لە جەنگی دووەمی جیهانیدا ورچێکی ئێرانی بووەتە قارەمانی نیشتمانیی پۆڵۆنیا

:: PM:02:50:19/02/2020 ‌

ساڵی 1944 كاتێك پۆڵۆنییەكان لە ئیتالیا دژی سوپای ئەڵمانیای نازی دەجەنگان، سەربازێكی زەبەلاح شانبەشانی پۆڵۆنییەكان جەنگا و دواجار نازناوی قارەمانی نیشتمانیی پۆڵۆنیای بەدەست هێنا. ئەو قارەمانە مرۆڤ نەبوو، بەڵكو ورچێكی قاوەیی بوو كە دوو ساڵ پێشتر پۆڵۆنیا لە ئێرانی كڕیبوو.

ورچەكە مەترێك و 80 سانتیمەتر بەرز و 220 كیلۆگرامیش كێشی بووە. بە زمانی پۆڵۆنی سەربازەكان ناوی "ویویتێك"یان لەو ورچە نابوو كە بە واتای جەنگاوەری خەندان دێت.

ساڵی 1942 رێك سێ ساڵ دوای دەستپێكردنی جەنگی دووەمی جیهانی، بەشێك لە سەربازانی پۆڵۆنی لەگەڵ بەریتانییەكان هاتنە ئێران. بەریتانییەكان و رووسەكان بەرەیەكی نوێی جەنگیان لە دژی ئەڵمانییەكان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كردبووەوە و لە ئەوروپاوە هاوپەیمانەكانی بەریتانیا سەربازیان بۆ بەرەكانی جەنگ دەنارد.

 سەربازەكانی پۆڵۆنیا بە كەمێك پارە و چوكلێت و چەقۆیەكی گیرفان و قوتوویەك گۆشت، كوودەڵە ورچێكیان لە مێرمنداڵێكی ئێران كڕی. ئەوان ورچە بچووكەكە لای خۆیان بەخێو دەكەن. رۆژانە شیر و خۆراكی پێ دەدەن و یاری لەگەڵدا دەكەن، دوای دوو ساڵ دەیبەنەوە ئەوروپا.

ئەو ورچە لەگەڵ سەربازەكان بەشدار دەبێت لە رووبەڕووبوونەوەی نازییەكان و رۆڵێكی زۆر كاریگەر دەبینێت، ئەمە وا دەكات مێژوو تۆمار بكات . رۆژنامەی "ئیشترن"ی ئەڵمانی راپۆرتێكی لەسەر مێژووی ورچەكە بڵاو كردووەتەوە كە "دۆیچەوێلە"ش راپۆرتەكەی گواستووەتەوە.

ورچەكە لەلایەن سەربازێك رادەهێنرا  كە تەمەنی 17 ساڵ بووە و راهێنانەكان گەیشتووەتە ئەو ئاستەی ورچەكە فێری سڵاوكردن و خواردنەوەی بیرە و تەنانەت جگەرەكێشانیش ببێت. چیرۆك و بەسەرهاتی زۆر لەسەر ئەو ورچە پشتاوپشت هاتووەتە گێڕانەوە و لەگەڵ ئەو خزمەتەی ورچەكە پێشكەشی سوپای پۆڵۆنیای كردووە، هەندێك جار بزێویشی كردووە. لە شەوێكی كریسمس ئەو ورچە تەواوی ئامادەكارییەكانی رێوڕەسمەكەی تێكداوە و چووەتە كۆگای خۆراك و چی خواردن و چەرەزات  و شیرینی بۆ شەوی كریسمس ئامادە كراوە، خواردوویەتی. كاتێك سەربازەكان ئەو دیمەنە دەبینن پێی ناڕەحەت دەبن، بەڵام دەتوان  چی لە ورچێك بكەن كە بەوە رانەهاتووە شەوی كریسمس چۆن چاوەڕوانی گەیشتنی كێك و شیرینی بكات.

لە گێڕانەوەیەكی تردا وا باس دەكرێ ورچەكە لە میحوەری شەڕی فەلەستین حەزی بە گەرمبوونی كەشوهەوا نەبووە، بۆیە بە نهێنی چووەتە ناو ئەو حەمامانەی بە خێوەت دروست كرابوون و تەنانەت فێری ئەوە بووە بەلووعەی ئاو بەرداتەوە و خۆی فێنك بكاتەوە. 

لەپڕ بڕیار دەدرێ سەربازە پۆڵۆنییەكان رەوانەی ئیتالیا بكرێن بۆ ئەوەی لەوێ رووبەڕووی نازییەكان ببنەوە، بەڵام رێساكان رێ نادەن ورچەكە لەگەڵ خۆیان بەرن. سەربازەكان بۆ ئەوەی ورچەكە بەشداری پێ بكەن هەموو هەوڵێك دەدەن و تەنانەت ناسنامەی سەربازیی و ژمارە خزمەت و پێداویستییەكانی تری بۆ دابین دەكەن.

ورچەكە بۆ یەكەم جار بە فەرمی لە جەنگی رۆمدا بەشداری دەكات كە لە 17ی كانوونی دووەمی ساڵی 1944 دەستی پێ كرد و تا 18ی ئایاری هەمان ساڵ بەردەوام بوو.

بۆ یەكەم جار ورچەكە كەوتە ژێر هێرش و هاوەنباران و تۆپخانەكانی دوژمن و سەرەتا هەڵوێستێكی ئەوتۆی بەرانبەر نازییەكان نەبوو و لە ترسدا سەردەكەوێتە سەر دارێك، بەڵام لەسەر دارەكەوە كاتێك دەبینێت سەربازەكان و هاوسەنگەرەكانی بە چ شێوەیەك بریندار دەكرێن و لە كاتی گەیاندنی چەك و تەقەمەنی بۆ تۆپهاوێژەكان دەبنە قوربانی، لە دارەكە دادەبەزێت و لە گەیاندنی فیشەك و هەڵگرتنی سندووقی تەقەمەنی یارمەتیی سەربازەكان دەدات.

بەم كارانەی ورچەكە ناوبانگ دەردەكات و سەربازەكان خولیای ورە و قارەمانیەتی ورچەكە دەبن و بە چیرۆك بۆ سەربازەكانی تر و فەرماندەكانی دەگێڕنەوە.

كارگەیەكی بەرهەمهێنانی بیرە هەر بە ناوی ئەو ورچە دامەزراوە
لە دوای تەواوبوونی جەنگ، ورچەكە بۆ باخچەی ئاژەڵان دەگوازرێتەوە و لە ساڵی 1963 دەمرێت. دواتر كۆمەڵیك چیرۆك و فیلم لەسەر ورچەكە بەرهەم دەهێنرێن و چەندان پەیكەریش بۆ رێزلێنان لە ورچەكە لە شوێنی جیاواز دروست دەكرێن. كارگەیەكی بەرهەمهێنانی بیرە هەر بە ناوی ئەو ورچە بەرهەم دەهێنرێت و یادی لە ناو خەڵكدا بەرز رادەگیرێت.

پێویستە بگوترێ جەنگی دووەمی جیهانیی لە ساڵی 1939 دەستی پێ كرد و لە ساڵی 1945 كۆتایی پێ هات. وڵاتە زلهێزەكانی ئەو سەردەمە لە دوو هاوپەیمانێتی جیاوازدا دژی یەكتر وەستان. چین، یەكێتی سۆڤیەت، ئەمەریكا، بەریتانیا، فڕەنسا سەركەوتنیان بەرانبەر ئەڵمانیا و ژاپۆن و هاوپەیمانەكانی بەدەست هێنا. هەر ئەو پێنج وڵاتەش بوون كە رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكانیان دامەزراند و بوون بە ئەندامی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایش. جەنگەكە نزیكەی 30 وڵاتی دنیای گرتەوە و بە هۆیەوە 70 تا 85 ملیۆن كەس گیانیان لە دەست دا، بەڵام ورچەكە بە سەلامەتی رزگاری بوو.




وشە - سلێمان تاشان