رووسیا رێی به‌ نیشتنه‌وه‌ی فڕۆكه‌یه‌كی ئه‌ڵمانی نه‌دا

:: PM:04:02:01/02/2020 ‌
فڕۆكه‌یه‌كی سه‌ربازیی ئه‌ڵمانیا به‌ 128 سه‌رنشینه‌وه‌، داوای نیشتنه‌وه‌ی به‌په‌له‌ی له‌ رووسیا كرد، به‌ڵام رووسیا رێی پێ نه‌دا و به‌ ناچار به‌ره‌و فینله‌ندا رۆیشت.
لە ترسی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا داوای کرد بە خێرایی ئاسمانی وڵاتەکەی جێ بهێڵێت

ئه‌مڕۆ شه‌موو یه‌كی شوبات، ئاژانسی هه‌واڵی "دویچه‌ڤێله‌"ی ئه‌ڵمانی بڵاوی كردووه‌ته‌وه‌، فڕۆكه‌یه‌كی سه‌ربازی بۆ راگواستنی 128 هاووڵاتیی ئه‌ڵمانی له‌ شاری ئوهانی چین له‌لایه‌ن حكوومه‌تی ئه‌ڵمانیاوه‌ هاتبووه‌ سپاردن.

زیاتر روون كراوه‌ته‌وه‌، ئه‌و فڕۆكه‌یه‌ دوای هه‌ڵگرتنی سه‌رنشینه‌كان، به‌ ئاسمانی رووسیادا رۆیشتووه‌ و داوای له‌ مۆسكۆ كردووه‌ بۆ پشوودانی فڕۆكه‌وان و سووته‌مه‌نی بۆ فڕۆكه‌كه‌یان رێ به‌ نیشتنه‌وه‌یان بدرێت.

مۆسكۆ به‌ گومانی ئه‌وه‌ی سه‌رنشینه‌كان له‌وانه‌یه‌ تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا هاتبن، رێپێدانی بۆ ئه‌و فڕۆكه‌یه‌ ده‌رنه‌كردووه‌ و داوای لێ كردووه‌ به‌ خێرایی ئاسمانی وڵاته‌كه‌ جێ بهێڵێت.

ئاژانسی دویچه‌ڤێله‌ له‌ زاری به‌رپرسێكی هێزی ئاسمانی رووسیا بڵاوی كردووه‌ته‌وه‌، فڕۆكه‌ سه‌ربازییه‌كه‌ی ئه‌ڵمانیا به‌ ناچار به‌ره‌و فینله‌ندا به‌ڕێ كه‌وتووه‌ و دوای وه‌رگرتنی ره‌زامه‌ندی له‌و وڵاته‌ له‌ هیلسینكی پایته‌خت نیشتووه‌ته‌وه‌.

وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا رۆژی هه‌ینی داوای له‌ وه‌زاره‌تی به‌رگریی وڵاته‌كه‌ی كرد هاوكارییان بكات به‌ هێنانه‌ده‌ری 128 هاووڵاتیی ئه‌ڵمانی له‌ شاری ئوهایۆی چین، ناوه‌ندی سه‌رهه‌ڵدان و بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا.

ئه‌و شاره‌ نزیك به‌ 11 ملیۆن دانیشتووی هه‌یه‌ و له‌ دووه‌م رۆژی ته‌شه‌نه‌كردنی ڤایرۆسی كۆرۆنا له‌ چین، چوارده‌وری گیرا و رێ نادرێت هیچ كه‌س له‌و شاره‌ بێته‌ده‌ر یان بچێته‌ ناو شاره‌كه‌وه‌.

به‌پێی ئاماری فه‌رمی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی چین كه‌ ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌م بڵاو بووه‌ته‌وه‌، 259 هاووڵاتیی چینی به‌هۆی تووشبوون به‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا گیانیان له‌ ده‌ست داوه‌.



وشە - هیدایه‌ت جان