بانكی ناوەندی عێراق بڕیاری بە پێدانی قەرزێكی 50 ملیۆن دیناریی بۆ ئەو هاووڵاتییانەی خاوەن زەویی نیشتەجێبوونن داوە.
ئەمڕۆ شەموو 15ـی شوبات،
بانكی رافیدەینی عێراق لە راگەیانراوێكدا بڵاوی كردووەتەوە، بڕیار دراوە بڕی 50 ملیۆن دینار بە هەر كەسێك بدەن وەك قەرز ئەگەر داوای بكات، لە هەمان كاتدا پارچە زەوییەكی نیشتەجێبوونی هەبێت كە بە ناوی خۆی تۆمار كرابێت، یان ئەوەی بە هاوبەشی لەگەڵ كەسانی تردا زەوییەكە تۆمار كرابێت.
باس لەوەش كراوە، بڕی یەكەمی قەرزەكە 25 ملیۆن دینارە و كاتێك بناغەی خانووەكە تەواو دەبێت دەدرێ، بڕی دووەمی قەرزەکەش لەدوای تەواوبوونی سەقفی خانووەکە دەدرێ، کە ئەویش 25 ملیۆن دینارە.
لە مەرجەكاندا ڕوون كراوەتەوە، پێویستە تاپۆی زەوییەكە تازە دەركرابێت و لەلایەن فەرمانگەی تۆماری خانووبەرەی تایبەتمەندەوە پشتڕاست كرابێتەوە، تا دواتر بتوانرێت بۆ بەرژەوەندیی بانكەكە بخرێتە چاودێری.
"ئەو كەسەی داوای وەرگرتنی قەرزەكە دەكات، نەخشەی خانوو و مۆڵەتی دروستكردنی خانووەكە بە ناوی قەرزكەرەكە پێشكەش بكات". لە مەرجەكاندا وا هاتووە.
بڵاوكردنەوەی ئەو هەواڵە لە كاتێكدایە، چەند جارێك هەرێمی كوردستان داوای كردووە بانكی فیدڕاڵ و ڕافیدەین لقی خۆیان لە هەرێمی كوردستان بكەنەوە تا هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان تێیدا سوودمەند بن.