گۆڕان هۆكاری دروست نەكردنی 100 مەترییەكەی سلێمانی ئاشكرا دەكات

:: PM:01:20:02/02/2020 ‌
تیمی وەزاریی بزووتنەوەی گۆڕان لە حكوومەت، چەند نهێنییەك لەبارەی دروست نەكردنی شەقامی 100 مەتریی سلێمانی ئاشكرا دەكەن و بەپێی ئەو راگەیەندراوە كێشەكە لە سلێمانییە نەك حكوومەت.

ئەمڕۆ یەكشەم دووی شوبات، لە ڕاگەیەنراوێكی تیمی وەزاریی بزووتنەوەی گۆڕان لە حكوومەت، هاووڵاتییانی كوردستان و بە تایبەتی سلێمانی ئاگەدار دەكاتەوە كە "بەرپرسیارێتی جێبەجێ نەكردنی پڕۆژەی شەقامی 100 مەتریی سلێمانی، دوور و نزیك پێوەندی بە تیمی وەزاریی گۆڕانەوە نییە". 

ئەوان دەڵێن، "ئەو پڕۆژەیە لە ساڵی 2013وە بودجەی بۆ تەرخان كراوە و بەردی بناغەی دانراوە، پێویست بوو بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە، بەڵام نەكراوە، هەروەها ئەو پڕۆژەیە لە سنووری كاری وەزارەتی شارەوانیدایە كە دوورە لە كاری ئەو چوار وەزارەتەی گۆڕان لە كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان وەریگرتووە".

لە ڕاگەیەنراوەكەدا باس لەوەش كراوە كە تیمی وەزاریی گۆڕان لەسەر دوو بنەما بەشداریی ئەو كابینەیەی حكوومەتی كردووە، بنەمای یەكەم رێككەوتنی سیاسیی نێوان بزووتنەوەی گۆڕان و پارتی دیموكراتی كوردستانە كە ناوەڕۆكەكەی چاكسازیی گشتییە لە بوارەكانی كارگێڕی، دارایی، ئابووری و سیاسیدا.

"بنەمای دووەم هێڵە گشتییەكانی كارنامەی كابینەی نۆیەمی حكوومەت كە سەرۆكی حكوومەت لە بەردەم پەرلەمان خوێندییەوە. بۆیە ئێمە وەك تیمی وەزاریی بزووتنەوەی گۆڕان، پابەندبوونی خۆمان دووپات دەكەینەوە بە بەرنامەی چاكسازی و بەرگری لە مافەكانی خەڵكی كوردستان بە سەرجەم ناوچەكانەوە، بەبێ جیاوازی و بە شاری سلێمانیشەوە" لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە.

سەرۆكی حكوومەت لە كۆبوونەوەكەدا گوتی رازیم ئەگەر دوو ئەوەندەی هەولێریش بودجەی تەرخان بكرێت 
وەزیرەكانی بزووتنەوەی گۆڕان ئەوەیان ئاشكرا كردووە كە بزووتنەوەی گۆڕان لە رێی وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنەوە، لە ڕێكەوتی 13ی كانوونی دووەم لە دیدارێكی لەگەڵ سەرۆكی حكوومەتدا باسی گرنگیی پڕۆژەی شەقامی 100 مەتری كردووە بۆ سلێمانی و داوای لێ كردووە بەزووترین كات ئەو پڕۆژەیە بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە، هەرچەندە ئەمە لە دەرەوەی سنووری كاری وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەیە، بەڵام وەك پێداگرییەك و پشتگیریی جێبەجێكردنی پڕۆژەكە، سەرۆكی حكوومەتیش بەڵێنی داوە لە زووترین كات و دوای پێداچوونەوە بە دەرخستەی پڕۆژەكەدا، بخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە.

وەزیرەكانی گۆڕان نهێنییەكی پڕۆژەی شەقامی 100 مەترییان ئاشكرا كردووە كە بەگوتەی ئەوان "سەرۆكی حكوومەت ئاماژەی بەوە كردووە لاری نییە، بەڵام ناكرێ لە هەولێر بۆ یەك كیلۆمەتر دوو ملیۆن و نیو دۆلار بۆ شەقام تەرخان بكرێت، بەڵام لەوەی سلێمانی بڕی نۆ ملیۆن دۆلار داوا كراوە". 

لە ڕاگەیەنراوەكەدا نووسراوە "سەرۆكی حكوومەت لە كۆبوونەوەكەدا گوتی رازیم ئەگەر دوو ئەوەندەی هەولێریش بودجەی تەرخان بكرێت، بەڵام پرسی بۆ نزیكەی چوار ئەوەندە بێت؟". هاوكات دووپاتی كردەوە كە هەموو ئەو گوژمەیەی بۆ پڕۆژەكە دانراوە، دابینی دەكەن بە دەرخستەیەكی راست و دروست و ئەو بودجەیەكی زیاد بوو لە پڕۆژەی تری سلێمانیدا بەكاری بێنن".

شەقامی 100 مەتری سلێمانی بڕیاربوو لەلایەن كۆمپانیایەكە جێبەجێ بكرێت، بەڵام بەهۆی تەنگژەی دارایی كارەكانی راگرت، ماوەی ساڵێكە كۆمپانیای قەیوانی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان ئامادەیی دەربڕیوە بە مەرجی خۆی و بودجەی گەورە پرۆژەكە جێبەجێ بكات، بەڵام حكوومەت رەتی دەكاتەوە بەهۆی مەرجەكانییەوە پارە بە هەدەر بدات.

پێشتر "وشە" بڵاوی كردەوە كە قەیوان دەسكاری دیزاینی پرۆژەكەیشی كردووە و وەزارەتی شارەوانی ئامادە نییە بەو دیزانەی ئەوان پرۆژەكە قبوڵ بكات، چونكە لە بەرژەوەندی شارەكە نییە.





وشە - رامیار جەواد