ئاوارەیی یان بارمتەیی سێیەم بژارەی مووسڵاوییەكان چییە

:: PM:05:41:17/10/2016 ‌

لەگەڵ دەست پێ كردنی جەنگی مووسڵ و پێشڕەوی هێزەكانی بەشدار بۆ ئازادكردنەوەی شارەكە لە داعش، چارەنووسی زیاتر لە ملیۆنێك هاووڵاتی شارەكە نادیارە، داعش رێگری لە چوونەدەرەوەیان لە شارەكە دەكات، بەرپرسانی عێراقیش لە نێوان هاندانیان بۆ نەڕۆیشتن لە شارەكە و دیاریكردنی رێڕەوی دەربازكردن بۆیان یەك هەڵوێست نین، رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانیش نیگەرانی و ترسیان لە چارەنووسیان هەیە.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەم جەنگی ئازادكردنەوەی مووسڵ دەستی پێ كرد و تا ئێستە هێزی پێشمەرگەی كوردستان توانوویەتی هەشت گوند لە داعش پاك بكاتەوە و لە پێشڕەویكردن بەردەوامە، بەپێی فەرماندە سەربازییەكان جەنگەكە بە قۆناغی دیاریكراو بەڕێوە دەچێت، بەڵام چەند دەخایەنێت دیار نییە.

لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە هاووڵاتییانی مووسڵ لە دۆخێكی خراپدان، ئەوەش بەهۆی ئەو جەنگەی كە دەستی پێ كرد و ئەو بۆردمانە چڕەی شارەكە لەلایەن هاوپەیمانانەوە دەكرێت، سەرچاوەكان لە مووسڵ بەتایبەتی لە گەڕەكەكانی شیفا و زەنجەبیلی و باب ئەلتوب و شەقامی كۆڕنیش و غاباتی مووسڵ و گەڕەكی مامۆستایان كە زیاترین بۆردمانەكان ئەوانی گرتەوە، ئاماژە دەكەن كە دەنگی هاواری منداڵ و ئافرەت بەرز بووەتەوە و قوربانیان هەیە.

هاوكات لەگەڵ پەنابردنی ئەو هاووڵاتییان بۆ كۆكردنەوەی خۆراك و پێداویستیان لە ماڵەكانیان و خۆئامادەكردنیان بۆ ئەو دۆخەی كە دەستی پێ كردووە، كەسێكی مووسڵ لەو بارەوە دەڵێت كە داعش بارەگەكانی بۆناو شوێنی نیشتەجێی هاووڵاتیان گواستووەتەوە و بۆردمانی هاوپەیمانانیش زیاتر هەرەمەكییە، بۆیە قوربانی زۆر هەیە. 

محەمەد حەمدانی ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگەی نەینەوا لەو بارەوە دەڵێت كە هاووڵاتییانی مووسڵ لە مەترسیدان و راپۆرتمان پێ گەیشتووە لەبارەی بوونی كوژراو و بریندار بەو هۆیەوە و نەخۆشخانەكانیش وەك پێویست نین.

لای خۆیانەوە و لەگەڵ دەست پێ كردنی جەنگی مووسڵ رێكخراوە مرۆیی و نێودەوڵەتییەكان زەنگی مەترسیان لێ دا لە ئەگەری كردنە ئامانجی هاووڵاتییان لە شارەكە كە ژمارەیان دەگاتە ملیۆنێك و 500 هەزار كەس.

كۆمسیۆنی كاروباری پەناخوازانی سەر بەنەتەوە یەكگرتووەكان لای خۆیەوە رای گەیاند كە ژمارەی ئەو هاووڵاتییانەی مووسڵ كە گەمارۆ دراون لە ناو شارەكە دەگاتە ملیۆنێك و 200 هەزار كەس، ئەوەش دوای هەڵاتنی زیاتر لە 100 هەزار هاووڵاتی لە ماوەی رابردوودا.

كۆمسیۆنەكە پێشبینی ئەوەی كرد كە بەهۆی جەنگەكەوە ملیۆنێك كەس لە مووسڵ ئاوارە بن لەوانە 100 هەزاریان روو لە هەولێر و سلێمانی بكەن و 250 هەزاریش بەرەو باكوری پارێزگەی نەینەوا و 350 هەزاریش بەرەو باشووری پارێزگەكە و پارێزگەی سەڵاحەدین.

لە ماوەی رابردوو لەكاتی ئاماسازییەكان بۆ جەنگی مووسڵ نەتەوە یەكگرتووەكان بە هەماهەنگی لەگەڵ هەرێمی كوردستان سێ كەمپ بۆ داڵدەدانی ئاوارەكان هاتە دامەزراندن، هاوكات كەمپی هۆل لە پارێزگەی حەسەكە ئەویش ئامادەیە بۆ داڵدەدانی ئاوارەكانی مووسڵ. 

رێكخراوی ئۆكسفام مەترسی خۆی لە بەرامبەر گەمارۆدانی سەتان هەزار هاووڵاتی مووسڵ بەهۆی جەنگەوە دەربڕی و رای گەیاند كە خێزانەكان لەبەردەم بژارەی سەختن، یان مانەوەیان لە ناوچەكانی ژێر دەستی داعش كە بەدەست بۆردمان و كەمی خۆراك و پێویستییەكانی ژیان دەناڵێنن، وەیا هەڵاتن و رووبەڕووبوونەوەی مەترسی بۆمبی چێنراو و و گولە و ئاوارەیی.

ئەندرێس گۆنزالیس بەڕێوەبەری نووسینگەی ئۆكسفام لە عێراق داوای كرد كە رێگەی دەربازیبوون بۆ ئەو هاووڵاتییانەی مووسڵ و شوێنی حەوانەوەیان لە ناوچەكانی تر بۆ دابین بكرێت، بۆیە پێویستە هێزە شەڕوانەكان خۆیان لە بۆردمانی هاووڵاتییان و بەكارهێنانی چەكی قورس لە ناوچە هاووڵاتینیشنەكان بەدوور بگرن بەمەبەستی پاراستنی هاووڵاتیان.  

حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە وتاری دەست پێكردنی جەنگی مووسڵ ئاماژەی بۆ دابینكردنی رێڕەوی دەربازبوون بۆ هاووڵاتییانی مووسڵ نەكرد كە ژمارەیان ملیۆنێك و 500 هەزار كەس دەبێت. 

عەبادی تەنیا ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە لە هێزە بەشدارەكان تەنیا سوپای عێراق و پۆلیسی فیدراڵ دەچنە سەنتەری مووسڵ، وەك هەوڵێك بۆ رەواندنەوەی ترسی هاووڵاتییانی شارەكە، هەر دوێنێ سوپای عێراق دەیان هەزار بڵاو كراوەی بەسەر مووسڵ بڵاو كردەوە كە خەڵكەكەی لەوە دڵنیا كردەوە كە نایانكەنە ئامانج و خۆیان لە بارەگەكانی داعش بەدوور بگرن و ماڵی خۆیان جێ نەهێڵن. 

ستیڤن ئۆبراین جێگری ئەمینداری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری مرۆیی و فریاگوزاری رای گەیاند كە خێزانەكان لە مووسڵ لە مەترسی گەورەدان و رەنگە خۆیان وەك قوربانی جەنگەكە ببیننەوە.

زیاتر گوتی، لە خراپترین دۆخدا و بەهۆی سەختی جەنگەكەوە رەنگە زیاتر لە ملیۆنێك كەس ناچاری هەڵاتن بن لە مووسڵ و جەختی كردەوە كە منداڵ و پیرەكان زیاتر تووشی مەترسی دەبنەوە، لەپاڵ زیادبوونی مەترسی بەكارهێنانی ئەوان وەك قەلغانی مرۆیی لەلایەن داعشەوە یان دابین نەكردنی دەربازێك لەلایەن هێزەكانی عێراق بۆ دەرچوون لە شارەكە، بۆیە ئەو كات خۆیان لەناو جەنگێكدا دەبیننەوە كە هیچی بۆ ئەوان تیادا نابێت. 

كۆمسیۆنی پەنابەرانی سەر بەنەتەوە یەكگرتووەكان رای گەیاند كە رەنگە بەهۆی جەنگی مووسڵەوە 100 هەزار هاووڵاتی مووسڵ روو لە سووریا و توركیا بكەن، ئەو داوای كۆكردنەوەی 61 ملیۆن دۆلاری ئەمەریكایی وەك كۆمەك كرد بۆ دابینكردنی خێوەت و كەرەستەی تری پێویست بۆ ژیانی ئەوان لە كەمپەكاندا.

لەلایەكی تر نایف شمەری پەرلەمانتاری عێراق لە پارێزگەی نەینەوا دووپاتی كردەوە كە تا ئێستە هەڵاتنی هاووڵاتییانی مووسڵ بەو شێوەیە تۆمار نەكراوە و رەنگە ئەوەش بۆ دڵنیاكردنەوەیان لەلایەن هێزەكانی بەشدار لە ئازادكردنەوەی مووسڵ بگەڕێتەوە، و جەختی كردەوە كە هەڵاتنی هاووڵاتییان سوودی بۆ جەنگەكە دەبێت و رێگەش لە دزەكردنی تیرۆریستان لەگەڵ خێزانە هەڵاتووەكان دەگرێت.

فەریق روكن عەبدولغەنی ئەسەدی فەرماندەی دەزگەی دژەتیرۆری عێراق دووپاتی كردەوە كە رێنماییانە لە فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان بۆ هاتووە بەوەی لە كاتی هێرشكردنە سەر مووسڵ بۆ ئازادكردنەوەی لە داعش، هاووڵاتییانی ئاسایی لە بۆردمانكردن و كردنە ئامانجیان بەدوور بگرین.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەم جەنگی ئازادكردنەوەی مووسڵ دەستی پێ كرد و تا ئێستە هێزی پێشمەرگەی كوردستان توانوویەتی هەشت گوند لە داعش پاك بكاتەوە و لە پێشڕەویكردن بەردەوامە، ئێستە ئەوان لە دووری تەنیا 12 كیلۆمەترن لە سەنتەری مووسڵ. 

سەرچاوە: سكای نیوز، عەرەبی ئەلجەدید، سۆمەرییە نیوز 




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل