بەوێنە.. رۆژنامەی Dailymail سەرنجی دنیا دەخاتە سەر قارەمانیەتی كچانی پێشمەرگە

:: AM:11:53:13/02/2020 ‌

Dailymail رۆژنامەی بە ناوبانگی بەریتانیی، راپۆرتێكی تایبەتیی لەبارەی چۆنیەتیی راهێنانی پێشمەرگە بڵاو كردەوە و لە راپۆرتەكە تیشكی خستووەتە سەر ئەو جۆرە راهێنانەی كە كچانی پێشمەرگە ئەنجامی دەدەن. لێكردنەوەی گۆشتی ماری زیندوو و كەروێشك بە ددانیان، بەشێكە لەو راهێنانەی سەرچاوەكە وێنەی گرتووە و سەرنجی دنیای بۆ ئەم رووداوە راكێشاوە.

فۆتۆگرافەری دەیڵی مەیل لە كاتی ئەم راهێنانە لە شوێنی راهێنانەكە ئامادە بووە كە لە نزیك سۆران ئەنجام دراوە. بەگوتەی سەرچاوەكە ژنان و كچانی پێشمەرگە راهێنانی سەختیان پێ دەكرێت. ژنان بە رۆیشتنی شاراوە بە ناو قوڕ و لیتەدا و لێكردنەوەی گۆشتی ماری زیندوو بە ددانیان، دەیانەوێت ئەوە بۆ هاوپیشە نێرەكانیان بسەلمێنن هیچ كەمییەكیان بەرانبەر ئەوان نییە و هاوشێوەی پیاو دەتوانن راهێنانی سەخت بكەن و رووبەڕووی ناخۆشی و دۆخی تایبەت ببنەوە.
هێزەكانی پێشمەرگە بوون لەسەر زەوی داعشیان تێكشكاند.

بەگوتەی ئەو رۆژنامەیە، هێزەكانی پێشمەرگە رۆڵێكی زۆر كاریگەریان بینیوە لە جەنگی دژی داعش و دوای ئەوەی لە ساڵی 2014 داعش بەشێك لە خاكی عێراق و سووریای داگیر كرد، هێزەكانی پێشمەرگە بوون لەسەر زەوی داعشیان تێكشكاند.

پاراستنی كۆبانێ و رێگریكردن لە زاڵبوونی داعش بەسەر شارەكە دوای چوار مانگ لە بەرگری و بەرخودان و رزگاركردنی بەنداوی مووسڵ لە ژێردەستی تیرۆریستانی داعش دوای خەباتێكی قارەمانانە، دوو لەو سەركەوتنە گرینگانەن كە لەلایەن كچانی پێشمەرگەوە تۆمار كراون.

Dailymail  باسی لە ناسراوترین تایبەتمەندییەكانی هێزی پێشمەرگە لە دنیادا دەكات و دەڵێت، جیاوازی لە نێوان رەگەزەكان ناكرێت و شانبەشانی یەكتر لە گۆڕەپانی جەنگ بەشداری دەكەن.

دەیڵی مەیل راپۆرتێكی پێشووی خۆی بیر خوێنەر هێناوەتەوە كە لە ساڵی 2014 بڵاوی كردبووەوە و دەڵێ، ئەوكات  پێشمەرگەیەكی كچ پێی گوتبوو، كچانی پێشمەرگە لە كاتی جەنگدا زۆر لە كوڕان بۆ داعش مەترسیدارترن، چونكە بە باوەڕی داعشەكان ئەگەر لەلایەن رەگەزی مێیینە بكوژرێن، ئەوا هەرگیز بەهەشت نابینن.





































وشە - سلێمان تاشان