ژماره‌ی قوربانیانی كۆرۆنا له‌ چین هه‌زار كه‌سی تێپه‌ڕاند

:: AM:11:56:11/02/2020 ‌
كۆمسیۆنی ته‌ندروستی نیشتمانی چین له‌ راگه‌یه‌نراوێكدا دوا ئاماری قوربانیانی ڤایرۆسی كۆرۆنای راگه‌یاند، له‌ ئێواره‌ی دوێنێوه‌ تا ئه‌مڕۆ دوو هه‌زار و 478 كه‌سی تر تووشی ئه‌و ڤایرۆسه‌ هاتوون و ژماره‌ی قوربانیانیش گه‌یشته‌ هه‌زار و 16 كه‌س.
دوو هه‌زار و 478 حاڵه‌تی نوێی تووشبوون تۆمار كراوه‌

ئه‌مڕۆ سێشه‌م 11ی شوبات، ئاژانسی هه‌واڵی "دویچه‌ڤێله‌" بڵاوی كردووه‌ته‌وه‌، كۆمسیۆنی ته‌ندروستی نیشتمانی چین له‌ راگه‌یه‌نراوێكدا دوا ئاماری تووشبووان و قوربانیانی ڤایرۆسی كۆرۆنای راگه‌یاندووه‌، تێیدا دوو هه‌زار و 478 حاڵه‌تی نوێی تووشبوون تۆمار كراوه‌.

له‌ ماوه‌ی 24 سه‌عاتی رابردوو له‌ چین 108 كه‌س به‌هۆی تووشبوون به‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا گیانیان له‌ ده‌ست داوه‌، به‌مه‌یش ژماره‌ی قوربانیانی ئه‌و په‌تا كوشنده‌یه‌ گه‌یشتووه‌ته‌ هه‌زار و 16 كه‌س.

به‌پێی راگه‌یه‌نراوه‌كه‌ی ته‌ندروستی نیشتمانی، له‌ ماوه‌ی یه‌ك رۆژدا دوو هه‌زار و 478 كه‌س تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون و ژماره‌ی تووشبووان له‌ سه‌رانسه‌ری چین گه‌یشتووه‌ته‌ 42 هه‌زار و 638 كه‌س.

هاوكات رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی له‌ ئامارێكدا ئاشكرای كردووه‌، ڤایرۆسی كۆرۆنا له‌ 24 وڵاتی دنیادا بڵاو بووه‌ته‌وه‌ و له‌ ده‌ره‌وه‌ی چین ته‌نیا 319 كه‌س تووشی ڤایرۆسه‌كه‌ بوون.

شی جین پینگ له‌كاتی سه‌ردانكردنی تووشبووانی كۆرۆنا له‌ نه‌خۆشخانه‌یه‌كی ئه‌و وڵاته‌ به‌ میدیاكانی راگه‌یاند، تا دێت شوێنه‌واری ئه‌و ڤایرۆسه‌ به‌سه‌ر سیستمی ئابووری ئه‌و وڵاته‌وه‌ خۆی ده‌رده‌خات و چین به‌هۆی كۆرۆناوه‌ تووشی زیانێكی گه‌وره‌ی ئابووری هاتووه‌.

هاوكات رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی بۆ رێگری و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ئه‌و په‌تا كوشنده‌یه‌، كۆبوونه‌وه‌یه‌كی به‌رفراوان له‌سه‌ر ئاستی دنیا به‌ڕێوه‌ ده‌بات، بڕیاره‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ ئه‌م ئێواره‌یه‌ ده‌ست پێ بكات و بۆ ماوه‌ی دوو رۆژ به‌رده‌وام بێت.


وشە - هیدایه‌ت جان

ئه‌م بابه‌ته 135 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