ئه‌و پیاوه‌ی به‌ندیخانه ژیانی گۆڕی و بوو به یه‌كێك له سیمبۆله دیاره‌كانی سیاسه‌ت له‌سه‌ده‌ی بیسته‌م، دوای برینداربوون و گرتن و ڕاگواستن و دووباره بهندكردنهوهی، دواجار توانی یوگسلاڤیای شیوعی به به‌هێزی دابمه‌زرێنێت، به‌ڵام ئه‌و ده‌وڵه‌ته به‌هێزه‌ی ئه‌و دروستی كرد، له هه‌مان كاتدا خه‌ریكی داڕمان و داڕووخان بوو و دواجار ته‌نیا ناوی له مێژوو مایه‌وه.
جۆزێف تیتۆ له حه‌وتی ئایار/مایۆی 1892 له گوندی كۆمروڤیتش له باكوری كڕواتیا له دایكێكی سلۆڤینی و باوكێكی كڕواتی له دایكبوو، له ساڵی 1900 چووه قوتابخانه‌ی سه‌ره‌تایی، به‌ڵام نه‌یتوانی خوێندن ته‌واو بكات، به‌هۆی پێویستی خانه‌واده‌كه‌ی بۆ پاره و ناچاربوونی به ڕۆیشتن بۆ شاری سیساك مارس و كاركردنی له كارگه‌یه‌كی ئاسنگه‌ری، له ساڵی 1907 تا 1913 له كاركردن له‌و كارگه‌یه به‌رده‌وام بوو و دواتر چووه ڕیزی سوپا و پێوه‌ندی به له‌شكری نه‌مسا كرد، پاش هه‌ڵایسانی جه‌نگی یه‌كه‌می جیهان بۆ شه‌ڕكردن ڕه‌وانه‌ی بوداپستی پایته‌ختی هه‌نگاریا كرا و له یه‌كێك له جه‌نگه‌كان به سه‌ختی بریندار ده‌بێ و به دیلی ده‌كه‌وێته ده‌ست هێزه‌كانی ڕووسیا.
گرتووخانه وه‌ك قوتابخانه‌ی سه‌ركه‌وتن
پاش ئه‌وه‌ی تیتۆ به برینداری كه‌وته ده‌ست ڕووسه‌كان ماوه‌ی 13 مانگ له نه‌خۆشخانه‌یه‌كی ڕووسیا چاره‌سه‌ری وه‌رگرت و دوای چاكبوونه‌وه‌ی ڕه‌وانه‌ی گرتووخانه‌یه‌كی سه‌ربازی له چیاكانی ئۆرال كرا، له‌وێ كارێزما و به‌هێزی كه‌سایه‌تی تیتۆ ده‌ركه‌وت، تا كار گه‌یشته ئه‌وه‌ی گیراوه‌كانی گرتووخانه‌كه هه‌مووان به كۆی ده‌نگ ڕه‌زامه‌ندیان پێ دا تا وه‌ك سه‌ركرده‌ی ئه‌وان مامه‌ڵه و ڕه‌فتار بكات و به پێشه‌وا و ڕابه‌ری خۆیان ناویان ده‌برد.
دوای برینداربوون و دووجار گرتنی دواجار بوو به سه‌ركرده‌یه‌كی سیاسی كه تا ئێسته‌یش به به‌رده‌وامی ناوی ده‌هێنرێت
پاش هه‌ڵگیرسانی شۆڕشی ئۆكتۆبه‌ری 1917 له‌لایه‌ن بهلشڤهییهكان به سه‌ركردایه‌تی ڤلادیمێر لینین و ڕووخاندنی حكوومی پاشایه‌تی ڕووسیا، له كاتی شۆڕشه‌كه، شۆڕشگێڕان هه‌ڵیانكوتایه سه‌ر گرتووخانه‌كه و داگیریان كرد و سه‌رجه‌م گیراوهكانیشیان ئازاد كرد، كه له نێویان دا جۆزێف تیتۆیش بوونی هه‌بوو، ئه‌مه‌یش وایكرد سۆز و هه‌ستێكی گه‌وره‌ی به‌رانبه‌ر شیوعیه‌ت لا دروست ببێ و به ته‌واوی به ڤلادیمێر لینین سه‌رسام بوو، دوای ڕزگاربوونی ناگه‌ڕێته‌وه و پێوه‌ندی به سوپای سووری شیوعییه‌كان ده‌كات و دژی سیسته‌می كۆنی ڕووسیا ده‌جه‌نگێت، ئه‌مه‌یش خۆری سیاسی ئه‌و كه‌سایه‌تییه به ته‌واوی ده‌گه‌شێنێته‌وه و بهلشهڤییهكانیش ڕێزێكی زۆری ده‌گرن، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی له گرتووخانه ڕزگاریان كردووه، تا بگه‌ڕێته‌وه ناو ماڵباته‌كه‌ی، كه‌چی ئه‌و ڕه‌تی كرده‌وه و ده‌ستی دایه چه‌ك وه‌ك سه‌ربازێك بۆ سه‌رخستنی شۆڕشی ئۆكتۆبه‌ر.
