شەش وڵاتی تر لە یەكێتیی ئەوروپا دەبنە ئەندام

:: AM:10:32:17/02/2020 ‌
پاش چوونە دەرەوەی بەریتانیا، شەش وڵات دەیانەوێ ببنە ئەندام لە یەكێتیی ئەوروپا، فڕەنسا رێگری دەكات و هەوڵ دەدات مەرجەكانی ئەندامبوون زۆر قورس بكات، ئیتالیاش دژیەتی و ئەڵمانیاش سەركردایەتی رێكخستنەوەی یەكێتییەكە دەكات.

ئەمڕۆ دووشەم 17ی شوبات، چارڵ میشال سەرۆكی ئەنجوومەنی ئەوروپی، لەگەڵ سەركردەی شەش وڵاتی رۆژئاوای ئەڵكان لە گفتوگۆدایە بە مەبەستی هاتنە ناوەوەیان بۆ ناو یەكێتیی ئەوروپا، ئەمەش لە كاتێكدایە كۆتایی مانگی رابردوو بەریتانیا بە فەرمی لە یەكێتیی ئەوروپا چووە دەرەوە.

یەكێتیی ئەوروپا پێشتر بەڵێنی بە ئەلبانیا و مەكدۆنیا دابوو كە لە مانگی ئۆكتۆبەری داهاتوو دەست بە دانوستاندن بكەن، بۆ ئەمەش یەكێتیی ئەوروپا دەیەوێ پارێزگاری لە بەڵێنەكەی بكات، ئەمەش پاڵنەری دەست پێكردنی گفتوگۆكانی ئێستەی یەكێتییەكەیە لەگەڵ وڵاتانی رۆژئاوای ناوچەی بەڵكان. دەست پێكردنی گفتوگۆكان، ئەلبانیا و مەكدۆنیای ناچار بە ئەنجامدانی چاكسازی كردووە.

هەر یەكە لە وڵاتانی ئەلبانیا، بۆسنە و هرسك، كۆسۆڤۆ، مۆنتینیگرۆ، باكوری مەكدۆنیا و سربیا دەیانەوێت ببنە ئەندام لە یەكێتیی ئەوروپا


فڕەنسا ناڕازییە لە ئەندامبوونی ئەو وڵاتانە، ئێستەش سەركردایەتی گرووپێكی بچووكی ئەندامانی یەكێتیی ئەوروپا دەكات، لە بەرانبەریشدا ئەڵمانیا هەموو هەوڵێك دەدات بۆ راستكردنەوەی پرۆسەی بە ئەندامبوونی وڵاتانی ئەوروپی لە یەكێتییەكە بۆ سەر رێیەكی راست، ئیتالیاش لەگەڵ ئەوەدایە وڵاتانی ناوچەی بەڵكان ببنە ئەندام لە یەكێتیی ئەوروپا.

چاوەڕوان دەكرێ لە مانگی داهاتوودا لەسەر ئەو پرسە كۆمسیۆنی ئەوروپی راپۆرتێك بڵاو بكاتەوە، تێیدا باس لە ئەندامبوونی هەریەك لە وڵاتانی ئەلبانیا، بۆسنە و هرسك، كۆسۆڤۆ، مۆنتینیگرۆ، باكوری مەكدۆنیا و سربیا. 
 
خۆزێ بۆرێل وەزیری دەرەوەی یەكێتیی ئەوروپا دەڵێ، ئەمڕۆ و سبەی كار دەكەین تا ئەنجوومەنی ئەوروپی لە لووتكەی داهاتوویدا دەرگا بە رووی وڵاتانی بەلكان بكاتەوە.

هەوڵەكانی ئەندامبوونی وڵاتانی بەلكان لە كاتێكدایە، دوای چوونە دەرەوەی بەریتانیا لە یەكێتیی ئەوروپا، فڕەنسا لە هەوڵدایە مەرجەكانی ئەندامبوون زۆر قورس بكات. 



وشە - فه‌رمان سادق