وەزیری تەندروستی: ئەو هاووڵاتییانەی لە چین دێنەوە لەژێر چاودێریی پزیشک دادەنرێن

:: PM:02:14:17/02/2020 ‌
بۆ ڕێگریكردن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی كۆڕۆنا، 104 هاووڵاتیی هەرێمی كوردستان کە تازە لە چین گەڕاونەتەوە، لەژێر چاودێریی پزیشكدا دانراون.

ئەمڕۆ دووشەم 17ـی شوبات، سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا گوتی، تا ئێستە هیچ حاڵەتێكی تووشبوون بە نەخۆشیی كۆرۆنا لە كوردستان تۆمار نەكراوە.

وەزیری تەندروستی ئاشكرای كرد، وەكو وەزارەتی تەندروستی لە هەوڵەكانمان بۆ ڕێگریكردن لە بڵاوبوونەوەی ئەو ڤایرۆسە بەردەوامین، چونكە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە 25 وڵات سەری هەڵداوە و لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش لە وڵاتی ئیمارات و میسر حاڵەتەكە تۆمار كراوە.

تا ئێستە، 104 گەشتیار لە وڵاتی چین هاتوونەتەوە هەرێمی کوردستان و ئێستە لەژێر چاودێری پزیشكیدان
ڕوونی كردەوە، لە 98%ی نەخۆشییەكە لە وڵاتی چین تەشەنەی كردووە، لە هەرێمی كوردستان ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی بەردەوامە، لە سەرەتای سەرهەڵدانی نەخۆشییەکە تا ئێستە، 104 گەشتیار لە وڵاتی چین هاتوونەتەوە هەرێمی کوردستان و ئێستە لەژێر چاودێری پزیشكیدان.

ڤایرۆسی كۆرۆنا لە سەرەتای ئەمساڵ سەری هەڵداوە و ژمارەی قوربانیانی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە 24 سەعاتی رابردوودا 105 كەس بووە و كۆی گشتی ئەو هاووڵاتییانەی لە چین بەهۆی كۆرۆناوە گیانیان لە دەست داوە 1789 كەسە.


وشە - رامیار جەواد