵ بە هاوبەشی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق ئەنجام دراوە.
سهرۆكی ههرێمی كوردستان دەستخۆشی لە پێشمەرگەکان و سەربازەکانی عێراق کرد کە قارەمانانە گورزی کاریگەرییان لە چەکدارانی داعش وەشاند. ئەو هیوای خواست شەڕە هاوبەشەکەی ئەمڕۆیان ببێتە بناغەیەکی هاوکاری بەهێز لە داهاتوودا.
لە بەشێکی تری قسەکانیدا مەسعوود بارزانی گوتی ئومێدمان هەیە کە مووسڵ رزگار دەبێت، بەڵام کۆتایی بە تیرۆر نایە و لەوانەیە دوای داعش رێکخراوێکی پیستر لە داعش سەرهەڵبدات و بۆیەش دەبێت سەرکەوتنەکەی ئەمڕۆ ببێتە ئەزموونێک بۆ ئەوەی بە گیانی هاوکاری و لێکتێگەیشتن کێشەکان چارەسەر بکرێن، هەروەها دەبێت هاوکاری تەواو لە نێوان هەولێر و بەغدا و هاوپەیمانان هەبێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆیستان.
سەبارەت بە خەڵکی مووسڵ فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی ههرێمی كوردستان گوتی خەڵکی مووسڵ دڵنیا دەکەینەوە کە هیچ زیانێکیان پێناگات و دهگەڕێنەوە سەر ژیانێکی پڕ لە سەروەری و لەو زیندانییەی تێیکەوتبوون رزگاریان دهبێت.
سەبارەت بە سپاردنی رۆڵ بە پێشمەرگە و سوپای عێراق بارزانی گوتی لە هەندێک شوێن بەیەکەوە کار دەکەن و لە هەندێک شوێنیش بە جیا رۆڵی خۆیان دەبینن.