هێڤیدار ئەحمەد بۆ شاسوار: ئەوەی پارەی قەرز بخوات ناتوانێ داوای چاكسازی بكات

:: PM:03:49:16/02/2020 ‌
هێڤیدار ئەحمەد پەرلەمانتاری فراكیسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان رای دەگەیەنێت، ترس و لەرز گەیشتووەتە ئەو كەسانەی پارەی حكوومەت قەرزارن و دەیانەوێ سەر لە خەڵك بشێوێنن.

ئەمڕۆ یەكشەم 16ی شوبات، هێڤیدار ئەحمەد جێگری سەرۆكی لیژنەی دارایی و كاروباری ئابووری لە پەرلەمانی كوردستان بۆ "وشە" گوتی، جووڵانەوەی نەوەی نوێ و سەرۆكەكەی ئەو پارەی لە خەڵك خواردوویەتی بە ناوی هەبوونی پشك لە چاڤی لاند و یەك دیناری نەداوەتەوە، با جارێ پارەی خەڵك بدەنەوە، پاشان با بانگەوازی تر بكەن بۆ هاندانی خەڵك.

بەپێچەوانەوە سەروەت و سامانیان دەستی بەسەردا دەگیرێت

هێڤدار ئەحمەد ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، شاسوار عبدولواحید یەكەمجار دەبێ خۆی چاكساز بێت، ئەوكات داوای چاكسازی بكات و ئەو پارەیەی بە فێل وەریگرتووە لە خەڵك بیداتەوە.

جێگری سەرۆكی لیژنەی دارایی و كاروباری ئابووری لە پەرلەمانی كوردستان روونی كردەوە، ئەو بانگەوازە لەوە سەرچاوەی گرتووە كە حكوومەت بڕیاری داوە هەموو ئەوانەی قەرزاری حكوومەتن، لە ماوەی سێ مانگدا قەرزەكە بگڕێنەوە، بەپێچەوانەوە سەروەت و سامانیان دەستی بەسەردا دەگیرێت.

شاسوار عەبدولواحید جگە لەوەی سیاسەت و ئیدارەدانی حزبەكەی شكستی هێناوە ئەوە لە دوێنێوە بانگەوازی خۆپێشاندانی سەرانسەری دەكات بۆ ئەنجامدانی چاكسازی و هاندانی خەڵك دژی حكوومەت ئەوەیش لە پێناو شاردنەوەی بابەتی قەرزەكانی، بەڵام حكوومەت رژدە لەسەر وەرگرتنەوەی تەواوی قەرزەكانی كە لای بازرگانانن.



وشە - زریان تەها