تاوتوێكردنی بودجەی 2020ی عێراق ململانێی گەورە بەخۆیەوە دەبینێت

:: PM:07:09:18/02/2020 ‌

دوای پێكهاتنی حكوومەتی نوێی عێراق یەكێك لە پرسە گرنگەكانی چاوەڕوانی دەكات دانان و رەوانەكردنی پڕۆژەیاسای بودجەی 2020 بۆ پەرلەمان كە بەهۆی خۆپێشاندانەكان و دەستلەكاركێشانەوەی حكوومەت لە وادەی خۆی دوا كەوت، پەرلەمانتارێك ئاماژە دەكات كە تاوتوێكردنی یاساكە بینە و بەردەی زۆری تێ دەكەوێت.
تێپەڕاندنی بودجە دەبێتە كارتێك بۆ یەكلاكردنەوەی چەند یاسایەكی تر
حوسێن عقابی ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ سێشەم گوتی، تێپەڕاندنی پڕۆژەیاسای بودجەی 2020ی عێراق بۆ كۆتایی مانگی نیسانی داهاتوو دوا دەكەوێت، ئەوە ئەگەر پێكهاتنی حكوومەتی نوێ بەسەرۆكایەتی محەمەد عەلاوی لە ماوەی ئەم مانگە كۆتایی پێ بێت.

زیاتر گوتی، ناكۆكی گەورە لەنێوان هێزە سیاسییەكان لەبارەی بودجەوە هەیە، بۆیە تاوتوێكردنی ململانێیەكی سەخت لەناو پەرلەمان بەخۆیەوە دەبینێت و دەبێتە مایەی سازشكردن و گوشاركردنە سەر یەك لەلایەن هێزە سیاسییەكانەوە، روونی كردەوە، هەندێك لە هێزەكان هەڵوێستی سیاسی دیاریكراویان هەیە و هەندێكی تریان بڕیاریان هەیە و دەیانەوێ تێپەڕی بكەن، بۆیە بۆ سازشكردن بە تێپەڕاندنی پڕۆژەكەی دەبەستنەوە.

لای خۆیەوە ئەحمەد كنانی پەرلەمانتاری شیعە دووپاتی كردەوە كە بودجەی بەهۆی ململانێی سیاسی و خۆپێشاندانەكان و دەستلەكاركێشانەوەی حكوومەت پەسند نەكراوە، بۆیە دوای پێكهاتنی حكوومەتی محەمەد عەلاوی ئەو پڕۆژەی بودجەی 2020 كە ئامادەكراوە، بەپێی بەرنامەی حكوومەتی داهاتوو دێتە گۆڕان.    





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل