هێزێكی گەورەی سەربازی ئەمەریكی عێراقیان بەرەو سووریا جێهێشت

:: PM:05:17:16/02/2020 ‌
هێزێكی گەورەی سەربازی ئەمەریكی عێراقیان بەرەو سووریا جێهێشت

بە هێرشەكەی بەیانی ئەمڕۆ بۆ سەر باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە بەغدا، لە مانگی ئۆكتۆبەری رابردوو تا ئێستە 19 هێرشی مووشەكی كراوەتە سەر بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا لە عێراق. سەرچاوەیەكی تەناهی ئاشكرای دەكات، هێزێكی گەورەی ئەمەریكی عێراقیان بەرەو سووریا جێهێشتووە.

ئەمڕۆ یەكشەم 16ی شوبات، سەرچاوەیەكی تەناهی عێراقی ئاشكرای كرد، كاروانێكی گەورەی سەربازی ئەمەریكی خاكی عێراقی جێهێشت و بەرەو سووریا كەوتەڕێ.

سەرچاوە تەناهییەكە كە قسەی بۆ "سكای نیوز عەرەبی" كردووە، ئاماژەی بەوە كردووە، ئەو هێزەی بەرەو سووریا جوولەی كردووە لە 50 ئۆتۆمبێلی سەربازی پێكدێت، بەڵام زانیاری لە بارەی ژمارەی سەربازەكان و جۆری چەكەكانی بە دەستیانەوە بووە نەكردووە.

لە مانگی ئۆكتۆبەری رابردوو تا ئەمڕۆ 19 هێرشی مووشەكی كراوەتە سەر هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق


چوونی ئەو هێزە بۆ سووریا، كاتێكدایە سەربازگەكانی ئەمەریكا لە عێراق لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا بە بەردەوام رووبەڕووی هێرشی مووشەكی بوونەتەوە و بەیانی ئەمڕۆیش ژمارەیەك مووشەكی تر لە نزیك باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە بەغدا كەوتە خوارەوە و باڵوێزخانەی ئەمەریكاش فیكەی ئاگادار كردنەوەی لێدا.

لە كۆتایی مانگی ئۆكتۆبەری رابردوو تا ئێستە، ئەمە نۆزدەهەمین هێرشی مووشەكییە بكرێتە سەر هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق.

تا ئێستە ئەو لایەنەی هێرشی مووشەكی كردووەتە سەر باڵوێزخانەی ئەمەریكا بەرپرسیاریەتی خۆی رانەگەیاندووە، واشنتنیش میلیشیا نزیكەكانی ئێران لە عێراق تۆمەتبار دەكات و پێی وایە ئەوان لە پشت هێرشەكان دان.
 
هێرشە مووشەكیەكەی بەیانی ئەمڕۆ هاوكاتە لەگەڵ هێرشێكی تری مووشەكی كە رۆژی پێنجشەمی رابردوو كرایە سەر بنكەیەكی سەربازی ئەمەریكی لە سنووری پارێزگای كەركووك، بەڵام هیچ زیانێكی گیانی نەبووە، ئەمەیش دووەمین هێرشی مووشەكییە بكرێتە سەر سەربازگەی "K1"، دوای هێرشە مووشەكیەكەی 27ـی كانوونی یەكەمی 2019 كە بەهۆیەوە سەربازێكی خانەنشینی ئەمەریكی بووە قوربانی. 

واشنتن، میلیشیاكانی حزبوڵای عێراقی تۆمەتبار دەكات بەوەی لە پشتەوەی هێرشەكانن، بەرانبەر بەو هێرشانەش، ئەمەریكا لە مانگی رابردوو هێرشی كردە سەر سەربازگەیەكی حزبوڵا و 25 چەكداری لێ كوشتن.



وشە - فه‌رمان سادق