ماوەی چەند ڕۆژێكە بەڕێوەبەری گشتی هاتوچۆی سلێمانی چوەتە ماڵەوە و دەوام ناكات، بە گوتەی خۆشی هۆكارەكەی تایبەتیە، لەگەڵ ئەوەشدا كارمەندانی هاتوچۆ بایكۆتی دەوامیان كردووە و شار خرۆشاوە.
نەریمان عەزیز، بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ئەو كە چوەتە ماڵەوە دانیشتووە مۆڵەتی كردووە و هۆكارەكەشی تایبەتییە.
هەرچەندە بەڕێوەبەری گشتی هۆكاری چونەوەی ئاشكرا نەكرد، بەڵام ناوبراو گوتی: "مۆڵەت وەرگرتنەكەم هیچ پەیوەندی بە نەبوونی مووچەوە نییە".
مۆڵەتەكەی بەڕێوەبەری گشتی هاتوچۆی سلێمانی لە كاتێكدایە، ماوەی دوو ڕۆژە كارمەند و ئەفسەرانی هاتوچۆی سلێمانی دەستیان داوەتە مانگرتن و شار بەبێ ئەفسەری هاتوچۆ خرۆشاوە و هاتوچۆی ئۆتۆمبێل تێكچووە، چونكە ترافیكهكان هیچ ئەفسەرێكی هاتوچۆیان تێدا نییە.
لە لایەكی ترەوە، نەریمان عەزیز، لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك نوسیویەتی، ئەرێ بزووتنەوەی گۆڕان پێمان ناڵێی بەشداری كردنت چ بەهایەكی لەم حكومەتە خۆجێیە هەیە؟.
ئەو نوسیویەتی، ئەوەی ئێستا دەگوزەرێ لە ناوچەكە، زۆرینەی پێچەوانەی ئەو هیلاكی و ماندوبوونەی خەڵكە ڕەش و ڕووتەكە بوو كە بە شەو و به ڕۆژ خەریكی بانگەشە بوو بۆ بەدیهێنانی، بە نان و پیازی خۆیەوە، چونكە تەحەمول لە دوایدایە كە زۆر ئازارم چەشتووە.
لە ئێستادا ماوەی دوو ڕۆژە كارمەندانی هاتوچۆ دەوام ناكەن و داوای چاككردنی مووچەكانیان دەكەن، ترافیك لایتەكانی شارەكەش بەبێ پۆلیسی هاتووچۆیه و ئۆتۆمبێلەكان خۆیان بونەتە پارێزەری ئەو شوێنانە.
سلێمانی/ هۆشیار عەلی