ژماره‌ی كۆمپانیا بیانییه‌كان له‌ كوردستان گه‌یشته‌ سێ هه‌زار و 100

هەندێک کۆمپانیا دوای بەشداری لە پێشانگەکانی کوردستان لق دەکەنەوە
:: AM:09:10:10/02/2020 ‌
به‌پێی ئاماره‌كان، ئێسته‌ زیاتر له‌ سێ هه‌زار و 100 كۆمپانیای بیانی له‌ هه‌رێمی كوردستاندا كار ده‌كه‌ن و زۆرترینیان له‌ هه‌ولێرن. به‌رپرسی به‌شی تۆماری كۆمپانیاكان ده‌ڵێت، هیچ كۆمپانیایه‌ك هه‌رێمی جێ نه‌هێشتووه‌.

هه‌رێمی كوردستان به‌راورد به‌ عێراق، زۆرترین كۆمپانیای بیانی تێدایه‌ و كار ده‌كه‌ن، ئه‌وان له‌ هه‌موو بواره‌كاندا له‌ كاردان، به‌تایبه‌ت پیشه‌سازی و بیناسازی و كشتوكاڵ و كه‌رته‌كانی تر. 

ئه‌و كۆمپانیایانه‌ به‌هۆی ئه‌وه‌ی دۆخی عێراق ماوه‌ی چه‌ند مانگێكه‌ تێكچووه‌، به‌تایبه‌ت له‌ دوای كوشتنی قاسم سلێمانی، زیاتر كاره‌كانی عێراقیشیان له‌ هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ ده‌كه‌ن، ژماره‌یه‌كیشیان به‌ ته‌واوی كاره‌كانیان له‌ عێراقه‌وه‌ بۆ هه‌رێم گواستووه‌ته‌وه‌.

به‌پێی ئاماره‌كانی وه‌زاره‌تی بازرگانی و پیشه‌سازی له‌ هه‌رێمی كوردستان، له‌ ساڵی 2019دا كۆی گشتیی ئه‌و كۆمپانیا بیانییانه‌ی له‌ هه‌رێمه‌كه‌ كاریان كردووه‌، ژماره‌یان سێ هه‌زار و 100 كۆمپانیا بووه‌ و به‌شی زۆریان كۆمپانیا توركی و وڵاتانی عه‌ره‌بی و ئه‌وروپی بوون.

فه‌تحی محه‌مه‌د گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی بازرگانی و پیشه‌سازیی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به‌"وشه‌"ی ڕاگه‌یاند، له‌ ساڵی 2019دا به‌راورد به‌ ساڵی 2018، تۆماركردنی كۆمپانیای بیانی له‌ هه‌رێمی كوردستان زیادی كردووه‌، به‌ جۆرێك له‌ ساڵی 2018 له‌ هه‌رێمی كوردستان ته‌نیا 34 كۆمپانیای بیانی نوێ تۆمار كراون.

"به‌ڵام تۆماركردنی كۆمپانیای بیانی له‌ هه‌رێمدا، له‌ ساڵی 2019 به‌رز بووه‌وه‌ بۆ 60 كۆمپانیا، به‌وه‌یش ئێسته‌ كۆی گشتیی كۆمپانیاكان سێ هه‌زار و 102 كۆمپانیا یان لقی كۆمپانیان له‌ كوردستان" فه‌تحی وای گوت.

ئاماژه‌ی به‌وه‌یش دا كه‌ زۆرترین كۆمپانیای بیانی له‌ هه‌ولێر كار ده‌كه‌ن و ژماره‌یان دوو هه‌زار و 304 كۆمپانیایه‌، له‌ سلێمانی 534 كۆمپانیا و له‌ دهۆكیش 264 كۆمپانیا هه‌ن.

هه‌رێمی كوردستان له‌ ناوچه‌یه‌كی ئاڵۆزدا هه‌ڵكه‌وتووه‌، به‌ڵام دۆخی ته‌ناهیی سه‌د له‌ سه‌د جێگیره‌ و هیچ كێشه‌یه‌ك بۆ بیانییه‌كانی ناوی تا ئێسته‌ دروست نه‌بووه‌.

ئاراس شێخ ڕه‌ئووف به‌ڕێوه‌به‌ری تۆماری كۆمپانیاكانی هه‌رێمی كوردستان، به‌"وشه‌"ی ڕاگه‌یاند، ئه‌و دۆخه‌ی له‌ عێراق هاتووه‌ته‌ ئاراوه‌، هیچ كاریگه‌ری له‌سه‌ر كاری كۆمپانیا بیانییه‌كانی هه‌رێم نه‌بووه‌، بگره‌ ژماره‌یه‌ك لقی كۆمپانیای بیانی كاره‌كانیان له‌ عێراقه‌وه‌ گواستووه‌ته‌وه‌ بۆ هه‌رێم، چونكه‌ ژینگه‌یه‌كی ئارامه‌ بۆ بیانییه‌كان.

