راپۆرتێكی ئەمەریكی: داعش لە 2014 بەهێزتر بووە

:: PM:12:16:17/02/2020 ‌
راپۆرتی ناوەندە نێوەدەوڵەتییەكان پشتڕاستی مانەوەی داعش و بەهێزتر بوونی دەكەن، مەسروور بازرانی بە ماڵپەڕی "Insider"ـی راگەیاندووە، رووبەڕوو بوونەوەی نێوان ئەمەریكا و ئێران كاریگەری نەرێنی لەسەر جەنگی دژ بە تیرۆر و داعش هەبووە.

ئەمڕۆ دووشەم 17ی شوبات، ماڵپەڕی "Insider"ـی ئەمەریكی راپۆرتێكی لەسەر رێكخراوی تیرۆرستی داعش بڵاوكردەوە، بەپێی راپۆرتەكەش بێت، داعش ئێستە لە ساڵی 2914 بەهێزتر بووە و ژمارەی چەكدارەكانیشی بە بەراورد بە 2014 زیاتر بووە كاتێك دەوڵەتی خەلافەتی دامەزراند، هاوكات لە رووی ئابووریش دۆخی زۆر باشە.

ماڵپەڕە ئەمەریكیەكە پشتی بە قسەكانی مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەستووە كە دووپات لە مانەوەی داعش دەكات.
مەسروور بارزانی بە ماڵپەڕی "Insider"ـی ئەمەریكی راگەیاندووە، ئەگەرچی داعش زۆرێك لە سەركردەكانی لە دەستداوە، زۆرێك لە پیاوە زیرەكەكانی لە دەستداوە، بەڵام توانیویانە شارەزایی زیاتر پەیدا بكەن و خەڵكی زیاتریش لە ریزەكانیان چەكدار بكەن.
بەپێی راپۆرتە ئەمەریكیەكە، مەسروور بارزانی رۆڵێكی سەرەكی هەبووە لە بەرەنگاربوونەوەی داعش و هاوئاهەنگیشی لەگەڵ ئەمەریكا هەبووە وەك گەورەترین بەرپرسی تەناهی لە كوردستان، پێی وایە هێشتا داعش نزیكەی 20 هەزار چەكداری لە عێراق و سووریا هەیە. 

راپۆرتە نێودەوەڵەتییەكان: داعش بە بەراورد بە 2014 ژمارەی چەكداران و ئابووریەكەشی زیادی كردووە


قسەكانی مەسروور بارزانی لە كاتێكدایە لە هاوینی رابردوو وەزارەتی بەرگری ئەمەریكا لە راپۆرتێكدا ئاماژەی بەوەدا كە نزیكەی 12 بۆ 18 هەزار چەكداری داعش لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەن، ئەمەش لە كاتێكدایە، ساڵی 2014 كاتێك داعش دەوڵەتی خەلافەتی لەسەر خاكی سووریا و عێراق راگەیاند، تەنیا 10 هەزار چەكداری هەبوو. 
 
ماڵپەڕی "Insider"ـی ئەمەریكی دەڵێ، بارگرژی نێوان ئەمەریكا و ئێران بە سوودی داعش بووە، وایكرد كەمترین چاودێری لەسەر خۆرێكخستنەوەی داعش و چالاكییە تیرۆریستییەكانی هەبێت.

مەسروور بارزانی گوتی "رووبەڕوو بوونەوەی نێوان ئەمەریكا و ئێران كاریگەری نەرێنی لەسەر جەنگی دژ بە تیرۆر و داعش هەبووە كە دەبوو ئەوە ئەولەویەتی هەمووان بێت".
 
پشكێنەری گشتی لە وەزارەتی بەرگری ئەمەریكی بە ماڵپەڕی "Insider"ـی ئەمەریكی راگەیاندووە، كوژرانی ئەبوبەكر بەغدادی نەبووە هۆی وەستاندنی چالاكییە تیرۆریستییەكانی داعش، تەنانەت نەبووە هۆی تێكچوونی ریزەكانی داعش، گوتی "داعش بە یەكگرتووی ماوەتەوە".

هاوكات نەتەوە یەكگرتووەكان لە راپۆرتێكیدا ئاماژەی بەوە كردووە كە داعش خاوەنی 100 ملیۆن دۆلارە، هاوكات شارەزایان و چاودێرانیش كۆكن لەسەر ئەوەی هێشتا داعش مەترسییە و كارە تیرۆریستییەكانیشی لە چوارچێوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دایە و هێشتا بیری لەوە نەكردووەتەوە ئەوروپا و ئەمەریكا بكاتە ئامانج.
 
دەیڤید ستیرمان گەورە شیكاری سیاسی بە ماڵپەڕە ئەمەریكیەكەی راگەیاندووە، داعش لە عێراق و سووریا بوونی هەیە، مێژووێكی درێژی هەیە لە نەرمی و دووبارە گەشە كردنەوە دوای شكستەكان، بۆیە دەتوانین بڵێین هێشتا داعش گەورەترین هەڕەشەیە لەسەر عێراق و سووریا.



وشە - فه‌رمان سادق