مۆڵەتی نوێ بە شوفێری تاكسی دەدرێت

:: PM:12:23:03/02/2020 ‌
بەپێی بڕیارێكی بەڕێوەبەری گشتیی هاتوچۆی هەرێمی كوردستان، مۆڵەتی شوفێری تاكسی دەگۆڕێت و پێویستە مامەڵەی نوێكردنەوە بۆ مۆڵەتە نوێیەكە بكرێت.

ئەمڕۆ دووشەم سێی شوبات، بەپێی بڕیارێكی بەڕێوەبەری گشتیی هاتوچۆی هەرێمی كوردستان كە وێنەیەكی دەست "وشە" كەوتووە، ئەوە خراوەتە ڕوو كە لە چوارچێوەی رێكخستنەوەی كاری تاكسیی لە هەرێمی كوردستان، وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێم بڕیاری دا هەر شوفێرێكی تاكسی دوای ئەوەی بایۆمەتری و رێكارەكانی تری ئەنجام دا، دەبێت شوفێری تاكسیی رێپێدراو مۆڵەتی شوفێرییە كۆنەكەی بۆ بگۆڕێت بۆ مۆڵەتێكی نوێ بە دەستەواژەی (اجازە سوق الاجرە) و دەست بەكار بكات.

لە بڕیارەكەدا باس لەوەش كراوە، "مۆڵەتی نوێی شوفێری تاكسی بەبێ وەرگرتنی رسوومات دەدرێت، لەبەرئەوەی ئەو مۆڵەتەی پێشتر هەیبووە رسووماتی لێ وەرگیراوە".

مۆڵەتی نوێی شوفێری تاكسی بەبێ وەرگرتنی رسوومات دەدرێت 
لە بڕیارەكەی بەڕێوەبەری گشتیی هاتوچۆی هەرێمی كوردستان ڕوون كراوەتەوە، مەرج نییە شوفێری تاكسیی رێپێدراو خاوەنی ئۆتۆمبێلە تاكسییەكەی بێت، چونكە دەكرێ ئۆتۆمبێلی تاكسییەكە تۆمار بكرێت لەسەر ناوی كەسێكی تر.

ئەو بڕیارەی بەڕێوەبەری گشتیی هاتوچۆی هەرێمی كوردستان لە كاتێكدایە لە یەكی كانوونی دووەم، بڕیار دەرچووە بۆ جیاكردنەوە و ڕێكخستنی تاكسیی شارەكان و دانانی زانیاری لەناو تاكسی بۆ ئەوەی چیتر هیچ گێچەڵێك روو نەدات بەرانبەر سەرنشین.







وشە - رامیار جەواد