یاریده‌ده‌ری یه‌كه‌ی 70 هێزی پێشمه‌رگه له دیدارێكی ڕۆژنامه‌وانی لاوانه‌وه بۆ مه‌رگی قاسم سلێمانی ده‌كات و دووپات له‌وه ده‌كاته‌وه كه فه‌رمانده‌یه‌كی بێوێنه و قاره‌مان بوو و كوردی له شه‌ڕی داعش له هه‌موو كات و شوێنه‌كان پاراستووه و به‌ناوی كورده‌وه‌یش سوپای هاوكاری و كۆمه‌كه‌كانی قاسم سلێمانی ده‌كات.
لیوا به‌ختیار فایق خوداره‌حم یاریده‌ده‌ری یه‌كه‌ی حه‌فتای هێزی پێشمه‌رگه /یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان/ كه به فه‌رمی هێزه‌كان سه‌ر به وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ن و هاوپه‌یمانان هه‌وڵی یه‌كخستنه‌وه‌ی سه‌رجه‌م هێزه‌كان ده‌ده‌ن، له دیدارێكی له‌گه‌ڵ ئاژانسی "ته‌سنیم"ی ئێرانی باس له نه‌به‌ردییه‌كانی قاسم سلێمانی و هاوكارییه‌كانی بۆ كورد ده‌كات.
له دیداره‌كه ئه‌و به‌رپرسه سه‌ربازییه‌ی یه‌كێتی باس له شه‌ڕی تیرۆر ده‌كات و دووپات له‌وه ده‌كاته‌وه كه له كاتێك تیرۆریستان ڕوویان له كوردستان كرد، پێشمه‌رگه به پشتیوانی ئێران به پله‌ی یه‌كه‌م و هاوپه‌یمانان توانیان شكست به پێشڕه‌وی تیرۆریستان بێنن، ماوه‌ی چوار ساڵیش درێژه‌ی كێشا.
له‌باره‌ی پێوه‌ندییه‌كانی ئێرانه‌وه به‌رپرسه‌كه‌ی یه‌كێتی ده‌ڵێ، پێوه‌ندییه‌كی مێژوویی هاوبه‌شمان هه‌یه، له چالاكی و ئامانجی سیاسیمان هاوبه‌شه، بۆیه له كاتی شه‌ڕی تیرۆر، داوامان له هاوپه‌یمانمان كرد، یه‌كێك له‌وانه حاجی قاسم سلێمانی بوو كه خۆی هاته ناوچه‌كه‌ی ئێمه و من له ناوچه‌ی زركه و گوندی پیر ئه‌حمه‌د چاوم پێی كه‌وت، له‌وكاته هێزه‌كانمان له پێشڕه‌وی بوون بۆ تێكشكاندنی تیرۆریستان.
له هه‌موو شوێن و كاتێك ئه‌و پشتیوان و پارێزه‌رمان بوو
ئاماژه‌ی داوه، ئه‌گه‌ر به‌ر به پێشڕه‌وییه‌كانی داعش نه‌گیرابووایه، ئه‌وا هاوشێوه‌ی مووسڵ، سلێمانی و ههولێرشیان ده‌كرده وێرانه و كۆمه‌ڵكوژییان ئه‌نجام ده‌دا وه‌ك ئه‌وه‌ی له شنگال به‌سه‌ر خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌یان هێنا، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به پشتیوانی هاوپه‌یمانه‌كانمان توانیمان به‌ریان پێ بگرێن، بۆیه ئه‌و كاره‌ساته ڕووی نه‌دا، بۆیه به تایبه‌تی هاوكاریییهكانی كۆماری ئیسلامی ئێران هۆكار بوون بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و كاره‌ساته له ناوچه‌كه‌مان دوور بخه‌ینه‌وه.
له‌باره‌ی كه‌سایه‌تی قاسم سلێمانی، لیوا به‌ختیار فایق ده‌ڵێ، له‌وكاته‌ی كه له سه‌نگه‌ره‌كان بینیم، له ڕاستیدا ئه‌و فه‌رمانده‌یه‌كی زۆر بوێر و قاره‌مان و ئارام و له‌سه‌رخۆ بوو، به دڵنیاییه‌وه دوای "شه‌هیدبوونیشی" زیاترم له‌باره‌یه‌وه زانی و ئه‌و ڕۆڵی یه‌كجار گه‌وره‌ی ده‌گێڕا وه‌ك فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی قودس. فه‌رمانده قاسم سلێمانی، له هه‌موو شوێنه‌كان و هه‌موو كاته‌كانی شه‌ڕی داعش پارێزه‌ر و پشتیوانمان بوو، به تایبه‌ت له‌وكاتانه‌ی كه له ژێر فشاری زۆربووین، له ڕووی مه‌عنه‌وی و كۆمه‌كی چه‌كه‌وه زۆر یارمه‌تیده‌رمان بوو و خۆیشی سه‌ردانی سه‌نگه‌ره‌كانی كردین، له هه‌موو قۆناغه‌كان پشتیوانی سه‌ره‌كیمان بوو، ئه‌و كه‌سێكی ناوازه و ده‌گمه‌ن بوو، خوای لێ خۆش بێت.
ئه‌و فه‌رمانده سه‌ربازییه‌ی یه‌كێتی ئه‌و ناوچانه‌ی له 16ی ئۆكتۆبه‌ر به‌جێیان هێشت له دیداره‌كه‌ی به خاكی "خۆمان" ناو ده‌بات و دووپات له‌وه ده‌كاته‌وه كه له‌و شوێنه‌ی وێنه‌مان گرت، داعش هێرشی زۆری هێنا بوو و ده‌یه‌ویست وه‌كو سه‌دام خاكه‌كه‌مان داگیر بكاته‌وه و وێرانی ئه‌نجام بدات.
شه‌هید قاسم سلێمانی فه‌رمانده‌یه‌كی بوێر و قاره‌مان بوو
ئاژانسه ئێرانییه‌كه پرسیاری له‌باره‌ی چۆنیه‌تیی پێگه‌یشتنی هه‌واڵی "شه‌هیدبوونی" قاسم سلێمانی له لیوا به‌ختیار فایق پرسیوه و له‌وه‌ڵامدا ده‌ڵێ، هه‌واڵه‌كه‌م له ڕێی تۆڕه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی و میدیاكانه‌وه بیست، ئه‌و ڕووداوه به هیچ شێوه‌یه‌ك قبووڵكراو و پێشبینیكراو نه‌بوو له‌لایه‌ن ئێمه‌وه، چونكه ئه‌و له‌كاتی ته‌نگانه له‌گه‌ڵ ئێمه بوو، كورد گه‌لێكی به وه‌فان و ئه‌وانه له‌یاد ناكه‌ن كه له‌گه‌ڵمان كاریان كردووه، له ماوه‌ی چوار ساڵی شه‌ڕی دژ به داعش.
له به‌شێكی تر
ته‌سنیم ده‌پرسێ، ئه‌گه‌ر ده‌رفه‌ت هه‌بێ ڕسته‌یه‌ك به قاسم سلێمانی بڵێت، چی پێ ده‌ڵێیت؟ له وه‌ڵامدا یاریده‌ده‌ری فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی حه‌فتا ئاماژه‌ی داوه، "پێی ده‌ڵێم كه تیرۆریستانی داعش به هه‌وڵی ئێوه‌ی پایه‌به‌رز و هاوپه‌یمانه‌كانت له‌ناوچوون، زۆر سوپا كه پشتیوانمان بوویت و هاوڕێمان بوویت له‌و كاته‌دا.
ئه‌و لاواندنه‌وه و دیداره‌ی فه‌رمانده سه‌ربازییه‌كه‌ی یه‌كێتی له كاتێكدایه كه به گوێره‌ی پرۆتۆكۆلی سه‌ربازی له سوپا و هێزه‌كانی سه‌رجه‌م وڵاتانی دنیا، قسه‌كردنی فه‌رمانده‌یه‌كی سه‌ربازی وڵاتێك بۆ میدیایه‌كی بیانی و هه‌ڵوێست ده‌ربڕین له‌سه‌ر كه‌سایه‌تییه‌ك له دۆخێكی وه‌ك ئێسته، كه ئێران و ئه‌مه‌ریكا پێوه‌ندییه‌كانیان له‌وپه‌ڕی گرژیدایه، پێچه‌وانه‌ی هه‌موو پرۆتۆكۆل و ڕێوشوێنه سه‌ربازییه‌كانه.
ئه‌گه‌ر سیاسی و به‌رپرسه مه‌ده‌نییه‌كان بۆ سوودی سیاسی بۆیان ئاسایی بێ لێدوان و قسه‌یش له‌سه‌ر ڕووداوه‌كان بكه‌ن، به‌ڵام فه‌رمانده سه‌ربازییه‌كان به هه‌موو شێوه‌یه‌ك و به‌گوێره‌ی عورف و عاده‌تی سه‌ربازی قه‌ده‌غه‌یه لێدوان بده‌ن، به‌ناوی سوپا و وڵاتێكه‌وه قسه بكه‌ن، ئه‌م دیداری یاریده‌ده‌ری فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی حه‌فتای یه‌كێتیش ده‌چێته هه‌مان خانه‌وه و ئاخۆ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ڕێوشوێن دژی ئه‌و فه‌رمانده‌یه ده‌گرێته‌به‌ر، كه پێچه‌وانه‌ی ڕێسا و یاسای سه‌ربازی دیدار له‌گه‌ڵ میدیایه‌كی بیانی ئه‌نجام ده‌دا و شین و لاوانه‌وه بۆ مه‌رگی فه‌رمانده‌یه‌كی سه‌ربازی ئه‌و وڵاته ده‌كات؟