حه‌سه‌ن عه‌له‌وی سیاسه‌توانی دێرینی عێراق، تیشك ده‌خاته سه‌ر دۆخی ئێسته و داهاتووی وڵات و ئاماژه به‌وه ده‌كات، ئه‌و گۆڕانكارییه سیاسییه‌ی داوا ده‌كرا نایه‌ته دی و له قۆناغه‌كانی داهاتوودا عێراق وه‌ك ئه‌وه‌ی رۆیشت به‌رده‌وام ده‌بێت.
عه‌له‌وی له دیمانه‌یه‌ی "وشه"دا دووپاتی ده‌كاته‌وه، "محه‌مه‌د تۆفیق عه‌لاوی ناتوانێ ئێسته‌ی عێراق به‌ڕێوه ببات".
*گرێكوێره‌ی دۆخی عێراق كرایه‌وه و محه‌مه‌د تۆفیق عه‌لاوی بۆ سه‌رۆكایه‌تیی "حكوومه‌تی نوێ و كاتی" هاته راسپاردن، ئاخۆ ده‌توانێ ئه‌و قۆناغه هه‌ستیار و سه‌خته‌ی عێراق به‌ڕێوه ببات؟
بێ هیچ دوودڵییه‌ك ئه‌و توانای به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌تی نییه و عێراق پێویستی به كه‌سایه‌تییه‌كی به‌هێز هه‌یه، چونكه دۆخه‌كه‌ی ئاسایی نییه. محه‌مه‌د تۆفیق عه‌لاوی كه‌سایه‌تییه‌كی نه‌رێنییه و ناتوانێ رووبه‌ڕووی ئه‌و دۆخه ببێته‌وه، ئه‌و پێشتر نه‌چووه‌ته ناو پارته شۆڕشگێڕه‌كان تا فێری ئارامی و رووبه‌ڕووبوونه‌وه بووبێت، سه‌ركرده‌یه‌كی جه‌ماوه‌ری و خاوه‌ن گرووپێكی دیاریكراویش نییه، له ته‌مه‌نی خۆیشیدا به شه‌قامێكی عێراقیدا نه‌ڕۆیشتووه و عێراقییه‌كانیش له هیچكوێی وڵات نه‌یانبینیوه و به‌رده‌وام له لبنان بووه.
كه‌واته حكوومه‌ته‌كه‌ی به حكوومه‌تی نادیاره‌كان داده‌نرێت و عێراقییه‌كان ئێسته ئاماده نین گوێی بۆ بگرن و وێنه‌ی ببینن، بۆیه له شه‌قام ناڕه‌زایه‌تی توند به‌رانبه‌ری هه‌یه، ئه‌و ته‌نیا هه‌لێكی بۆ رێككه‌وتووه، جا ئه‌مه‌ریكا و ئێران له‌سه‌ری رێككه‌وتوون، یان ئێران هێناویه‌تی، ئه‌وه‌یش ده‌یبات به‌ره‌و دابڕانی جه‌ماوه‌ری و ئه‌گه‌ر حكوومه‌تیش پێك بێنێت سه‌ركه‌وتوو نابێت، چونكه وه‌ك گوتمان كه‌سایه‌تییه‌كی نه‌رێنی و داخراوی هه‌یه و توانای كرانه‌وه‌ی نییه.
له‌وكاته‌ی عێراق پێویستی به كه‌سایه‌تییه‌كی كراوه و شاره‌زا له مێژوو و ژیانی عێراقییه‌كان و ململانێی حزبه سیاسییه‌كان و چۆنیه‌تیی ئاشتكردنه‌وه‌یان هه‌یه، ئه‌و كه‌سایه‌تییه‌كی نامۆیه به سیاسه‌تی عێراق و هیچ پێوه‌ندی به ململانێكانی نه‌بووه، به‌شداریی هیچ خۆپێشاندانێكی نه‌كردووه و وتارێكی نه‌داوه و له رۆژنامه‌یه‌ك نه‌ینووسیوه و كه‌س نایناسێت، بۆیه ئه‌گه‌ر له عێراقییه‌كان بپرسیت، یه‌كێك له 10 هه‌زار كه‌س نایناسێت، چونكه كه‌سێكه دووره له‌و پۆسته، سه‌ره‌ڕای رێزم بۆی وه‌ك كه‌سێكی پاك و له بنه‌ماڵه‌یه‌كی رێزداره.
