به‌ره‌ى رزگارى و گه‌شه‌پێدانى سوننه له عێراق راى گه‌یاند، به چه‌ند مه‌رجێك پاڵپشتى له محه‌مه‌د تۆفیق عه‌لاوى سه‌رۆك وه‌زیرانى راسێپردراوى عێراق ده‌كه‌ن.
ئوسامه نوجه‌یفى جێگرى سه‌رۆك كۆمارى پێشووى عێراق و سه‌رۆكى به‌ره‌ى رزگارى و گه‌شه‌پێدانى عێراق كه لایه‌نێكى سوننه‌یه، له راگه‌یاندراوێكدا هه‌ڵوێستى به‌ره‌كه‌ى له پشتگیریی حكوومه‌تى عه‌لاوى خستووه‌ته‌ڕوو.
ئوسامه نوجه‌یفى مه‌رجه‌كانى حزبه‌كه‌ى بۆ عه‌لاوى ئاشكرا ده‌كات
راگه‌یاندراوه‌كه ئه‌مڕۆ سێشه‌م 18ى شوبات بڵاوكراوه‌ته‌وه و تێیدا هاتووه، به‌ره‌ى رزگارى پاڵپشتى له عه‌لاوى ده‌كات و له په‌رله‌مان ده‌نگى پێ ده‌دات به‌ڵام به كۆمه‌ڵێك مه‌رج.
یه‌كێك له مه‌رجه‌كان ئه‌وه‌یه حكوومه‌ته‌كه سه‌ربه‌خۆ بێت و كار بۆ داواكارییه‌كانى خۆپێشانده‌ران بكات و به‌ره‌نگارى گه‌نده‌ڵى ببێته‌وه و سزاى ئه‌و كه‌سانه بدات كه ده‌ستیان له كوشتنى خۆپێشانده‌ران هه‌بووه.
له بڕگه‌یه‌كى تر‌ى راگه‌یاندراوه‌كه هاتووه، ده‌بێت حكوومه‌تى عه‌لاوى كار بۆ هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته بكات و نابێت ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌یش له ساڵێك زیاتر دوابخرێت.
جگه له‌م مه‌رجانه‌یش، به‌ره‌ى رزگارى ده‌ڵێ، ده‌بێت حكوومه‌ته‌كه دوور بێت له ره‌فتارى تایفه‌گه‌رى و حزبایه‌تى.
دواى ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ى عادل عه‌بدولمه‌هدى له‌ژێر گوشارى خۆپێشانده‌ران، محه‌مه‌د تۆفیق عه‌لاوى له یه‌كى ئه‌م مانگه له‌لایه‌ن سه‌رۆك كۆماره‌وه بۆ پێكهێنانى حكوومه‌تى نوێى عێراق راسپێدراوه.