پۆمپیۆ: پێویستە بەغدا پابەند بێت بە پاراستنی باڵوێزخانە و بنكە سەربازییەكانمان

:: PM:05:39:19/02/2020 ‌

هاوكات لەگەڵ هەڕەشەی چەند میلیشیایاكی نزیك لە ئێران بە نزیكبوونەوەی تۆڵەسەندنەوە لە ئەمەریكا بەهۆی كوشتنی ئەبو مەهدی موهەندیس، هەڕەشە ژێربەژێرییەكانی ئەمەریكایش بۆ حكوومەتی عێراق بەردەوامە، مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا دووپاتی كردەوە كە عێراق پابەندە بە پاراستنی پاڵوێزخانە و بنكە سەربازییەكانیان.
نابێت ئێران و میلیشیاكانی لە عێراق ژیانی ئەمەریكییەكان بخەنە مەترسی
ئەمڕۆ چوارشەم پۆمپیۆ لەناو فڕۆكە لەكاتی گەشتێكیدا رای گەیاند، لەبارەی هێرشەكان بۆ سەر باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە عێراق كار لەگەڵ بەغدا دەكەین و پێویستە ئەوان بەرپرسیارەتی پارێزگاریكردن لە باڵوێزخانە و بنەكە سەربازییەكانمان بگرنە ئەستۆ كە زۆرجار ئەوەیان پێ نەكراوە، بۆیە ئێمە چاوەڕوانی تەنیا گرتنی ئەنجامدەران ناكەین، بەڵكو داوای لەوە زیاتر دەكەین.

زیاتر گوتی، پێشوەختە باسی ئەوە ناكەم كە وەڵامدانەوەی ئێمە بۆ هەر هێرشێك چی دەبێت، بەڵام باش دەزانین ئەو كارە ئاسایی نابێت كە ئێران و میلیشیاكانی لە عێراق ژیانی ئەمەریكییەكان بخەنە مەترسییەوە، ئەوە شتێكی ئاسایی نییە و نابێت رووبدات، لەكۆتاشدا پێویستە لێپرسینەوە لەو هێرشە مەترسیدارانە هەبێت.

پۆمپیۆ لەبارەی ئێرانەوە دووپاتی كردەوە كە ئێمە هەموو كات ئامادەین گفتوگۆ لەگەڵ تاران بكەین، بەڵام پێویستە سەرەتا ئەوان رەفتاریان بەتەواوەتی بگۆڕن، ئێمە سێ ساڵە داوای ئەوە دەكەین و 12 خاڵمان بۆ دیاری كردوون دەبێت ئەنجامی بدەن، ئەوان نابێت ببنە خاوەن بەرنامەیەكی ئەتۆمی و هەڕەشە لە دنیا بكەن، ناشبێت چلاكییەكانیان لەدەرەوەی سنوورەكانیان ئەنجام بدەن، هەروەها پێویستە بەرنامە مووشەكییەكەیان تەنیا بۆ بەرگریكردن لەخۆیان بێت و لەوە زیاتر نا، بۆیە ئەوكاتەی ئەوان ئامادەبن بۆ گفتوگۆ ئێمەیش ئامادەین و پەلەمان نییە و نیگەرانیش نین.  





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل