ئەمەریكا بە نهێنی سیستمی پاتریۆت لە عێراق جێگیر دەكات

:: AM:09:50:17/02/2020 ‌
ئەگەرچی دامەزراوە فەرمییەكانی عێراق تا ئێستە بە فەرمی مۆڵەتیان بە هێزەكانی ئەمەریكا نەداوە سیستمی پاتریۆت لە بنكەی سەربازی عەین ئەسەد جێگیر بكات، بەڵام ئاشکرا بووە کە ئەمەریكا بە نهێنی دەستی بە دانانی سیستمەکە کردووە.

ئەمڕۆ دووشەم 17ی شوبات، كەریم علێوی پەرلەمانتاری لیژنەی ئاسایش و بەرگری رای گەیاند، ئەمەریكا بە نهێنی دەستی بە دامەزراندنی سیستمی پاتریۆت لە بنكەی سەربازی عەین ئەسەد کردووە، بۆ ئەمەش رەزامەندی حكوومەتی عێراقی وەرنەگرتووە.

علێوی بۆ "بەغداد یەوم" ئاماژەی بە زانیاریی هەواڵگری داوە كە دەستی كەوتووە و دەڵێ، بەپێی ئەو زانیارییانە بێت ئەمەریكا بە نهێنی دەستی كردووە بە دامەزراندنی سیستمی پاتریۆت، ئەو سیستمەش لە رێی فڕۆكەی گەورەی بارهەڵگرەوە بۆ عێراق گواستراوەتەوە، گوتی "بۆیە ئەوەی روو دەدات پێشهاتێكی مەترسیدارە و پێویستی بە لێكۆڵینەوە هەیە".

قسەكانی علێوی لە كاتێكدایە لە پێنجی ئەم مانگە، جەنەڕاڵ كینز مارك ماكینزی فەرماندەی گشتی هێزەكانی ئەمەریكا سەردانی بەغدای كرد و لەگەڵ هەرسێ سەرۆكایەتییەكە بە جیا كۆ بووەوە و یەكێك لە تەوەرەكان پرسی دامەزراندنی سیستمی پاتریۆت بوو لە بنكەی سەربازی عەین ئەسەد لە رۆژئاوای ئەنبار. 

ئەمەریكا بە نهێنی سیستمی پاتریۆت لە عێراق دادەمەزرێنێت


بەرپرسێكی وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكی دوای سەردانەكەی ماكینزی، پشتڕاستی گفتوگۆكانی پێوەندار بە دامەزراندنی سیستمی پاتریۆت لەگەڵ حكوومەتی عێراق كرد، ئاماژەی بەوەدا كە گفتوگۆكان گەیشتوونەتە قۆناغێكی پێشكەوتوو، واشنتنیش هیوا دەخوازێت بە زووترین كات ئەو هەنگاوە جێبەجێ بكات بە مەبەستی پاراستنی سەرباز و دیپلۆماتكار و فەرمانبەرانی ئەمەریكی لەسەر خاكی عێراق. 

میدیا ئەمەریكییەكان لە ماوەی رابردوودا ئەوەیان ئاشكرا كرد كە ئەمەریكا ناچارە 400 سەربازی تر رەوانەی عێراق بكات بە مەبەستی كار پێكردنی سیستمی پاتریۆت.

جێی باسە بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكا بێت، ئەو وڵاتە شەش هەزار سەربازی لە عێراق هەیە كە راهێنان و راوێژ بە هێزەكانی عێراقی دەكەن لە چوارچێوەی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و داعش. 
 


وشە - فه‌رمان سادق