كوردستان داوایەكی عێراقى بۆ كابینەكەی عەلاوی رەت كردەوە

:: AM:10:53:19/02/2020 ‌
ئەندامێكی شاندی هەرێمی كوردستان لە بەغدا رای دەگەیەنێت، داوای ئەوە كراوە كورد و سوننە لە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەت رێگر نەبن. ئێمەش پێمان گوتوون خۆمان پۆستەكانی خۆمان پڕ دەكەینەوە.

دوێنێ شاندێكی پێنج لایەنە سەرەكییەكەی هەرێمی كوردستان كە ”پارتی، یەكێتی، گۆڕان، یەكگرتوو و كۆمەڵ"ن بەرەو بەغدا بەڕێ كەوتن، بۆ ئێوارەكەی لە ماڵی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی عێراق لەسەر چۆنیەتی پێكهێنانی كابینەی نوێی عێراق کۆ بوونەوە.

كوردستان خۆی كەسەكان بۆ پۆستە وەزارییەكان دیاری دەكات و ناكرێ بەغدا دیارییان بكات

ئەمڕۆ چوارشەم 19ی شوبات، سەلیم شوشكەیی سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵ ئەندامی شاندەكە بە "وشە"ی راگەیاند، لە دوێنێوە گفتوگۆی چڕ و ڕژد لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی عێراق بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی عێراق كراوە.

شوشكەیی ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكانی خستەڕوو، بەشێوەیەكی گشتی داوای ئەوە كرا كە كورد و سوننە لەبەردەم پێكهێنانی كابینەی محەمەد تۆفیق عەلاوی ڕێگر نەبن و هاوكار بن.

محەمەد تۆفیق عەلاوی بڕیارە كاندیدانی پۆستە وەزارییەكانی حكوومەتەكەی بە كەسی بێلایەن پڕ بكاتەوە، چونكە ئەمە داواكاریی خۆپێشاندارەانە.

بەپێی بەركەوتەی هەڵبژاردن لە پێكهاتەی كابینەی نوێی حكوومەتی عێراق، پۆستەكان دابەش دەكرێنەوە و هەرێمی كوردستان چەندان پۆستێکی بەردەكەوێت و نایەوێ لەلایەن بەغداوە بۆی دیاری بكرێت.

ئەندامەكەی شاندی هەرێمی كوردستان لە بەغدا روونی كردەوە، ئەوە بە لایەنە سیاسییەكانی عێراق گوتراوە كە پشکی کورد زۆر لەوە زیاترە کە ئێستە پێی دراوە.

زیاتر گوتی، هەرێمی كوردستان خۆی كەسەكان بۆ پۆستە وەزارییەكان دیاری دەكات و ناكرێ بەغدا دیارییان بكات، لەبەرئەوەی سەركەوتوو نابێت. 



وشە - زریان تەها