له هه‌ولێری پایته‌خت ٨٨ پڕۆژه‌ی نیشته‌جێبوون ڕۆنراون كه زه‌وییان پێ دراوه، به‌ڵام زۆرینه‌یان به نرخی به‌رز خرانه خزمه‌ت سه‌رمایه‌دارانه‌وه. كۆمه‌ڵه‌ی كرێنشینان ده‌ڵێ، "ته‌نیا دوو پڕۆژه بۆ كه‌مده‌رامه‌ت بووه"
مارف /٣٧ ساڵ/، ١٦ ساڵه كرێی خانوو ده‌دات، بیانووی پێویستی خاوه‌ن خانوو به خانووه‌كه‌ی، هه‌ر جاره و له گه‌ڕه‌كێك و به‌گوته‌ی خۆی "له‌و ماوه‌یه‌دا هه‌شت خانووی پێ گۆڕیوه".
ئه‌و كه مانگانه 300 هه‌زار دینار كرێی خانوو ده‌دات، له‌و بێبازاڕییه‌ی خۆی ئاماژه‌ی بۆ ده‌كات، ئه‌و بڕه پاره‌یه ژیانی ته‌واو ئه‌سته‌م كردووه. زیاتری به"وشه" گوت، "تا ئێسته چه‌ند جارێك فۆڕمم بۆ وه‌رگرتنی خانوو پڕ كردووه‌ته‌وه، به‌ڵام ناوم نه‌گه‌ڕایه‌وه و خه‌ونه‌كه‌م نه‌هاته دی".
ئه‌گه‌ر له‌مه‌ودوا مۆڵه‌تی پڕۆژه‌ی نیشته‌جێ بدرێت، به‌دڵنیاییه‌وه بۆ خه‌ڵكی كه‌مده‌رامه‌ته و حكوومه‌تیش هاوكاره
هاوشێوه‌ی مارف له هه‌ولێر زۆرن و به مه‌زه‌نده‌ی كۆمه‌ڵه‌ی داكۆكی له ملفی كرێنشین، زیاتر له 40 هه‌زار كرێنشین هه‌ن.
مه‌حموود ئیسماعیل لێپرسراوی لقی هه‌ولێری كۆمه‌ڵه‌ی داكۆكی له مافی كرێنشین، ئاماژه به دۆخی خراپی ئه‌و توێژه له خه‌ڵك ده‌كات كه له‌ژێر به‌رزیی كرێ و مامه‌ڵه‌ی نادروستی هه‌ندێك خاوه‌ن خانوو، پشتیان چه‌ماوه‌ته‌وه و هه‌ندێك له‌به‌ر زیادنه‌كردنی كرێ له خانووه‌كانیان ده‌رده‌كرێن.
ئه‌و بۆ "وشه" ڕای ده‌گه‌یه‌نێ، ئاواره‌كان به‌شێكن له هۆكاری به‌رزیی كرێ، بۆیه كاركردن بۆ هه‌مواری یاسایی كرێ بۆ ئێسته پێویسته.
ئه‌و كۆمه‌ڵه‌یه كه حه‌وت نوێنه‌رایه‌تییان له كوردستان هه‌یه، له سنووری پارێزگای هه‌ولێر ٢٢ هه‌زار و ٨٧٠ كرێنشین لایان تۆماره و ناسنامه‌یان بۆ كراوه، به‌ڵام ئه‌وه هه‌مووی نییه و هه‌یه له هیچ كوێیه‌ك فۆڕمی پڕ نه‌كردووه‌ته‌وه.
مه‌حموود ده‌ڵێ "زیاتر له ٤٠ هه‌زار كرێنشین له هه‌ولێر هه‌ن، له كاتێكدا زه‌ویی زۆر بۆ پڕۆژه‌كانی نیشته‌جێبوون ته‌رخان كرا كه سوودی ئه‌و‌تۆی له چاره‌سه‌ركردنی گرفتی نیشته‌جێبوون نه‌بوو".
به‌ر له ته‌نگژه‌ی دارایی و له ساڵانی ڕابردوو، به به‌راوردی پارێزگاكانی تری كوردستان، زۆرترین پڕۆژه‌ی نیشته‌جێی له هه‌ولێردا ڕۆ نراون. سه‌رباری پڕۆژه‌كانی ئاوه‌دانكردنه‌وه و شاره‌وانی، زۆرترین پڕۆژه‌ی نیشته‌جێ له وه‌به‌رهێنان مۆڵه‌ت دراوه.
به‌پێی ئاماری وه‌به‌رهێنانی هه‌ولێر، ٨٨ پڕۆژه‌ی نیشته‌جێبوون له هه‌ولێری پایته‌خت دروست كراون كه زیاتر له ١٠٠ هه‌زار یه‌كه‌ی نیشته‌جێبوونیان بۆ ئه‌و پارێزگایه زیاد كردووه. به‌ڵام مه‌حموود ئیسماعیل ده‌ڵێ، "به‌پێی به‌دواداچوونمان له دوای ٢٠٠٣ه‌وه، ئه‌و پڕۆژه نیشته‌جێبووانه‌ی له هه‌ولێر دروست كراون، ته‌نیا پڕۆژه‌ی هانا ستی سه‌رباری گرفته‌كانی و گوندی كۆری، سوودی بۆ كرێنشین هه‌بووه، پڕۆژه‌كانی تر له خزمه‌تی سه‌رمایه‌داردا بوون و ژماره‌ی كرێنشینیان كه‌م نه‌كردووه‌ته‌وه".
له به‌رانبه‌ردا سامان عاره‌ب به‌ڕێوه‌به‌ری وه‌به‌رهێنانی هه‌ولێر ڕای ده‌گه‌یه‌نێ، له ساڵی ٢٠٠٨ له ئه‌نجوومه‌نی باڵای وه‌به‌رهێنان، به بڕیاره‌كانی ٤٥ و ٤٦، ٢٠ هه‌زار یه‌كه‌ی نیشته‌جێبوون بۆ خه‌ڵكی كه‌مده‌رامه‌ت له كوردستاندا دروست كران، حكوومه‌ت نیوه‌ی تێچووه‌كه‌ی له ئه‌ستۆ ده‌گرت و به قستی ١٠ ساڵ له خه‌ڵكی وه‌رده‌گرته‌وه.
سه‌رباری تێبینی له‌سه‌ر كوالیتی یه‌كه‌كان، عاره‌ب به"وشه" ده‌ڵێ "خه‌ڵكێك كڕین و فرۆشتنیان پێوه كرد و ئامانجه‌كه نه‌هاته پێكان".
به‌ڕێوه‌به‌ری وه‌به‌رهێنانی هه‌ولێر هێما بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كات، ئه‌و پڕۆژانه‌ی له وه‌به‌رهێنان مۆڵه‌تیان دراوه، به پرۆسه‌ی نرخاندنی یه‌كه‌كاندا ڕۆیشتوون و به‌پێی یاسا و ڕێنوێنیی عێراقی، قازانجی وه‌به‌رهێنه‌ر، له نێوان ١٥-٢٥% ده‌بێت كه نابێ نرخی زه‌وی بخرێته سه‌ر یه‌كه‌ی نیشته‌جێبوون.
"كۆمه‌ڵێك پێوه‌ر هه‌ن به‌پێی ئه‌و گرێبه‌سته‌ی كه ئێمه ئاماده‌ی ده‌كه‌ین، پێویسته یه‌كه‌كانی نیشته‌جێبوون بفرۆشرێن، ئه‌و ڕێنوێنییانه كه له ساڵی ٢٠١٢ه‌وه ده‌رچوون و كاریان پێ ده‌كرێت، زیاتر بۆ چاره‌سه‌ركردنی گرفتی نیشته‌جێبوون بوو له هه‌ولێر، كه ئه‌وكات نرخ زۆر به‌رز ده‌بوونه‌وه، هۆی یه‌كه‌می ڕاگرتنی مۆڵه‌تی نوێی پڕۆژه‌كانی نیشته‌جێبوون هه‌ر ئه‌وه‌یه، كه ناكرێت پڕۆژه‌ی نیشته‌جێبوون دروست بكرێت، له كاتێكدا چاره‌سه‌ری گرفتی نیشته‌جێبوون نه‌كات" سامان وای گوت.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری وه‌به‌رهێنانی هه‌ولێر هێما بۆ ئه‌وه ده‌كات كه چاره‌سه‌ركردنی گرفتی نیشته‌جێبوون له چوارچێوه‌ی ئه‌ركی وه‌زاره‌تی ئاوه‌دانكردنه‌وه و نیشته‌جێكردنه، به‌ڵام دووپاتی ده‌كاته‌وه "ئه‌گه‌ر له‌مه‌ودوا مۆڵه‌تی پڕۆژه‌ی نیشته‌جێ بدرێت، به‌دڵنیاییه‌وه بۆ خه‌ڵكی كه‌مده‌رامه‌ته و حكوومه‌تیش هاوكاره".
ئه‌و پڕۆژه نیشته‌جێبووانه‌ی له ڕابردوو له هه‌ولێر ڕۆنران، سه‌رباری تێبینی له‌سه‌ر كوالێتییان، زۆربه‌یان به‌نرخی به‌رز به هاووڵاتییان فرۆشرانه‌وه و هه‌ندێكیان بوونه موڵكی عه‌ره‌ب و دانیشتووانی ناوه‌ڕاست و خوارووی عێراق.
ئێسته كه ئاراسته‌ی كاری حكوومه‌ت ڕووه و كشتوكاڵ و پیشه‌سازییه، هێنانه‌دی خه‌ونی مارف و كه‌مبوونه‌وه‌ی ژماره‌ی كرێنشین، ئه‌گه‌ر ویست هه‌بێت، هێنده‌ش ئه‌سته‌م نییه.
وشه/ هه‌ولێر- چواس خالید