ئه‌و گوتی، به‌پێچه‌وانه‌ی عێراقه‌وه‌ كه‌ دۆخی چه‌ند مانگی ڕابردوو، هۆی ئه‌وه‌بوو ژماره‌یه‌ك كۆمپانیای بیانی جێی بێڵن، چونكه‌ مه‌ترسی له‌سه‌ر خۆیان و كاره‌كانیان هه‌بووه‌، له‌ هه‌رێمی كوردستان هیچ كۆمپانیایه‌ك كاری ڕانه‌گرتووه‌، بگره‌ به‌رده‌وام كۆمپانیای نوێ دێنه‌ ناوی بۆ كاركردن.

له‌ سنووری پارێزگای سلێمانی به‌شی زۆری ئه‌و كۆمپانیا بیانییانه‌ی لقیان كردووه‌ته‌وه‌ و كار ده‌كه‌ن، زیاتر كۆمپانیای ئێرانین، دوای ئه‌وه‌ كۆمپانیای توركی، زیاتر له‌ بواری پیشه‌سازی و بازرگانی كار ده‌كه‌ن، به‌ڵام ساڵی 2018 كه‌مترین كۆمپانیا له‌ سنووری پارێزگای سلێمانی تۆمار كراون. 

هیچ كۆمپانیایه‌ك هه‌رێمی به‌جێ نه‌هێشتووه‌ و دۆخی هه‌رێم له‌باره‌ بۆ كۆمپانیا بیانییه‌كان

سۆران ئه‌حمه‌د به‌ڕێوه‌به‌ری تۆماری كۆمپانیاكانی سلێمانی، به‌"وشه‌"ی ڕاگه‌یاند، له‌ ماوه‌ی دوو ساڵی ڕابردوودا هیچ كۆمپانیایه‌ك سنووره‌كه‌ی به‌جێ نه‌هێشتووه‌، به‌ڵام تۆماركردنی كۆمپانیای نوێ به‌راورد به‌ ساڵانی ڕابردوو، كه‌می كردووه‌.

وه‌ك سۆران ده‌ڵێ، "له‌ ساڵی 2018 ته‌نیا یه‌ك كۆمپانیای بیانی لقی هێناوه‌ته‌وه‌ سلێمانی، له‌ ساڵی 2019 كه‌ به‌ ته‌واوی دۆخه‌كه‌ باش و هه‌رێمی كوردستان له‌ ڕووی ئابووری بووژایه‌وه‌، تۆماركردنی كۆمپانیا زیاتر بوو".

زیاتر گوتی، ساڵی ڕابردوو ژماره‌ی ئه‌و كۆمپانیا بیانییانه‌ی هاتوونه‌ته‌ سلێمانی و لقیان كردووه‌ته‌وه‌، حه‌وت كۆمپانیا بوون، چواری ئێرانی و دوو كۆمپانیای توركی و یه‌ك كۆمپانیای ئه‌وروپی، ئێسته‌یش به‌ كۆی گشتی سه‌دان كۆمپانیای بیانی له‌ سلێمانی كار ده‌كه‌ن و لقیان هه‌یه‌.

له‌ ماوه‌ی چوار مانگی رابردوودا به‌هۆی خۆپێشاندان و ئاڵۆزییه‌وه‌ دۆخی عێراق به‌ ته‌واوی تێكچوو، حكوومه‌ت بوو به‌ كاربه‌ڕێكه‌ر و دۆخی ته‌ناهیی تێكچوو، بۆیه‌ زۆر بیانی له‌ وڵاته‌كه‌ كشانه‌وه‌.

سه‌باح مسته‌فا به‌ڕێوه‌به‌ری لقی كۆمپانیای هیلالی شه‌رق له‌ هه‌رێمی كوردستان، به‌"وشه‌"ی ڕاگه‌یاند، هه‌رێمی كوردستان شوێنێكی ئارام و هێمنه‌ بۆ كاركردنی كۆمپانیا بیانییه‌كان، بۆیه‌ به‌رده‌وام لقی كۆمپانیای بیانی دێنه‌ هه‌رێمی كوردستان بۆ كاركردن و ناوچه‌كه‌ بۆ ئه‌وان گونجاوه‌.

به‌گوته‌ی ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌ره‌، "ئه‌و دۆخه‌ی له‌ عێراق سه‌ریهه‌ڵداوه‌، هیچ كاریگه‌ری له‌سه‌ر لقی كۆمپانیا بیانییه‌كان نه‌بووه‌ له‌ هه‌رێم، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ كۆمپانیای بیانی زیاتر لقه‌كانیان له‌ هه‌رێم ده‌كه‌نه‌وه‌، هیچ كۆمپانیایه‌كیش هه‌رێمی به‌جێ نه‌هێشتووه‌".


وشە - تایبه‌ت

ئه‌م بابه‌ته 180 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