داوا لە مامۆستایانی تازە دامەزراو دەکرێت دەست بە مامەڵەی دامەزراندن بکەن

:: PM:12:09:17/02/2020 ‌
گوتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكات، مامەڵەی دامەزراندنی مامۆستایانی تازە دامەزراو لای ئەوان تەواو بووە و نووسراو بۆ پەروەردە كراوەتەوە.

نووسراوی سكرتاریەتی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ دامەزراندنی مامۆستایانی گرێبەست گەیشتە وەزارەتی دارایی 
ئەمڕۆ دووشەم 17ـی شوبات، ئەحمەد عەبدولرەحمان گوتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، دوایین نووسراوی سكرتاریەتی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ دامەزراندنی مامۆستایانی گرێبەست گەیشتە وەزارەتی دارایی.

گوتەبێژی وەزارەتی دارایی گوتی، ئەنجوومەنی وەزیران وەزارەتی دارایی راسپاردووە بۆ ئەوەی بە داواكردنی بەڵگەنامە یاساییە پێویستەكان لە وەزارەتی پەروەردە، هەر ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی نووسراوی بۆ ئەم مەبەستە ئاراستەی وەزارەتی پەروەردە كردووە، بۆ ئەوەی بەڵگەنامە پێویستەكان بۆ وەزارەتی دارایی بنێرن.

باسی لەوەش كرد، هەركاتێك بەڵگەنامەكانی پەیوەست بە دامەزراندنی مامۆستایانی گرێبەست گەیشتە وەزارەتی دارایی، پرۆسەی دامەزراندنی مامۆستایانی گرێبەست دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە و زیاتر لە پێنج هەزار مامۆستای گرێبەست دادەمەزرێندرێن.


وشە - رامیار جەواد