زرار عه‌لی /43 ساڵ/ نووسه‌ری بواری ئه‌ده‌بی منداڵ، نیگه‌رانه له‌وه‌ی له كوردستان كار له‌سه‌ر منداڵ نه‌كراوه. هاوكات به‌گوته‌ی ئه‌و، نووسه‌رانی بواره‌كه‌یش "پشتگوێ خراون". ئه‌و كه دوو كتێبی هه‌یه بۆ منداڵ، له‌م دیمانه‌یه‌دا باسی ئه‌ده‌بی منداڵان و ره‌وشی رۆژنامه‌وانیی منداڵان ده‌كات.
سه‌ره‌تای نووسینت بۆ منداڵ بۆ كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه و تا ئێسته چه‌ند به‌رهه‌می چاپكراوت هه‌یه بۆ منداڵانی كورد؟
یه‌كه‌م نووسینم بۆ منداڵ ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ته‌مه‌نی منداڵیم و ئه‌وكات پۆلی پێنجی سه‌ره‌تایی بووم، به دیدی ئه‌وكات پێم وابوو هۆنراوه‌یه، به‌ڵام به دیدی ئه‌مڕۆم هه‌نگاوێك بووه و هیچیتر، دواتر كۆمه‌ڵێك چیرۆكم نووسی و هه‌ندێكیان له گۆڤاره‌كانی منداڵان بڵاو بوونه‌وه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی زیاتر منی خسته ناو دنیا جوانه‌كه‌ی منداڵ، هه‌وڵدانم بوو بۆ پڕۆژه‌یه‌كی گه‌وره‌ی منداڵان كه ئه‌گه‌ر لێم وه‌ربگیرێت، یه‌كه‌م كه‌س بووم له‌ناو ئه‌ده‌بیات و نووسینی منداڵانی كوردستاندا بیرم له‌و پڕۆژه‌یه كرده‌وه. هه‌رچه‌نده بیركردنه‌وه‌ی خۆم بوو، به‌ڵام دواتر زانیم ئه‌مه پڕۆژه‌یه‌كی جیهانییه و نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانیش پڕۆژه‌یه‌كی له‌و جۆره‌ی هه‌یه كه ئه‌ویش بیركردنه‌وه بوو له‌وه‌ی منداڵ ڕابهێنرێن خۆیان بۆ خۆیان بنووسن، چونكه كه‌س به ئه‌ندازه‌ی خۆیان ناتوانێ له حه‌ز و خۆزگه و هیوا و داوا و ئه‌ندێشه‌كانی ئه‌وان بگات.
ئه‌وه‌بوو بۆ یه‌كه‌مجار پڕۆژه‌ی (له مناڵه‌وه بۆ مناڵ)مان به‌رهه‌م هێنا و دواتر ئه‌و پڕۆژه‌یه خۆی له چوارچێوه‌ی گۆڤارێكدا بینییه‌وه كه (گۆڤاری گوڵه‌كان) بوو. ساڵی یه‌كه‌می گۆڤاره‌كه ته‌نیا منداڵ به‌رهه‌مه‌كانیان ده‌نووسی و دواتر بیرمان كرده‌وه ئه‌زموونی گه‌وره‌كانیش تێكه‌ڵ به كاره جوانه‌كانی ئه‌وان بكه‌ین و نووسه‌رانی گه‌وره له ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی گۆڤاره‌كه‌دا به‌شدار بن، سوپاس بۆ خوا تا هه‌نووكه 15 ساڵه گۆڤاره‌كه به‌رده‌وامه و تا سازدانی ئه‌م دیمانه‌یه 141 ژماره‌ی لێ ده‌رچووه و هه‌ر خۆم سه‌رنووسه‌ریم.
هه‌روه‌ها دوو به‌رهه‌می چاپكراوم بۆ منداڵ هه‌یه به‌ناوه‌كانی (به‌هه‌شتی مناڵان- چیرۆك، وه‌رگێڕان) و (شۆفێره چكۆڵ- هۆنراوه).
گرفتی نه‌خوێندنه‌وه و به كولتوور نه‌بوونی له كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا بۆ ته‌مه‌نی منداڵ و نه‌وه‌ی نوێ شۆڕ بووه‌ته‌وه
تۆ كه سه‌رنووسه‌ری گۆڤاری گوڵه‌كانی، به‌بۆچوونی تۆ ڕه‌وشی ئێسته‌ی ڕۆژنامه‌گه‌ریی منداڵانی كورد چۆنه؟
ده‌توانم بڵێم ئاستێكی دڵخۆشكه‌ر نییه، چ له ڕووی ده‌زگه‌كان و چ له ڕووی خوێنه‌ریشه‌وه، به‌ر له 10 ساڵ ژماردنی ئه‌و گۆڤارانه‌ی منداڵان كه له باشووری كوردستاندا ده‌رده‌چوون، له‌به‌ر زۆریی ئاسان نه‌بوو، هه‌نووكه جگه له چه‌ند گۆڤارێك كه له‌وانه‌یه له په‌نجه‌كانی ده‌ستێكدا بێنه ژماردن، تێناپه‌ڕێت. ئه‌وه چجای ئه‌وه‌ی گۆڤاره‌كان خۆیان له زۆر ڕووه‌وه سه‌رنجی زۆریان له‌سه‌ره، له‌لایه‌كی تریشه‌وه گرفتێكی تری ڕۆژنامه‌نووسی منداڵان، خوێنه‌ره كه له‌وانه‌یه هه‌ر ئه‌مه هۆی داخستنی زۆر له ده‌زگه‌كان بێت.
گرفتی نه‌خوێندنه‌وه و به كولتوور نه‌بوونی له كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا بۆ ته‌مه‌نی منداڵ و نه‌وه‌ی نوێ شۆڕ بووه‌ته‌وه، بێگومان هۆی سه‌ره‌كیش دایك و باوكن، ئه‌وان ئاماده‌ن له هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه گرنگی به منداڵه‌كانیان بده‌ن، له خۆراك، جلوبه‌رگ، گه‌شت و گه‌ڕان و زۆر بابه‌تی تر، به‌ڵام بۆ لایه‌نی هزری و پێگه‌یاندنی لایه‌نی ڕۆشنبیرییان زۆر كه‌مته‌رخه‌من. خه‌رجییه‌كی خه‌یاڵیی له هه‌موو لایه‌نێكی جگه‌رگۆشه‌كانیاندا ده‌كه‌ن، به‌ڵام قورسی كڕینی گۆڤارێكی منداڵان كه به‌هاكه‌ی له نرخی پسكویتێك تێناپه‌ڕێ، نازانم ناوی بنێم چی؟.
هه‌ندێ كه‌س نووسینیان بڵاو كردووه‌ته‌وه، وه‌ك (شیعر و چیرۆك) ده‌ڵێن بۆ منداڵانه، به‌ڵام ڕاستییه‌كه‌ی به زمانی منداڵ نه‌نووسراون. پێت وایه ئه‌و كه‌سانه چۆن ڕێیان به خۆیان داوه وا بڵێن؟
ڕه‌نگه نووسین بۆ منداڵ یه‌كێك بێت له سه‌ختترین شێوازه‌كانی نووسین، چونكه ده‌بێ نووسه‌ر له یه‌ك كاتدا شاره‌زایی له كۆمه‌ڵێك بواری تردا هه‌بێت، تا ئه‌وه‌ی ده‌ینووسێ بۆ منداڵ بشێت، چ لایه‌نی ته‌كنیكی نووسین، چ لایه‌نی ده‌روونیی و كۆمه‌ڵایه‌تیی و قۆناغه‌كانی ته‌مه‌نی منداڵ و زۆر بابه‌تی تر، بۆیه ده‌كرێ بڵێین ئێمه وێڕای ئه‌وه‌ی له ئه‌ده‌بی كوردیدا نووسه‌ری بواری منداڵان زۆر كه‌من، له‌ناو ئه‌وانیشدا كه‌من ئه‌وانه‌ی له ڕووی ڕۆشنبیریی نووسینه‌وه بۆ منداڵ له ئاستێكی باشدان.
چی بكرێ باشه بۆ ئه‌وه‌ی منداڵی كوردزمان هه‌ر له سه‌ره‌تاوه ئاشنا بكه‌ین به گۆڤار و كتێب و نامیلكه‌ی تایبه‌ت به خۆیان؟
ئه‌م بابه‌ته پێوه‌ندییه‌كی ته‌واوی به كولتووره‌وه هه‌یه، منداڵ به‌شێكن له كۆمه‌ڵگه و كولتووری كۆمه‌ڵگه كاریگه‌ریی گه‌وره‌ی له‌سه‌ریان هه‌یه له هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه. منداڵێك كه له خێزانێكدا چاو ده‌كاته‌وه، تاكه په‌رتووكێك له ماڵه‌كه‌یاندا نییه، ده‌بێ چی پاڵنه‌ری بێت بۆ خوێندنه‌وه؟ پێم وایه خێزان، باخچه و كازیوه‌كان، قوتابخانه و په‌رتووكخانه گشتییه‌كان و زۆر ده‌زگه‌ی تر، ئه‌ركی به‌رپرسیارێتییان له‌م ڕووه‌وه ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆ و ده‌بێ هه‌مووان رۆڵی چڕ‌وپڕ له‌م ڕووه‌وه بگێڕن و پلانی گونجاویان هه‌بێت، به‌ڵام به‌داخه‌وه لای هیچ یه‌ك له‌و ده‌زگایانه پلانی تۆكمه وه‌ك پێویست به‌دی ناكه‌ین، هه‌رچه‌ند ناكرێ هه‌ندێك هه‌وڵی تاكه‌كه‌سیی، یان هه‌وڵی هه‌ندێك ده‌زگه نادیده بگرین.
