پێوەندییەكانی نێوان توركیا و رووسیا لە سووریا ئاڵۆزتر دەبێت

:: PM:06:14:19/02/2020 ‌

پێ دەچێت رووسیا بیەوێت دۆخی باكوری سووریا یەكلا بكاتەوە كە بەدەستی سوپای توركیا و گرووپە توندڕۆكانی سەر بە ئەنكەرەن، سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی رووسیا دووپاتی كردەوە كە گفتوگۆكانی نێوان رووسیا و توركیا لە مۆسكۆ لەبارەی ئیدلب نەگەیشتووەتە ئەنجامێكی دیار و ئەنكەرە بەرپرسە لە چارەسەر نەبوونی دۆخەكە.
رووسیا بەهەنگاو دەسەڵاتی توركیا لە سووریا كەم دەكاتەوە
لاڤرۆڤ دووپاتی كردەوە كە ئەنكەرە لە جێبەجێكردنی بڕگەكانی رێككەوتنی سووچی لە 2018 تایبەت بە جیاكردنەوەی نێوان ئۆپۆزسیۆن و گرووپە تیرۆریستییەكان و رووسیا شكستی هێناوە، چونكە لە ماوەی دووایی گرووپە تیرۆریستییەكان لە ئیدلب بۆردمانی بنكەی حمەیمیمی رووسی و سوپای سووریا و هاووڵاتیانیان كردووە و ئەوەی سووپای سووریا بە پاڵپشتی رووسیا دەیكات لەو ناوچەیە، وەڵامدانەوەی ئەوەیە و حكوومەتی سووریا دەیەوێ زەوی وڵاتەكە كۆنترۆڵ بكاتەوە. 

لەوكاتەی لاڤرۆڤ دووپاتی كردەوە كە ناكرێت قسە لەسەر گەڕانەوەی دۆخەكە بۆ پێش ساڵ و نیوێك بەر لە ئێستە بكرێت، رەجەب تەیب ئەردۆغان گوتی، گفتوگۆكانمان لە مۆسكۆ نەگەیشتوونەتە ئەنجام، بۆیە دەست پێكردنی ئۆپراسیۆنی سەربازی توركیا لە ئیدلب نزیك بووەتەوە و كتوپڕ دەست پێ دەكەین و رەنگە لەگەڵ ئەمەریكا لە ئیدلب هەماهەنگ بین و باوەڕم وایە كە مۆسكۆ وەڵامدانەوەی خراپی بۆ ئەو ئۆپراسیۆنە نابێت. 

لەوكاتەی ئەردۆغان داوا دەكات كە سەرۆكی رووسیا گوشار بخاتە سەر سوپای سووریا بۆ وەستاندنی پێشڕەوییەكانی لە ئیدلب و پاشەكشەكردن بۆ شوێنی پێشوویان تا كۆتایی ئەم مانگە، خەلووسی ئاكار وەزیری بەرگری توركیا دەڵێت، ئێمە لە سەنتەرەكانی چاودێری لە ئیدلب پاشەكشە ناكەین و ئەگەر بكرێینە ئامانجیش وەڵاممان دەبێت.

ئەمڕۆ میخایل بۆگدانۆڤ جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا رای گەیاند كە ئەگەری سازكردنی كۆبوونەوەیەكی لووتكەی سێقۆڵی بۆ لایەنەكانی بەشدار لە رێككەوتنی ئەستانا لە تاران لە سەرەتای ئازاری داهاتوو هەیە بۆ باسكردنی دۆخی سووریا و سازكردنیشی پێوەستە بە رەزامەندیی توركیا لەسەری.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل