مه‌سروور بارزانی: حكوومه‌تی‌ نوێی‌ عێراق ده‌بێت پابه‌ندی‌ مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانی‌ كوردستان بێت

:: PM:06:37:14/02/2020 ‌
ئه‌مڕۆ هه‌ینی‌ 14ی‌ شوبات، مه‌سروور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌ شاری میونشن پێشوازی له‌ نه‌جاح شه‌مه‌ری وه‌زیری به‌رگری عێراق كرد.

گفتوگۆ ده‌رباره‌ی گۆڕانكاریی و پێشهاته‌كانی عێراق و ناوچه‌كه‌ كرا
به‌گوێره‌ی‌ ڕاگه‌یه‌نراوێكی‌ حكوومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا گفتوگۆ ده‌رباره‌ی گۆڕانكاریی و پێشهاته‌كانی عێراق و ناوچه‌كه‌ كرا،  دووپات له‌ گرنگیی سه‌قامگیربوونی بارودۆخی عێراق كرایه‌.

وه‌ك له‌ ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا هاتووه‌، سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ی به‌ هه‌وڵه‌كانی پێكهێنانی حكوومه‌تی نوێی عێراق كرد و گوتی "ئێمه‌ له‌گه‌ڵ پێكهێنانی حكوومه‌تێكین كه‌ زۆرینه‌ی پێكهاته‌كانی عێراق پشتیوانیی لێ بكه‌ن و پابه‌ندیش بێت به‌ مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان".

 ئاماژه‌ به‌وه‌یش كراوه‌ كه‌ له‌ ته‌وه‌رێكی تری‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا گفتوگۆ ده‌رباره‌ی گرنگیی به‌رده‌وامبوونی هاوئاهه‌نگی‌ زیاتری نێوان هێزی پێشمه‌رگه‌ و سوپای عێراق بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی هه‌ره‌شه‌ به‌رده‌وامه‌كانی تیرۆریستانی داعش كرا.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم