بە ڤیدیۆ.. خۆپێشاندەران بێتەلێكی هێزەكانی ئێرانی لە بەغدا دەدۆزنەوە

:: PM:04:58:16/02/2020 ‌
خۆپێشاندانی ناڕەزایەتی بەردەوامی هەیە و هەوڵەكانیش بۆ سەركوتكردنیان تا دێت توندتر دەبێت. لە گۆڕەپانی خەلانی لە ناوەڕاستی بەغدا، خۆپێشاندەران بێتەلێكی هێزی پۆلیسی بەرەنگاربوونەوەی گێرەشێوێنی ئێرانی دەدۆزنەوە، دووپات لەوە دەكەنەوە هێزی ئێرانی لەریزی هێزی تەناهی عێراقی هەن.

ئەمڕۆ یەكشەم 16ی شوبات، لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان گرتەیەكی ڤیدیۆیی بێتەلێكی هێزەكانی بەرەنگاربوونەوەی گێرەشێوێنی ئێرانی بڵاو بووەتەوە، خۆپێشاندەران دووپات لەوە دەكەنەوە كە بێتەلەكەیان لە گۆڕەپانی خەلانی لە ناوەڕاستی بەغدا دۆزیوەتەوە.

خۆپێشاندەران: هێزی پۆلیسی بەرەنگاربوونەوەی گێرەشێوێنی ئێرانی لەناو هێزەكانی عێراقین


گۆڕەپانی خەلانی، هاوشانی گۆڕەپانی تەحریر نزیكەی پێنج مانگە بە بەردەوام ناڕازییەكان لەوێ گرد دەبنەوە و دروشم دژ بە حكوومەتی عێراق بەرز دەكەنەوە.

وەك لە گرتە ڤیدیۆییەكەدا دیارە، كەسانێك بە فارسی قسە دەكەن، ئەمەش وای لە چالاكان كردووە كە دڵنیا بن لەوەی كەسانی سەر بە هێزەكانی ئێران لەناو هێزە چەكدارەكانی عێراقی هەبن و ئەرك و رۆڵیان سەركوتكردنی خۆپێشاندەرانە.



 خۆپێشاندەران ئاماژە  بەوەش دەدەن كە لەوكاتەی لەلایەن هێزە تەناهییەكانەوە بە زەبری چەك گۆڕەپانی خەلانیان پێ چۆڵ كراوە و بەرەو تونێلی گۆڕەپانی تەحریر پاشەكشەیان كردووە، ئە و بێتەلەیان دۆزیوەتەوە.
  
 دۆزینەوەی بێتەلەكەی هێزەكانی ئێرانی لە گۆڕەپانی خەلانی لە كاتێكدایە، شەوی رابردوو هێزە تەناهییەكان هەڵیانكوتایە سەر هەردوو گۆڕەپانی خەلانی و گۆڕەپانی تەحریر لە ناوەڕاستی بەغدا، بە ئامانجی بڵاوە پێكردنی خۆپێشاندەران و ناچاركردنیان بە دەستبەرداربوون لە داخوازییەكانیان. 
 
دوای دڵنیابوون لەلایەن چالاكان و خۆپێشاندەران كە بێتەلەكە هی هێزەكانی بەرەنگاربوونەوەی گێرەشێوێنی ئێرانییە، هاشتاگی "عێراق لە ژێر داگیركاری ئێراندایە" لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی بڵاو كردەوە، وەك رەتكردنەوەیەك بۆ دەستوەردانی ئەو وڵاتە لە كاروباری ناوخۆی عێراق.



وشە - فه‌رمان سادق