پاش سه‌ركه‌وتنی شۆڕشی بهلشهڤیییهكان بڕیاری دا بگه‌ڕێته‌وه یوگسلاڤیا و ده‌سبه‌جێش پێوه‌ندی به حزبی شیوعی یوگسلاڤی كرد، به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئازادی بۆ حزبی شیوعی له وڵاتانی ناوچه‌كه ده‌سته‌به‌ر كرا بوو، ئه‌وان به ئاسایی كار و چالاكیان ئه‌نجام ده‌دا، تا دواجار به‌هۆی ڕفاندن و تیرۆركردنی سیاسه‌تكاری یوگسلاڤی میلوراد دراشكوڤیتش و به‌هۆی تۆمه‌تباركردنی شیوعییه‌كان، حزبی شیوعی له‌و ناوچه‌یه قه‌ده‌غه كران و كادرانیشیان ده‌گیران و ده‌كوژران.
به‌هۆی ئه‌و دۆخه تیتۆ بڕیاری دا له سیاسه‌ت دوور بكه‌وێته‌وه و بۆ شاری تروگستفو گواستییه‌وه، له بواری نووسین و چاپكردنی كتێب كاری ده‌كرد، به‌ڵام دواجار به‌شێوه‌یه‌كی نهێنی ده‌ستی به چالاكی كرده‌وه له ڕیزی حزبی شیوعی، كه خه‌باتی نهێنیان په‌ره پێ دا، دوای ئه‌وه‌ی قه‌ده‌غه كران. تیتۆ توانی لقی زه‌گره‌بی حزبی شیوعی یوگسلاڤی به ته‌واوی به‌هێز بكات، به‌ڵام دواتر پێی زانرا و گیرا و ماوه‌ی پێنج ساڵ له گرتووخانه مایه‌وه و دوای ئازادكردنیشی له ژێر ناوی خوازراو كاری ده‌كرد و زۆر بابه‌تی له ڕۆژنامه‌كان ده‌نووسی.
له 1935 به‌ره‌و یه‌كێتیی سۆڤیه‌ت گه‌شتی كرد و له‌وێ چووه په‌یمانگه‌ی به‌هێزكردنی كادرانی حزبی شیوعی و سه‌ركه‌وتنی گه‌وره‌ی به ده‌ستهێنا و دواجار ستالین بڕیاری دا، كه تیتۆ بنێرێته‌وه بۆ یوگسلاڤیا تا ڕیزه‌كانی حزبی شیوعی له‌و وڵاته ڕێك بخاته‌وه.
توانی به‌ربه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی و ئیتنی بشكێنێت و شیوعیه‌تی سه‌ربه‌خۆخوازی جێگیر بكات
گه‌یشتن به ده‌سه‌ڵات
له 1941 و له په‌راوێزی جه‌نگی دووه‌می جیهانی، كاتێك ئه‌ڵمانیای نازی هێرشیان كرده سه‌ر یوگسلاڤیا پاشا و سوپای شاهانه‌ی وڵاته‌كه هه‌ڵاتن و به‌رگه‌ی هێرشی ئه‌ڵمانیایان نه‌گرت، ئه‌مه ده‌رفه‌تێكی مه‌زنی به شیوعییه‌كان دا و تیتۆ ده‌سبه‌جێ لیژنه‌ی سه‌ربازی له سه‌ركردایه‌تی حزبی شیوعی دامه‌زراند و دواتریش ئه‌نجوومه‌نی ڕزگاری نیشتمانیان بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی داگیركاری ئه‌ڵمانیا ڕاگه‌یاند و داوایان له گه‌نجانی وڵاته‌كه كرد، پێوه‌ندی به ڕیزه‌كانیان بكه‌ن و خه‌بات له پێناوی ڕزگاری وڵاته‌كه‌یان ده‌ست پێ بكه‌ن، به‌مه‌یش ڕیزه‌كانی یوگسلاڤیایان ڕێكخسته‌وه و توانیان گورزی كوشنده له له‌شكری نازییه‌كان بده‌ن، دوای جه‌نگی دووه‌می جیهان، جۆزێف تیتۆ بوو به سه‌رۆك وه‌زیرانی یوگسلاڤیا و ده‌ستوورێكی نوێ دانرا و سه‌رله‌نوێ سوپای یوگسلاڤیا دامه‌زرێنرایه‌وه، كه بوو به یه‌كێك له به‌هێزترین سوپاكانی كیشوه‌ری ئه‌وروپا و دواجاریش تیتۆ بوو به سه‌ركۆماری وڵاته‌كه و گه‌یشت به ترۆپكی ده‌سه‌ڵات.