كه‌واته نووسه‌ری بواری منداڵان ده‌بێ چۆن بۆ منداڵ بنووسێ تا نووسینه‌كه‌ی له بازنه‌ی ئه‌ده‌بی منداڵان جێی خۆی بگرێ؟
ڕه‌نگه گرنگترین بنه‌ما له‌م بواره‌دا گه‌ڕانه‌وه‌ی نووسه‌ر بێت بۆ ناو دنیا جوانه‌كه‌ی منداڵ، نه‌ك خۆی هه‌ر به هاوڕێی ئه‌وان له نووسینه‌كانیدا ده‌ربخات، به‌ڵكو وه‌ك به‌شێك له‌وان خۆی بخاته ڕوو و وا بنووسێت كه خۆی منداڵه و بۆ ئه‌وان ده‌نووسێت، نه‌ك وابزانێ ئه‌و بوونه‌وه‌رێكی تره و له سه‌رووی ئه‌وانه‌وه‌یه و جیایه له منداڵ.
ده‌زانین منداڵانی ئه‌مڕۆ گه‌وره‌كانی داهاتوون، ئایا وه‌ك پێویست گرنگی به نه‌وه‌كانی ئاینده دراوه بۆ ئه‌وه‌ی سبه‌ینێ به پاكی و دڵسۆزییه‌وه خزمه‌تی گه‌ل و نیشتمان و نه‌ته‌وه‌كه‌یان بكه‌ن؟
منداڵ ئه‌و سه‌رمایه‌یه‌ن كه ئاینده‌یان له‌سه‌ر هه‌ڵده‌چنرێت، ناكرێ هه‌رچییان بۆ بكرێ پێمان وابێت ئه‌وه‌نده به‌سه، به‌ڵكو ده‌بێ گه‌وره‌ترین خزمه‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی بۆ ئه‌وان بێت، به‌ڵام به‌داخه‌وه نه‌ك وه‌ك پێویست، به‌ڵكو ئاستی خزمه‌تكردنی منداڵ له كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا زۆر لاوازه، به‌و هیوایه‌ی ئاوڕی زیاتر و باشتریان لێ بدرێته‌وه.
ئه‌ی شاعیر و نووسه‌رانی بواری ئه‌ده‌بی منداڵان وه‌ك پێویست ئاوڕیان لێ دراوه‌ته‌وه، یان هاوكاری كراون بۆ چاپكردنی به‌رهه‌مه‌كانیان؟
بۆ كه‌سانێكی دیاریكراو به‌ڵێ، به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كی گشتی نه‌خێر و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك، به‌ڵكو زۆربه‌یان هه‌موو ئه‌ركێكی بڵاوكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌كانیان له‌سه‌ر خۆیانه و قووتی خۆیان و منداڵه‌كانیان خستووه‌ته خزمه‌تی ئه‌و بواره‌وه، بێگومان ئه‌وه‌ش ته‌نیا مه‌گه‌ر به دڵسۆزانی منداڵ و ئه‌ده‌بی منداڵان، بكرێت.
پرۆفایل
زرار عه‌لی شاعیر و وه‌رگێڕه و له كه‌ركووك له دایك بووه، له ساڵی ١٩٨٠ چووه‌ته چه‌مچه‌ماڵ و ئێسته له‌وێ نیشته‌جێیه. له ساڵی 1999 له په‌یمانگه‌ی مامۆستایانی هه‌ولێر بڕوانامه‌ی دیپلۆمی له زمانی عه‌ره‌بی وه‌رگرتووه. له ساڵی ٢٠٠٧ بڕوانامه‌ی به‌كالۆریۆسی له مێژوودا له كه‌ركووك به‌ده‌ست هێناوه. ئێسته فه‌رمانبه‌ره له زانكۆی چه‌رموو له چه‌مچه‌ماڵ. سه‌رنووسه‌ری گۆڤاری گوڵه‌كانه و خاوه‌نی 10 كتێبی چاپكراوه له چه‌ند بوارێك كه دوویان بۆ منداڵن.
وشه/دیمانه‌ی ڕۆسته‌م خامۆش