كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی یەكێتی ڕاگیران

:: AM:11:56:15/02/2020 ‌
كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی ڕاگیرا و كۆسرەت ڕەسووڵ سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای بەرژەوەندییەكانی یەكێتی، كوردستانی جێهێشت.

كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی یەكێتی كۆتایی هات 
ئەمڕۆ شەموو 15ـی شوبات، مستەفا چاوڕەش سەرپەرشتیاری كۆبوونەوەكان و ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی یەكێتی بە میدیاكانی ڕاگەیاند، كەمێك پێش ئێستە لەسەر داوای كۆسرەت رەسووڵ عەلی سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەكێتی، كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی یەكێتی كۆتایی هات.

سەرپەرشتیاری كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێـتی گوتی، دوای گەڕانەوەی كۆسرەت رەسووڵ كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەنەكە بۆ راییكردنی ئەركە حزبییەكان و هاوئاهەنگی ئۆرگانەكان دەست پێ‌ دەكاتەوە .

ئاشكرای كرد، چەند رۆژێكە ئەنجوومەنی سەركردایەتیی یەكێتی لە كۆبوونەوەی بەردەوامدایە بۆ گفتوگۆ و پەسەندكردنی هەمواری پێڕەوی ناوخۆی حزب، ئێستەش سەرجەم مادەكانی پێڕەوی ناوخۆی هەموار كرا و پەسەند كراون كە 77 مادە بوون.

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كێشەكانی‌ ڕۆژ بەڕۆژ قووڵتر دەبنەوە و ئێستە دانانی‌ سیستمی‌ هاوسەرۆكایەتی،‌ یەكێكە لە كێشە نوێیەكانی‌ ئەو حزبە و چاوەڕێ‌ ناكرێ‌ لە داهاتوویەكی‌ نزیك چارەسەر بكرێ‌.

دوای بەستنی كۆنگرەی چوارەمی ئەو حزبە، ناڕەزایەتی لە ناو یەكێتی بەردەوامی هەیە و هەفتەی ڕابردوو كۆسرەت ڕەسووڵ داوای ڕاگرتنی كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی كرد، لە نامەكەدا نووسراوە داوامان وایە لە هەموو بارێكەوە دۆخی یەكێتی وردتر لێكبدەنەوە و تەواوی ئەگەرەكان لەبەرچاو بگرن.



وشە - رامیار جەواد