*حكوومه‌تی عادل عه‌بدولمه‌هدی به‌هۆكاری رووون شكستی هێنا، ئاخۆ ئه‌و هۆكارانه ئێسته‌یش به‌رده‌وام نین له به‌رده‌م عه‌لاوی؟
محه‌مه‌د تۆفیق عه‌لاوی خاوه‌ن ئه‌جێندایه‌كی ئێرانییه و ئێران كاندیدی كردووه، باڵوێزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا پێشوازی له راسپاردنی و پێكهاتنی حكوومه‌تی نوێی عێراق كرد، پێویسته بزانرێ كه له پرسه گه‌وره‌كانی وه‌ك ئه‌وه‌ی عێراق لێكگه‌یشتن له نێوان تاران و واشنتن ده‌كرێت، به‌تایبه‌تی له‌سه‌ر فه‌رمانڕه‌وایه‌تی عێراق، واته ئێران كاندیدی هه‌یه و ئه‌وانیش و به‌یه‌كه‌وه وه‌زاره‌تێكی هاوبه‌ش پێكدێنن، واته عه‌لاوی ئێرانییه و دژی ئه‌مه‌ریكا نییه، بۆیه ئه‌و لای ئه‌مه‌ریكاییه‌كان قبووڵكراوه تا ئه‌وكاته‌ی دژیان نییه، ئه‌گه‌ری هه‌یه عه‌لاوی ده‌یان جار سه‌ردانی ئه‌مه‌ریكییه‌كانی كردبێت و ئێرانیش ده‌یه‌وێ ببێته میانگیر له نێوان خۆی و ئه‌مه‌ریكادا، بۆیه ده‌ركردنی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له عێراق ئه‌گه‌ری نییه و ناشكرێت، به‌ناوی منه‌وه بینووسه كه هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له عێراق ناچنه ده‌ره‌وه و ئه‌مه‌ریكا عێراق بۆ ئێران جێناهێڵیت.
*پێشبینیت له‌باره‌ی پێكهێنانی حكوومه‌ت و كابینه‌ی نوێی حكوومه‌ت چییه؟ ئایا عه‌لاوی ده‌توانێ كابینه‌یه‌كی ته‌كنۆكرات و دوور له حزب و به‌شبه‌شێنه دروست بكات؟
هه‌مان ستایلی حكوومه‌ته‌كانی پێشوو ده‌بێت، هه‌موو حزب و پێكهاته‌كان له پشكی خۆیان خۆش نابن به كورد و شیعه و سوننه و حزبه‌كانیش، پشكی هه‌موویان دیاره و ئه‌وان ده‌یانه‌وێته‌وه و هیچی نوێ روو نادات، ئه‌گه‌ری هه‌یه بۆ رازیكردنی خۆپێشانده‌ران، وه‌زیرێك یان زیاتر بده‌ن به لایه‌نگری ئه‌وان، هاوكات خۆپێشاندانه‌كان به‌رده‌وام ده‌بن و ئه‌گه‌ری رووبه‌ڕووبوونه‌وه له نێوان خۆپێشانده‌ران و لایه‌نگرانی سه‌در هه‌یه. خۆپێشانده‌ران چه‌كدار نین، بۆیه ئه‌گه‌ر هه‌یه ئه‌و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه دوا بكه‌وێت تا كاتی ئه‌وه‌ی خۆپێشانده‌ران چه‌كدار ده‌بن كه ئه‌وه‌یش كارێكی سه‌خته، ئه‌گه‌ر چه‌كیشیان هه‌بێت، حكوومه‌ت به سوپا رووبه‌ڕوویان ده‌بێته‌وه نه‌ك سه‌درییه‌كان، له‌وكاته‌ی سه‌درییه‌كان وه‌ك لایه‌نێكی ده‌سه‌ڵات چه‌كیان به‌ده‌سته‌وه‌یه، له‌باره‌ی دواكه‌وتنی حكوومه‌ت شتێكی نوێ نییه له مێژووی عێراق و ئێسته‌یش پێكهێنانی حكوومه‌تی نوێ سه‌خته و حكوومه‌تی كۆن به‌رده‌وام ده‌بێت، له‌وانه‌یشه به‌هۆی ده‌ستگرتنی حزبه‌كان به پۆسته‌كانیان حكوومه‌ته‌كه‌ی زوو پێكبێت و ئه‌وان رۆڵیان هه‌یه.
*ئه‌مه‌ریكا و ئێران رۆڵیان چییه له عێراق، بۆچی به‌رده‌وام دوای رێككه‌وتنی ئه‌وان پێكهێنانی حكوومه‌ت یه‌كلا ده‌بێته‌وه؟
هیچ سه‌رۆك وه‌زیرانێكی عێراق تێپه‌ڕ نابێت ئه‌گه‌ر ئێران یان ئه‌مه‌ریكا له‌سه‌ری رازی نه‌بن، عێراق وابه‌سته‌ی سیناریۆی ئه‌مه‌ریكا و ئێرانه و هیچ رۆڵێك بۆ خواستی جه‌ماوه‌ری و نیشتمانی بوونی نییه، بۆیه دۆخه‌كه وه‌ك خۆی به‌رده‌وام ده‌بێت و گۆڕانكاری گه‌وره له كاروانی سیاسی عێراق روو نادات و له شوێنی خۆی و به‌چه‌قیوی هه‌نگاو ده‌هاوێت، چونكه دابه‌شكاریی تایفی وه‌زاره‌ت و پۆسته‌كان له عێراق دۆخه‌كه‌یان چه‌قبه‌ستوو كردووه، سه‌رۆك وه‌زیرانێكی شیعه و وه‌زیره‌كانیش دابه‌ش كراون، بۆیه وه‌زاره‌ته‌كان نیشتمانی نین و هی حزبه‌كانن.