كۆبوونەوەكانی شاندی سیاسی هەرێمی كوردستان لە بەغدا بەردەوامە و لە دیدارێكیان لەگەڵ نووری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، دووپات لە تێپەڕاندنی قۆناغی داخرانی سیاسی لە حكوومەتی محەمەد عەلاوی سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو دەكەنەوە.
پێویستە حكوومەتێك بێت نوێنەرایەتی هەموو گەلی عێراق بكات
دوێنێ شاندێكی هەرێمی كوردستان بەسەرۆكایەتی هۆشیار زێباری ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان و ئەندامیەتی هەموو هێزە سیاسییەكانی هەرێم كە نوێنەرایەتیان لە بەغدا هەیە، سەردانی بەغدایان كرد و لەگەڵ فراكسیۆنەكانی شیعە و سوننە لەبارەی پێكهێنانی حكوومەتی محەمەد عەلاوی كۆبوونەوە.
بەپێی
بەیاننامەیەكی نووسینگەی راگەیاندنی مالیكی، ئەمڕۆ چوارشەم سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا پێشوازی لە شاندی هێزە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان كرد و تاوتوێی پەرەسەندنەكانی دۆخی سیاسی عێراق و بەهێزكردنی پێوەندی و هاوكاریی نێوان هێزە سیاسییەكانیان كرد، هەروەها باسی گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكوومەتی محەمەد عەلاوی كرا.
لەو كۆبوونەوەیە هەردوولا دووپاتیان لە پێویستی پارێزگاریكردن لە پرەنسیپی سازانی سیاسی و كۆكیی لە قۆناغی فەرمانڕەوایی حكوومەتی كاتی كردەوە، وەك رێخۆشكردنێك بۆ سەقامگیركردنی زیاتری دۆخی سیاسی و كۆمەڵایەتیی عێراق، ئەوان هیوایان خواست حكوومەتێك بێتە دامەزراندن نوێنەرایەتی هەموو عێراقییەكان بكات و ئەو داخرانە سیاسییەی هەیە تێپەڕ بكات و بتوانێت خزمەتگوزاری و خواستەكان بۆ گەلی عێراق بێنێتە دی.