وەزارەتی پلاندانان پۆلێنی شارەكانی لەسەر بنەمای هەژاری راگەیاند

:: PM:07:01:16/02/2020 ‌
وەزارەتی پلاندانانی عێراقی رای گەیاند، تێكڕای هەژاری لە عێراق رووی لە دابەزین كردووە بە بەراورد بە چوار ساڵ پێش ئێستە كە تۆمار كرابوو.

ئەمڕۆ یەكشەم 16ی شوبات، لە بەیاننامەیەكدا كە كۆپی دەست "وشە" كەوتووە، عەبدولزەهرە هنداوی گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق دەڵێ، وەزارەتی پلاندانان رووپێوی كۆتایی خۆی لە 2018 جێبەجێ كردووە، دەركەوتووە رێژەی هەژاری تا 20% دابەزیوە كە پێشتر 22.5% بوو لە 2014.

روونی كردەوە، رێژەكان لەنێوان شارەكان جیاوازییان هەیە و ئەمەیش لەسەر بنەمای چالاكی ئابووری و جوولەی گەشەسەندن لە شارەكاندان، ئەمەش وایكردووە لە هەندێك پارێزگا رێژەی هەژاری دابەزێت و لە هەندێكی تریش بەرز ببێتەوە. 

شارەكانی كوردستان لە پلەكانی یەكەمن.. موسەننا لە خراپترین دۆخ دایە


گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانان باسی لە پێوەری ئاماژەكانی هەژاری كرد كە پشت دەبەستێت بە تەندروستی، نیشتەجێبوون، خوێندن، داهات، پێویستی بۆ كەلوپەلی خۆراك و چەندان پێوەری تر، گوتی "لەسەر ئەو بنەمایە وەزارەتی پلاندانان ستراتیجیەتی نیشتمانی بۆ دابەزاندنی رێژەی هەژاری راگەیاندووە لە نێوان 2018 تا 2022، بە ئامانجی دابەزاندنی 16% لە رێژەی هەژاری".

 بەپێی پۆلێنی وەزارەتی پلاندانانی عێراق بێت، رێژەی هەژاری لە سلێمانی كەمترینە كە تەنیا 4.5%ـی تۆمار كردووە، دوای ئەویش هەولێر دێت بە 6.7%، كەركووك بە 7.6% لە پلەی سێیەم دێت، پاشان دهۆك بە 8.5%.

جگە لە هەرێمی كوردستان كە شارەكانی كەمترین رێژەی هەژاری تێدا تۆمار كراوە لەسەر ئاستی عێراق، ئەوا 52%ـی دانیشتووانی پارێزگای موسەننا خەڵكی هەژارن و بەرزترین پلەی لەسەر ئاستی عێراق تۆمار كردووە و بەغدایش بە رێژەی 10% كەمترینی تۆمار كردووە.
دوای موسەننا، ریزبەندی شارەكانی تر بەمجۆرەیە:
دیوانیە 48%
میسان 45%
زیقار 44%
مووسڵ 37.7%
دیالە 22.5%
واست 19%
سەلاحەدین 18%
ئەنبار 17%
بەسڕە 16%
نەجەف 12.5%
كەربەلا 12%
بابل 11%



وشە - فه‌رمان سادق