شاندی هەرێم لەگەڵ عەلاوی كۆ دەبێتەوە

:: PM:05:13:18/02/2020 ‌

دوای ئەوەی بڕیار درا شاندێكی هەرێمی كوردستان بەمەبەستی گفتوگۆكردن لەبارەی پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق سەردانی بەغدا بكات، بەرپرسی نووسینگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا دەڵێت، سەردانی شاندی سیاسی هەرێم بۆ بەغدا بۆ كۆبوونەوەیە لەگەڵ محەمەد عەلاوی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكوومەتەكە.
حكوومەتێك ستەم لە كورد و سوننە بكات، شەرعی نییە و نوێنەرایەتی هەموو عێراق ناكات
ئەمڕۆ سێشەم فازڵ میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، لەگەڵ شاندێكی سیاسیی هەرێمی كوردستان دەچنە بەغدا و لەگەڵ لایەنە سوننە و شیعەكان كۆ دەبنەوە و داوكارییەكانی كورد تاوتوێ دەكەن و دووپاتی كردەوە كە كەس ناتوانێ لە بەغدا وەزیر بۆ لایەنە كوردستانییەكان دیار بكات، بەڵكو دەبێ خۆیان وەزیرەكان دیاری بكەن. 

فارس عیسا ئەمڕۆ سێشەم گوتی، بەشداریكردنی كورد لە حكوومەتی عێراق مافێكی دەستوورییە و ئەمڕۆ راگەندرا كە شاندێكی هێزە كوردستانییەكان سەردانی بەغدا دەكات بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ محەمەد عەلاوی لەبارەی میكانیزمی دیاریكردنی وەزیرانی كورد، پشكی كورد لە حكوومەتی پێشوو سێ وەزارەت بوو، ئێستەیش داوای ئەوە دەكەینەوە.

زیاتر گوتی، هەر حكوومەتێكی عێراق ستەم لە كورد و سوننە بكات، شەرعی نییە و نوێنەرایەتی هەموو عێراق ناكات و لەلایەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیشەوە رێزی لێ ناگیرێت، ئەو دۆخەی ئێستەی عێراق بەهۆی شكستهێنانی بەڕێوەبردنی سیاسییە و راستەوخۆ كورد لێی بەرپرس نییە، بێتوانایی لە پێشكەیشكردنی خزمەتگوزارییەكان لە پارێزگاكانی باشوور لەبری ئەوەی كێشەكە چارەسەر بكەن، دێن كورد سزا دەدەن و ئێمە ئەو شتە رەت دەكەینەوە.  

لای خۆیەوە حەسەن ئالی پەرلەمانتاری كورد لە بەغدا رای گەیاند، تا ئێستە وەك كورد لەگەڵ عەلاوی كۆ نەبووینەتەوە و ئەویش هیچ پێشنیازی بۆ كورد نەكردووە، سبەی چوارشەم شاندێكی هەموو هێزە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا دەكات بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ عەلاوی و تاوتوێكردنی پرسی پێكهێنانی كابینەی حكوومەتەكەی بەیەك هەڵوێست و ئەوان باسی پشكی كورد و پۆستەكانی لە حكوومەت دەكەن. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل