ئێران گڵۆپی سەوز بۆ میلیشیاكان بۆ كردنەئامانجی ئەمەریكا هەڵدەكات

:: PM:06:30:15/02/2020 ‌

لە 3ی كانوونی دووەمی ئەمساڵ ئەمەریكا لە هێرشێكی مووشەكیدا قاسم سلێمانی فەرماندەی فەیلەقی قودس و ئەبو مەهدی موهەندیس جێگری سەرپەرشتیاری حەشدی شەعبی لە بەغدا كوشت، ئەوكات ئێران میلیشیاكانی ئاگەدار كردەوە كە خۆی تۆڵە دەكاتەوە و مووشەكبارانی دوو سەربازگەی ئەمەریكای لە عێراق كرد، ئەمڕۆ وەزیری دەرەوەی ئێران رای گەیاند كە عێراقییەكان پێویستیان بە رەزامەندیی ئێران نییە بۆ تۆڵەسەندنەوە.
گەڕێكی تری بۆردمان و مووشكبارنكردن لە عێراق دەست پێ دەكاتەوە
ئەمڕۆ شەموو محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران لە كۆڕێك لە پەراوێزی كۆڕبەندی میونخ بۆ ئاسایش لە ئەڵمانیا گوتی، مووشەكبارانكردنی عەین ئەسەد لە وەڵامی كوشتنی سلێمانی بوو، هاوكات ئەمەریكا لەگەڵ سلێمانی بەرپرسێكی عێراقیشیان كوشت و ئەوەیش وەڵامی دەبێت و ئێمە ناتوانین كۆنترۆڵی كاردانەوەی گەلی عێراق بەوهۆیەوە بكەین. 

زیاتر گوتی، ئەمەریكا كارێكی سەربازی ئەنجام داوە و نایەوێت ئەنجامەكەی بگرێتە ئەستۆ، بۆیە پێشبینی دەكەین عێراقییەكان وەڵامیان هەبێت و ئەوانیش مرۆڤن و كەرامەتیان هەیە و خۆیان وەڵامی ئەمەریكا دەدەنەوە و پێویستیان بە یارمەتی و رەزامەندیی ئێران نییە.

لەوكاتەی ئەو قسانەی زەریف وەك هەڵكردنی گڵۆپی سەوزە بۆ میلیشیاكانی حەشدی شەعبی بۆ ئەنجامدانی كردەی سەربازی لەدژی بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا لە عێراق بە پاساوی تۆڵەسەندنەوە بۆ كوشتنی ئەبو مەهدی موهەندیس، نەسیر شمەری جێگری ئەمینداری گشتیی بزاوی نوجەبای نزیك لە ئێران لە تویتەر نووسیویەتی، بڕیارمان داوە بەمنزیكانە وەڵامی سەربازیانەی ئەمەریكا بدەینەوە و بۆ ئەوەیش وەڵامی هیچ داواكارییەك نادەینەوە بۆ دواخستنی وەڵامەكەمان.

دوێنێ ئەكرەم كەعبی ئەمینداری گشتیی بزاوی نوجەبا لە بەیاننامەیەكدا دووپاتی كردەوە كە سەعاتی سفری تۆڵەسەندنەوە لە ئەمەریكا بەهۆی گوشتنی موهەندیس نزیك بووەتەوە و بڕیارمان داوە ئەمەریكا لەخاكی عێراق دەربكەین، بۆیە خۆمان ئامادە كردووە چاودێری جموجۆڵەكانی ئەمەریكا لە عەین ئەسەد و كەی وەن و تاجی و فڕۆكەخانە و هیتریش دەكەین.

ئەو قسانە هاوكاتن لەگەڵ بڵاوبوونەوەی نامەیەكی كۆشكی سپی بۆ كۆنگرێسی ئەمەریكا كە تیایدا هۆكارەكانی بڕیاری دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكای سەبارەت بە كوشتنی قاسم سلێمانی روون كردەوە كە بەهۆی زیادبوونی هێرشەكانی ئێران و میلیشیاكانی بووە لە ماوەی رابردوو بۆ سەر هێز و بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.      





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل