ئەردۆغان: بیانەوێ و نەیانەوێ بەشداری لە ئازادكردنەوەی مووسڵ دەكەین

:: PM:04:30:17/10/2016 ‌

سەرۆكی توركیا ڕای دەگەیەنێ كە عێراق بیەوێ یان نەیەوێ سوپای ئەوان بەشداری لە كردەوەگەلی ئازادكردنەوەی مووسڵ دەكات.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی كۆماری توركیا، ئەمڕۆ دووشەم لە گوتارێكدا باسی لە دەستپێكردنی كردەوەگەلی ئازادكردنەوەی مووسڵ كرد و ئاماژەی بەوە دا كە ئەوان سنوورێكی درێژیان لەگەڵ داعش هەیە، بۆیە ناكرێ بێ بەشداری لەو كردەوەگەلەدا بن و دەڵێ: مێژوویەكی هاوبەشمان لەگەڵ مووسڵ هەیە، بۆیە ڕۆڵی كاریگەرمان دەبێ لە ئازادكردنەوەی.

بە زمانێكی هەڕەشەئامێزیشەوە ڕووی كردە حكوومەتی عێراق و گوتی: بتانەوێ یان نەتانەوێ، ئێمە بەشداری شەڕی مووسڵ دەكەین، بەشداری نەكردنمان دەرئەنجامێكی خراپی بۆ عێراق دەبێ، هەروەها گوتی: رێگە نادەین جارێكی‌ تر شەڕی‌ مەزەوی لە ڕوو بداتەوە.

هەر لەم چوارچێوەیەدا، چەند جارێك لێدوانی دژ بەیەك لەلایەن هەردوو سەرۆك وەزیرانی عێراق و توركیا درا، لە دوایین جار بینالی یڵدرم، سەرۆك وەزیرانی توركیا بە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراقی گوت: هەروەها دەپرسێ، بۆچی  هەموو وڵاتانی دنیا لە عێراق شەڕی تیرۆر دەكەن، كێشەیان لەگەڵ سوپای توركیایە؟ دەڵێ: قسەكانی عەبادی بێزاركەرن و مەترسیدارن، دەزانین چی هەیە و بەرپرسانی عێراق بۆ ئەو لێدوانانە دەدەن، ئێمە لەكاتی خۆیدا ئاشكرا دەكەین.

هێزەكەی سوپای توركیا كە لە سەربازگەی "زەلكان" لە نزیش شارەدێی "بەعشیقە" جێگیر بوون، بەشدارییان لە كردەوەگەلی ئازادكردنەوەی مووسڵ نەكرد ئەمڕۆ، بەڵام بەپێی قسەكانی سەرۆكی توركیا بێت، لە ڕۆژانی داهاتوو چالاكییان دەبێت.

بەیانی ئەمڕۆ دووشەم بە سەرپەرشتی مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی كوردستان، بە بەشداریی چوار هەزار پێشمەرگە دەستیان بە پێشڕەوی كرد بۆ گوندەكانی خوارووی چیای زەرتك لە میحوەری خازر (خۆرهەڵاتی مووسڵ) و تا ئێستە هێرشەكە بەردەوامە و تیرۆریستان لە شكستدان و زیانی زۆریان بەركەوتووە.

كردەوەگەلی ئازادكردنەوەی مووسڵ لە شەش میحوەرەوە دەبێ: گەیارە، گوێڕ، خازر، بەعشیقە و سەدی مووسڵ و ئاسكی مووسڵەوە بەرەو ناوەوەی مووسڵ هێزەكان پێشڕەوی دەكەن.

لە 10ی حوزەیران/یۆنیۆی 2014 دوای ڕاكردنی 60 هەزار چەكداری سوپا و پۆلیسی عێراق، شارەكە كەوتە دەست تیرۆریستان، ئەمڕۆ دووشەمیش 17 تشرینی یەكەم/ئۆكتۆبەر دوای دوو ساڵ و زیاتر لە چوار مانگ هێرش بۆ رزگاركردنەوەی شارەكە و وەدەرنانی تیرۆریستان دەستی پێ كرد.

مووسڵ دووەم گەورەترین شاری عێراقە و یەكێكە لە شارە مێژوویییە بەناوبانگەكانی ناوچەكە و بەگوێرەی ئاماری 2013 ژمارەی دانیشتووانی، زیاتر لە دوو ملیۆن كەس دەبێت و هەریەك لە پێكهاتەكانی عەرەبی سونە و كورد و توركمان و مەسیحی و كوردانی ئێزیدی و شەبەك تێیدا نیشتەجێن، زێی دیجلە بەنێو شارەكە تێپەڕ دەبێت و كردوویەتی بە دوو بەشەوە و بە بەشی ڕاست و چەپی شارەكە ناوزەد كراوە.


وشە - كوردۆ شابان