شیوعی تیتۆیی
هه‌رچه‌نده تیتۆ زۆر سه‌رسام بوو به بنه‌ماكانی شۆڕشی ئۆكتۆبه‌ر و به ته‌واوی پێره‌وی بنه‌ماكانی لینینی ده‌كرد، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ستالین ناكۆكی زۆری هه‌بوو، به‌وهۆیه‌وه ستالین له لیژنه‌ی جیهانی شیوعییه‌ت ده‌ری كرد و وه‌ك گاڵتهپێكردنێكیش بیر و باوه‌ڕه‌كانی تیتۆی ناونابوو به شیوعیه‌تی تیتۆ، هۆكاری ئه‌مه‌یش بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕایه‌وه، كه تیتۆ ده‌یه‌ویست نیشتمانه‌كه‌ی سه‌ربه‌خۆ بێ، نه‌ك ببێته به‌شێك له یه‌كێتیی سۆڤییه‌ت، دواجاریش ئه‌و چه‌مكه زۆر به‌ربڵاو بوو، هه‌موو ئه‌و وڵاتانه‌ی هاوپه‌یمانی سۆڤیه‌ت بوون و ویستی سهربهخۆخوازییان هه‌بوو، ناویان لێ نرابوو شیوعیه‌تی تیتیۆیی.
ئه‌و پێڕه‌وی سیاسه‌تێكی ته‌واو سه‌ربه‌خۆخوازانه‌ی كرد، دوای پاشه‌كشه‌كردن له چوونه ژێر باڵی سۆڤیه‌ت، ملی بۆ هیچ هێزێكی ئه‌وروپیش نه‌دا، له‌گه‌ڵ جه‌مال عه‌بدولناسری سه‌رۆكی میسڕ و جه‌واهر لال نه‌هرۆی سه‌رۆكی هیندستان پێوه‌ندی تۆكمه‌ی دروست كرد و پێوه‌ندییه دیپلۆماسییه‌كانی وڵاته‌كه‌ی له كیشوه‌ری ئه‌وروپا و ئۆراسیا بۆ ئه‌فریقا و باشووری ئاسیا په‌ڕانده‌وه.
تا ساڵی 1979 سه‌ركردایه‌تی وڵاته‌كه‌ی كرد و دواجار له‌و ساڵه به‌هۆی دروستبوونی گرفت له ده‌ماره‌كانی قاچی له سیاسه‌ت دووركه‌وته‌وه و كه‌وته ژێر چاره‌سه‌ری چڕی پزیشكی و دواجاریش له چواری ئایار/مایۆی 1980 كۆچی دوایی كرد و ماوه‌ی حه‌وت ڕۆژ پرسه له وڵاته‌كه ڕاگه‌یه‌نرا و زۆربه‌ی سه‌ركرده‌كانی جیهانیش له ڕێوڕه‌سمی ناشتنی به‌شداربوون.
داڕمانی یوگسلاڤیا
مه‌رگی
تیتۆ به سه‌ره‌تای هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی یوگسلاڤیا داده‌نرێ، كه هه‌ریه‌ك له وڵاتانی "سڕبیا، كڕواتیا، سلۆڤینیا، بۆسنه و هرسك، مۆنتیگرۆ، مه‌كدۆنیا" له چوارچێوه‌ی یوگسلاڤیا بوون، ناكۆكییه‌كان ده‌ستیان پێكرد و زیاتر په‌ره‌یان سه‌ند و تا دواجار له كۆتایی ساڵانی هه‌شت و سه‌ره‌تای نه‌وه‌د دابه‌شبوونه‌كان و هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی یوگسلاڤیا ده‌ستی پێكرد و دواجاریش له 2006 به‌یه‌كجاری ناوی یوگسلاڤیا له‌سه‌ر نه‌خشه‌ی جیهان بوونی نه‌ما و سڕایه‌وه.
سه‌ره‌ڕای نه‌مانی یوگسلاڤیا، به‌ڵام تیتۆ ئێسته‌یش له ناوه‌نده سیاسییه‌كانی دنیا ئایدلۆجیا و بیركردنه‌وه‌كانی گرنگی زۆری پێ ده‌درێ، له‌و ڕووه‌وه‌یش شاره‌زایان به‌سه‌ر دوو به‌ره دابه‌شبوون، یه‌كێكیان به ڕزگاركه‌ری یوگسلاڤیا له ده‌ستی نازییه‌كان و نه‌هێشتنی جیاوازی نه‌ته‌وایه‌تی و ڕه‌گه‌زی و ئاینی و چه‌سپاندنی حوكمی دیموكراسی و ئازادی ناوی ده‌به‌ن، به‌ڵام به‌ره‌ی دووه‌م به دیكتاتۆرێكی زیره‌ك ناوی ده‌به‌ن، كه پێڕه‌وی سیاسه‌تی سۆڤیه‌تی كردووه له ڕۆژهه‌ڵاتی ئه‌وروپا.