مافی مرۆڤی عێراق: بازرگانیكردن بە مرۆڤ تا ئاستێكی مەترسیدار تەشەنەی كردووە

:: PM:06:45:19/02/2020 ‌

بەهۆی خراپیی دۆخی بژێوی و بوونی گەندەڵییەكی گەورەی دارایی و كارگێڕی و كۆنترۆڵكردنی باند و میلیشیاكان بەسەر كایەكانی ژیان لە عێراق، چەندان دیاردەی مەترسیدار سەری هەڵداوە لەوانە بازرگانیكردن بە مادەی هۆشبەر و مرۆڤ، كۆمسیۆنی باڵای مافی مرۆڤ وریایی لەو حاڵەتانە دەدات و داوا لە حكوومەت دەكات رووبەڕوویان ببێتەوە.
ئاسایشی كۆمەڵگەیی و مرۆیی عێراق لەمەترسیدایە
لە بەیاننامەیەكی كۆمسیۆنەكە كە ئەمڕۆ چوارشەم بڵاو كراوەتەوە، فازڵ غەڕاوی ئەندامی كۆمسیۆنی باڵای مافی مرۆڤی عێراق رای گەیاند، دیاردەی بازرگانیكردن بە مرۆڤ بووەتە تاوانێك و هەڕەشە لە ئاسایشی كۆمەڵگەیی و مرۆیی عێراق دەكات و مایەی نیگەرانی زۆرە، بەتایبەتی دوای جۆراوجۆربوونی تاوانەكە بۆ سوودوەرگرتنی سێكسی و بەزۆر كارپێكردن و كڕین و فرۆشتنی منداڵ و سواڵپێكردن و فرۆشتنی بەشەكانی لەشی مرۆڤ. 

زیاتر گوتی، لە ساڵانی 2018-2019 زیاتر لە 600 دۆسیەی تایبەت بە تاوانی بازرگانیكردن بە مرۆڤ لە عێراق بەپێی یاسای ژمارە 28ی ساڵی 2012 تۆمار كراوە، هاوكات سەرەڕای بوونی یاساكە و پێكهێنانی لیژنەیەكی باڵا بۆ نەهێشتنی بازرگانیكردن بە مرۆڤ، ئەوانە نەبوونە رێگر لە بڵاوبوونەوەی ئەو دیاردە و بووەتە تاوانێك هەڕەشە لە كۆمەڵگەی عێراق دەكات و پێویست بەوە دەكات حكوومەت و دامەزراوە تەناهییەكانی رووبەڕووی ببنەوە.




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل